سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری دیداری دیالۆگی نەجەف دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات

ئەمرۆ 21ی12ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە شاری نەجەف بەشداری دیداری دیالۆگی (هەولێر- نەجەف)ی کرد، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوبەشیی ناوەندەکانی ''النبا، نارامسین و ریواق بەغداد'' دیدارێکى بە ناونیشانی (زنجیرە دیالۆگی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان: دووەمین دیداری نەجەف – هەولێر) لە شاری نەجەف، بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی دیاری عیراقی و کوردستانی لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندی نێوان کوردو پێکهاتەکانی تری عیراق بەتایبەت شیعەو زەمینەسازی پتری دیالۆگ و لێک نزیکبوونەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و دیاریکردنی چارەسەری گرفتە هەنوکەییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عیراق رێکخرا بوو.


لەم دیدارە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای دەستخۆش لە رێکخەرانی دیدارەکە، ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگدا کە پێویستە ناوەندو دامەزراوەی ئایینی لە عیراق لەبەرچاویان بگرێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە گوتی: ئێمە وەکو زانایانی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەرو لایەنێکی هاریکار بووین بۆ ئەوەی پەیوەندی خۆمان لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی باش بکەین و ئاستی پەیوەندیەکان کاریگەری لە بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و تێگەیشتنی دروست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە هەبێت لە عیراقدا.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: بەداخەوە زۆر جار هەست دەکەین مەرجەع و ناوەندە ئایینیەکانی عیراق دەکەونە نێو ململانی سیاسی و کەمتر رۆڵی خۆیان دەبینن، ئێمە دەمانەوێ ناوەندە ئایینیەکانی شیعە نەبنە بەشێک لە ململانێی سیاسی بەڵکو بەپێی تێڕوانینی ئایینی هەڵوێست لەسەر کورد بنوێنن و مافی نەتەوەیی کورد بە مافێکی شەرعی بزانن، چونکە هەمووان دەزانین کورد ستەمی زۆری لێ کراوە، تەنانەت چەندین کوردیان کوشتووەو لەناوبردووە، بەڵام مەرجەعیاتی ئایینی هەڵوێستیان نەبووە، هەمووانیش ئەوە دەزانین شاری کەرکوک دیمۆگرافیای گۆڕاوەو بە زۆر خەڵکێکی تر لەجێی کورد نیشتەجێ کراوە، لە لایەکی ترەوە ئێستا لەلایەن حکومەتی مەرکەزییەوە موچەی پتر لە سی مانگی هاوڵاتیانی هەرێم نەنێردراوە، باشە نابێ مەرجەعیاتی ئایینی رۆڵێکی لەمەدا ببینن و پەیامێک بدەنە ساسیەکان بەوەی ئەو جۆرە تەسەروفانە دروست نین و لە رووی شەرعیەوە لەجێ نین.


هەروەها گوتیشی: ئێمە وەکو زانایانی کورد قەت لە دژی کەس فەتوامان نەداوە، بەڵکو بەردەوام بۆ پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان و سەقامگیری وڵات و دەستەبەربوونی مافی هەموو لایەک هەماهەنگ و پشتیوان بووین، بۆیە گرنگە ئەم جۆرە دانیشتانە بە ئاراستەیەک لە ئاست خواستی هەموو پێکهاتەکان بڕۆن نەک تەنها رەچاوی بەرژەوەندی لایەنێک بکرێت و گەلی کورد پشتگوێ بخرێت.