پارێزگاری هەولێر: كەسمان ناچار نەكردوە بۆ سەرە ساڵ بازاڕ بڕازێنێتەوە

ماوەیەكە لەسەر هەندێك لاپەڕەكانی ئەنتەرنێت‌و، دەنگۆی دەرەوە ئەوە بڵاوكرایەوە، كە گوایە حكومەت بە رەسمی دوكاندارەكانی هەولێری ئاگادار كردۆتەوە، كە دەبێ‌ بەبۆنەی هاتنی سەرە ساڵی میلادی بازاڕەكان بڕازێننەوە، ئەوەش وەك ئەمرێكی ناچاری، كە ئەگەر هەر كەسێك ئەو كارە نەكات، ئەوا سزا دەدرێت، قسەكانیش زیاتر رووە‌و پارێزگاری هەولێر بوون.

بۆ روونكردنەوەی ئەم بابەتە بەڕێز (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی (زانایان)ی راگەیاند: ئەوە قسەیەكی هەڵبەستراوە، ئێمە كەسمان ناچار نەكردووە، كە ئەم كارە بكات، بەڵكو خەڵك بۆ خۆی ئازادە وەك سەرە ساڵی كۆچی، كە دوكان بڕازێنێتەوە یان نا، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە، ئێمە كەسمان ناچار نەكردووە، هەر كەسێكیش قسە بكات لەو بارەوە جگە لە بوختانێك هیچی دیكە نییە.