شاندێکی زانایانی تورکیاو یەمەن و مەغریب لە ئەکادیمیای جیهانی زانایانی تەسەوف سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 15ی12ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی ئەمینی ئەنجومەنی باڵای فەتواو د.دلشاد گەڵاڵی و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی؛ پێشوازی لە شاندێکی زانایانی دەرەوە کرد کە لە وڵاتانی تورکیاو یەمەن و مەغریب بەسەردانێک هاتبوونەتە کوردستان.


شاندەکە پێکهاتبوو لە بەرێزان: دکتۆر محمد عجان سەرۆکی ئەکادیمیای جیهانی زانایانی زانایانی تەسەوف و، د.احمد محمد علی ئۆغلۆ موفتی جەتلجە- ئیستەنبوڵ و، د.عبدالفتاح سالح قودیش ئەلیافیعی نوسەرو بانگخوازی دیاری یەمەن و ئەندامی ئەکادیمیاو، د.عەلی ماء العینین نوێنەری ئەکادیمیای جیهانی زانایانی تەسەوف لە مەغریب و، د.احمد ئەلمەولا لە زانکۆی موسڵ و، مامۆستا حکمت ئەسعەدو، مامۆستا سعید محمد مستەفا لە دهۆک.


لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین، باسی لە رۆڵ و خزمەتی زانایانی کورد لە کوردستان و جیهانی ئیسلامی کردو چەند نمونەیەکی هێنایەوە، کە بە درێژایی مێژوو زانایانی کورد بە هەستێکی مرۆڤدۆستی و پەیامێکی میانڕەوی خزمەتیان پێشکەش کردووە، زۆر جاریش گەلی کورد بەدەستی رژێم و سیاسەتەکانی ئیقلیمی رووبەڕووی ستەم بۆتەوە، بەڵام هیچ کات کورد دینداری بۆ ستەم و هێڕش و هەڕەشە بەکار نەهێناوە، بگرە بەردەوام دەستی برایەتی درێژ کردووە. هەروەک لە بەشێکی تری قسەکانی باسی لە رەوشی ئایینی لە هەرێم و پێکەوەژیانی ئایینی و پەیامی وەسەتیەت و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی کردو ئاماژەی بە دەزگاو ناوەندە ئەکادیمیەکان لە گەشەپێدانی زانستی شەرعی دا، هەروەها باسی یەکخستنی فەتواو رۆڵی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان کرد.


دواتر موفتی ئەستەنبەوڵ و سەرۆکی ئەکادیمیای جیهانی زانایانی تەسەوف و ئەندامانی شاندەکە پەیامی خۆیان گەیاندو خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیان بۆ یەکێتی زانایان و پێشکەوتنەکانی هەرێم و رۆڵی زانایان دەربڕی، باسیان لەوە کرد وەک لایەنی پیشەیی و ناوەندی ئایینی خاڵی هاوبەشمان زۆرەو پێویستی بە لێک نزیکی و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەیە، ئەوان بە چاوی رێز لە هەوڵ و هەڵوێستەکانی زانایانی کورد لە رابردوو و ئێستا دەڕوانن و هەڵوێست و تێڕوانین و هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و زانایانی کوردیان لە بواری خزمەتی ئایینی و ئینسانی و جیهانی ئیسلامی بەلاوە جێی بایەخ و پێزانینە.


هەر لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆی تەواو لە سەر چەند پرسێکی تری هاوبەش و پەیوەست کرا، بەتایبەت لەرووی رێبازی عەقیدەیی و پایەندی بە مەزهەبی ئیمامی شافیعی و بایەخی پەیامی میانڕەو و زانستی تەسەوف، تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولا کرایەوەو دواتریش درعی رێزلێنان لە لایەن موفتی ئەستەنبۆڵ پێشکەش بە سەرۆکی یەکێتی زانایان کرا.