رۆژی 23ی12ی2024 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیز یەکێتی زانایان؛ کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لە بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە چەند وێستگەو کارو چالاکیەکی رابردووی یەکێتی زانایان کردو دەستخۆشی ئاراستەی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و لقەکان کرد بۆ کۆی ئەو چالاکی و هەنگاوانەی لە ماوەی رابردوو ئەنجام دراون، تیشکی خستە سەر هاتنی شاندی گەورە زانایانی ئەزهەر کە جارێکی پەیوەندی نێوان زانایانی و کوردو ئەزهەری شەریفی پتەوکردەوەو لە ئایندەش دەبێتە دەروازەیەکی باشتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی پیشەیی و زانستی.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوە باس لە ئاستی پەیوەندی یەکێتی زانایان لەگەڵ دام و دەزگاو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراو تەئکید لەوە کرایەوە کە یەکێتی زانایان پاڵپشت و هەماهەنگی هەر کارو پرۆژەیەکە لە خزمەتی دین و ژینی گەلی کورد تەواو بێت، بە تایبەت لە رووی یاساکانی پەیوەست بە خێزان و باری کەسییەوە.
پاشان گفتوگۆ لە بارەی پرسی فەتواو کاروچالاکیەکان و بە بەرهەم گەیشتنی سەرجەم فەتواکان لە دوو بەرگی ناوازەو تایبەت کە یەکێک بوو لە ئامانجە ستراتیژییەکانی مەکتەبی تەنفیزی بتوانێ پرۆژەیەکی وا گەورە پێشکەش بە کوردستان و زانایانی ئایینی بکات، خۆشبەختانە کتێبی (فەتواکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا- لە ساڵانی 2010 تا کۆتایی 2024) چاپەکەی تەواو بووەوە بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیک کاری پێویست بۆ ناساندنی بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی و رێکخراوەیی و پەیوەست بە کاروباری لقەکان و پرسی تایبەت گفتوگۆی گرنگ و پێویستیان لێوە کراو تەئکیدی لەوە کرایەوە یەکێتی زانایان لەپێناو خزمەتی پەیامی ئیسلام و زانایانی بەرێزی ئایینی درێغی ناکات، هەر لە کۆبوونەوەکە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی قسەو سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر پرسەکان و دوا پێشهات و رووداو و کارو چالاکیەکان خستە ڕوو. |