ئەمرۆ 17ی12ی2024 لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و فەتواو لقی هەولێری یەکێتی زانایان و، رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان و نوێنەری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و یاساناس و ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ؛ پانێڵێکی تایبەت بە پرسی رەشنوسی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بەرێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا هەر یەک لە بەرێزان د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و، خاتوو شۆخان حەمە رەشید سەرۆکی رێکخراوی هاریکاری ژنان و، خاتوو چرۆ لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و، بەرێز عقیدی پۆلیس ( سەفین طاهر محمدامین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەویە توندوتیژی خێزان و ئافرەتان وتاریان پێشکەش کردو باسیان لە پێویستی هەمواری یاساکەو گرنگی پاراستنی خێزان و کەمکردنەوەی ئاریشە کۆمەڵایەتیەکان کرد.
سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتارەکەیدا گوتی: ئیسلام بایەخێکی زۆری بە خێزان داوەو چەندین دەق ەن باسی گرنگی و پێگەو ئاسایشی خێزان دەکەن، بۆیە یەکێتی زانایان هەموو هەوڵێک بۆ باشکردنی رەوشی خێزان و نەهێشتنی ئاریشەکان و دەدات، هەبوونی یاسایەک بۆ کەمکردنەوەی گرفتە خێزانیەکان گرنگە بەڵام پێویستە یاساکە رەچاوی بنەمای ئایینی و واقعی کۆمەڵایەتی و نەریتی رەسەن بکات ، نەک بە ئاراستەیەکی نەگونجاو یاسایەک پێشنیار بکرێت و لەگەڵ واقع نەگونجێت، هەروەها گوتیشی: زۆر جار هەندێ دیاردەو نەریتی نارێک هەبووە زیانی بە ئافرەت گەیاندووە، کەسانێک بە نەزانی داویانەتە پاڵ ئیسلام، لە کاتێکدا ئیسلام قەت لەگەڵ توندوتیژی نیەو ئامانجی سەرەکی لە پێکهێنانی خێزان بریتیە مەوەدەو رەحمەیە نەک توندوتیژی و رق و یەکتر نەویستن.
پاشان بەرێز حاکم حاجی عزالدین بە وردی پرۆژەی رەشنووسی هەمواری یاساکەی بۆ ئامادەبووان شرۆڤە کردو کۆی ئەو بڕگەو مادانەی پێویستی بە هەموارە شیکردەوە.
لە دانیشتنی دووەمی پانێڵەکە بە وردی گفتوگۆو تاوتوێی بڕگە بە بڕگەی ماددەکانی رشنووسەکە کراو لە کۆی دانیشتنەکەش رای یەکێتی زانایانی ئایینی بە هەند وەرگیراو تێبینی و سەرنجی وردو پەیوەستیان لەسەر پرۆژەکە خستە روو. |