شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 6ی11ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن خۆشناو ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زنایان بەمەبەستی تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە رەوشی ئایینی و پیشەیی، دەڤەری گەرمیانیان بەسەر کردەوەو لەگەڵ ستافی لقی گەرمیان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.


سەرەتای دیدارەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی مامۆستایانی دەڤەری گەرمیان کرد بۆ ئەو خزمەت و رۆڵە گرنگەی لەبورای ئایینی و نیشتمانی پێشکەش دەکەن، هەروەها وەک یادو وەفا رۆڵ و خزمەتەکانی مەرحوم مامۆستا حەمەئەمین کەلاری و خانەوادەی بەرێزیان وەک لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بەرز نرخاندو ئاماژەی بەوە کرد، مامۆتسای رەحمەتی وەک سیبولێکی گەورەی ئەو دەڤەرە هەمیشە یادو خزمەت و هەڵوێستەکانی بە زیندوو دەمێننەوەو مایەی شانازی هەموو لایەکمانن.


دواتر لە کەشێکی ئارام و بە ئامادەیی ستافی لق و بەرپرسی ناوچەکان، بۆ رایی کردنی کارەکان و راپەراندنی ئەرکەکان، دوای تاوتوێ و راوێژو گفتوگۆکردن، بەرێز مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی وەک بەرپرسی نوێی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەست بەکار بوو.


بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن، داوای کرد بەرێزیان وەک بەرپرسی لق لە خزمەتی ئەرکە ئایینی و پیشەیی و نیشتمانیەکان و لە دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی دابێت و کاروبارەکانی لق بە رێکی جوانیەوە بەرێوە ببات.


لەلایەن خۆشیەوە مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری و، سوپاسی مامۆستایانی ئایینی بۆ بەخشینی متمانە، بەڵێنی دا بەو پەڕی دڵسۆزی و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی خزمەت بکات.


شایەنی باسە دوای وەفاتی مامۆستا مەلا حەمەئەمین کەلاری ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان، بە فەرمانی ژمارە 1102 لە بەرواری 14ی10ی2024  بەرێز مامۆستا مەلا سید موسی یحیی سلێمان لە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بووە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان، هەروەها لە کۆبوونەویە ئەمرۆی شاندی باڵای مەکتەبی تەنفیزی لەگەڵ ستافی لقی گەرمیان، بەرێز مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی وەک بەرپرسی نوێی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دیاری کرا.