دوێنێ 25ی11ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی و د.عومەر مرۆو د.دلشاد گەڵاڵی و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا مەلا محمد ئێنەیی ئەندامی ئەنجومەنی بالای فەتوا؛ پێشوازی لە بەرپرس و کارگێڕو بەرپرسی ناوچەکانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد.
سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی بەرپرسی لق بەناوی لقی گەرمیان خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و، ئاماژەی بەوەدا بەت پێویستمان زانی لە نزیکەوە وەک زانایانی گەرمیانی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی بکەین، بەتایبەتی بۆ پاڵپشتی بەردەوام و هاوخەمی و بەشداریان لە پرسەی مامۆستا مەلا حەمەئەمین کەلاری بەرپرسی لقی پێشووی گەرمیان، هەروەک بەڵێنی ئەوەشی دووپات کردەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتی زانایان و رەوشی ئایینی لە ناوچەکە.
دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان، سوپاسی شاندی لقی گەرمیانی کرد لەهەمبەر تەبایی و برایەتی و یەکهەڵوێستی و پەرۆشیان بۆ یەکێتی زانایان و پرسە پیشەیی و ئایینیەکان، هەروەها باسی لە رۆڵی زانایانی ئایینی لەبواری ئایینی و خزمەتی نیشتمان و پەرەپێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەها گرنگەکان و پەیامی میانڕەوی بەرز نرخاند، هەروەک پالپشتی مەکتەبی تەنفیزی بۆ هەر پرس و پێشهاتێک لە بەرژەوەندی گشتی و زانایان و رەوشی ئایینی دووپات کردەوەو هیوای سەرکەوتنی پتری بۆ خواستن.
دواتر بەشداربووان لە گفتوگۆیەکی کراوە باسیان لە چەند پرس و بابەتێکی تر کرد، کە پەیوەست بوون بە کاری مەلایەتی و پیشەیی لە ئەر ئاستی و ناوچەکەو کوردستان. |