مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە دکتۆر شێخ مادیح شێخ عوسمان سیراجەدین نەقشبەندی دەکات

ئەمرۆ 6ی2ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە؛ پێشوازی لە کەسایەتی دیاری کوردستان بەرێز دکتۆر شێخ مادیح شێخ عوسمان سیراجەدین کرد.


لە دانشتێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان و خۆشحألی دەربڕین، سەردانی بەرێزیانی بۆ مەکتەبی تەنفیزی بەرز نرخاندو ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت بەتایبەت بنەماڵەی شێخ عوسمان سیراجەدینی نەقشبەندی لە بایەخدان بە رێبازی شەریعەت و تەریقەت و بڵاوکردنەوەی دینداری و عیرفان و تەسەوف و پێکەوەگرێدانی هزری ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و میانڕەوی و راهێنانی خەڵک و کۆمەڵگە لەسەر تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی رۆڵەکان لەسەر رێچکەو رێبازی ئەدەب و پەروەردەی دەروونی و خۆ راهێنان لەسەر سلوک و رەوشتبەرزی کرد، هەروەک هاتنەوەی بەرێزیانی بۆ کوردستان وەک کەسایەتی دیاری بنەماڵەی خۆیان بە گرنگ وەسف کرد.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز شێخ مادیح شێخ عوسمان نەقشبەندی سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کردو ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی زانایان و شێخانی تەریقەت کرد لە خزمەتی دین و ژینی موسڵمانان و بڵاوکردنەوەی رۆحی مرۆڤدۆستی و تەبایی و بەرژەوەندی گشتی خەڵک و خاک، هەروەک ئاماژەی بەوەشدا کوردستان لە دێر زەمانەوە رێڕەوێکی تایبەتی هەبووە بۆ خزمەتی دین و تێگەیشتنی دینداری و پابەندی بە ئامۆژگاری زانایان، ئەم قۆناغەش وا دەخوازێ زیاتر بایەخ بەم رێبازە رەسەنەو قوڵکردنەوەی تەسەوف و عیرفان هەیە بۆ ئەوەی ئەو میراتە پارێزراو بێت، کە زانا چاکەکانمان بە ئەمانەتەوە رادەستی ئێمەیان کردووە.