دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات

رۆژی یەکشەممە، 1-12-2024، دیداری هزر و ڕامانی مستەفا زەڵمی لەلایەن کۆڕبەندی هزری ئیسلامیی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕۆشنبیری مستەفا زەڵمی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.


لەم دیدارە شاندجێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەر بەشداربوون، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و مامۆستای زانکۆو ئەکادیمی و کەسایەتی و حکومی و سیاسی و تێیدا بەشداربوون و ژمارەیەک وتارخوێندرانەوەو دوو پانێڵ لەسەر وێستگەی ژیان و کەسایەتی دکتۆر مستەفا زەڵمی و خزمەت و کۆشش زانستیەکانی بەرێوە چوون.


لەم دیدارە بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی گرنگی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە رۆڵ و کاریگەری و پێگەی دکتۆر مستەفا زەڵمی کردو بەرزی نرخاند.


هەر لە دیدارەکە وتاری شاندی زانایانی ئەزهەر لەلایەن بەرێز د.عباس شومان سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر خوێندرایەوە، هەروەها وتاری کۆڕبەندی هزری ئیسلامی لەلایەن بەرێز د.محمد شەریف و وتاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لایەن بەرێز د.پشتیوان سادق و وتاری یەکێتی زانایان لەلایەن د.عبدالله مەلا وەیسی و وتاری بنەماڵە لەلایەن مەسعود مستەفا زەڵمی خوێندرایەوە.


دەقی وتارەکەی بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم لینکە بخوێنەوە:


http://www.zanayan.org/t_detail.php?section=1&id=7763


 


گرنگترین وێستگەکانی ژیانی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی:


_دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵم، سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە‌.


- ساڵی 1934 چۆتە قوتابخانەی ئایینی‌ و لەسەردەستی مامۆستایانی پسپۆڕ‌ و شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراق‌ و ئێران زانستەكانی (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە.


مستەفا زەڵمی ئارەزویەکی زۆری خوێندنی هەبوو چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە ڕووبەڕووی زۆرترین نەهامەتی و سەختی ژیان بۆتەوە لە پێناو دەسکەوتنی زانست زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی بڕیوە لەسەرەتای تەمەنیدا، پاشان ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.


- ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیم)ی لەزانستە ئیسلامییەكان بەدەست هێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.


پاشان دەچێتە ناو سوپا و دەبێت بە ئیمامی سوپا و لە (جەلەولا ) جێگیر دەبێت، موستەفا زەڵمی، کاریگەری گەورەی هەبووە لە شۆڕشی 14ـی تەمموزی ساڵی 1958 و لەگەڵ ڕێخراوی ئەفسەرە ئازادیخوازەکاندا پەیوەندی دەبەستێت و چەندین ئەرکی گرنگی پێ دەسپێردریت لەگەل چەندین کوردی تری نیشتمانپەروەر لە پێناو بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کوردا تێ دەکۆشێت، پاش شکست هێنانی شۆڕش و هەڵگەرانەوەی سەرانی شۆڕش لەگەل میللەتی کورد، دکتۆر موستەفا زەڵمی پەیوەندی خۆی بەسەرانی شۆڕش دەپچڕینێت و زیاتر بایەخ دەدات بە زانستەکەی.


 هەرچەندە مستەفا زەڵمی ، مەلا بووە و شارەزای بواری شەریعەی ئیسلام بووە بەڵام هەمیشە ئارەزووی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتری هەبووە بۆیە بیر لە خوێندنی یاسا دەکاتەوە و هەرچەندە ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە و خاوەنی خیزان و منداڵ بووە لەو کاتەدا  و لەگەل سەختیی ژیاندا بەڵام کۆڵی نەداوە لە بەدەست هێنانی زانست و زانیاری و دەبیتەوە بە خوێندکاری زانکۆ و سەرئەنجام بە نمرەیەکی زۆر بەرز لە ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی بەدەست هێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد. هەروەها لەساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە بە دەست هێناوە لە زانكۆی بەغداد.


 هەر لە پێناو بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە وڵات جی بێلێت و خۆی خانەنشین بکات لە ئیمامیی سوپا کە موچەیەکی بەرزیشی هەبووە لەو کاتەدا. بەڵام هەمیشە زانستی بە گرنگتر زانیوە لە هەموو شتێک و دەچێتە میسر بۆ خوێندنی زیاتر و بە ژیانێکی زۆر سەخت خوێندن تەواو دەکات.


- ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر.


-ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا بەدەست هێناوە لە زانكۆی ئەزهەر‌.


- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری بەدەست هێناوە.


- ساڵی 2004 دكتۆرای لە یاسا بەدەست هێناوە لە زانكۆی بەغدا.


 دکتۆر زەڵمی یەکێکە لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەکانی کۆلێژەکانی یاسا لە زانکۆکانی عێراق وە لەسەردەمی مامۆستایەتیدا زۆرترین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە.


دکتۆر زەڵمی دەستێکی باڵای هەیە لە دانانی کتێبی مەنهەجی بۆ کۆلیژی یاساکان کە 4 کتێبی وەک مەنهەج دەخوێنرێت لە هەر چوار قۆناغەکەی کۆلێژی یاسا وە یەک کتێبی لە ماستەر و کتێبێکی تری لە دکتۆرا دەخوێنرێت، هەروەها کتێبەکانی لە زانکۆکانی عێراق و ئوردن و ئەندەنوسیا و یەمەن دەخوێندرێت.


- زیاتر لە پەنجا کتێبی هەیە لە بوارەكانی شەریعە ‌و یاسا‌و، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاسا‌و فەلسەفە‌و فیقه.


-سەرپەرشتیی زیاتر لە 100 نامە‌و تێزی دكتۆرا‌و ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفە‌و یاسا‌و شەریعە.


-بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوە‌و دەرەوەی عێراق.


- دکتۆر زەڵمی لێپرسراوی دەستەی زانستی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کوردستان بووە.


لە ماوەی ژیانیدا دکتۆر مستەفا لە پای کۆشش و توانای زانستی چەندین خەڵاتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.