ئەمرۆ 21ی5ی2025 بە سەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی؛ کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین، سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقەکانی یەکێتی زانایان کرد.
دواتر تیشکی خستە سەر رەوشی ئێستاو دوا هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و چەند تەوەرێکی ناوخۆی یەکێتی زانایان و پرسی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت جوانتر بەرێوەبردنی کارەکان و خزمەتکردنی زانایان و دانانی بەرنامەی تێروتەسەل بۆ زیاتر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەیاندنی پەیامی میانرەوی و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پەروەردەیی.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوە باس لەچەند هەنگاوێکی پەیوەست بە بەرەو پێشبردنی ئاست و شێوەی کارکردنی لقەکان بەتایبەت یەکخستنەوەی تۆمارو ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ پتەوکردنی کاری رێکخراوەیی و پیشەیی كرا.
هەروەها باس لە دۆخی ئێستای وتاری هەینی و رۆڵی بۆردی وتار لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو پێویستی هەوڵی پتر بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو گەنج و لاوان و پاراستنیان لە مەترسی دیاردە باوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیریان بەتایبەت لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پێشهاتەکان و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەک تیشک خرایە سەر زەرورەتی بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و رۆحی و کارکردن لەسەر بەها ئیمانیەکان.
بابەتی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوەی و مەترسی ماددەی هۆشبەر یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی گفتوگۆی کۆبوونەوەی ئەمرۆ، هەروەک بە پێویست زانرا پشووی هاوینە بۆ گەنج و قوتابیان و منداڵان بکرێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ سوود وەرگرتن و بایەخدان بە خولەکانی هاوینەو وانەکانی ناو مزگەوت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئایینی.
لە تەوەرێکی تر باس لەوە کرا گرنگە مامۆستایانی ئایینی خۆیان لە بابەتی لاوەکی و ململانێ و سەنگەر لێک گرتن و تەرتەوازەیی بێنن و هەمووان خەمی گشتی و بەرپرسیارێتی پیشەیی و بەرژەوەندی دین و ژینی خەڵک بێت، بۆ ئەوەی ئەمنی فکری پارێزراو بێت و چیتر دووجەمسەری فکری و ئایدۆلۆژی نەبێتە هۆکاری ترازان و پەرتەوازەیی، هەروەک ئاماژە بە مەترسیەکانی ئەم بوارەش بۆ سەر ئایندەی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەروەها باس لە خزمەتی پتری خۆبەخشان و پێویستی بایەخپێدانیان کرایەوەو سەرۆکی یەکێتی زانایان رایگەیاند خزمەت و بەردەوامیان لە پیشەیی پیرۆزی مەلایەتی جێی رێزو تەقدیرەو پێویستە لەبەر چاو بێت.
هەورەک باس لەوەشکرا لەمیانی هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی توانراوە لەرێی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی بنێردێنە عومرەو ژمارەیەکیش وەک مورشیدی ئایینی لە پرۆسەی حەج بەشداریان کردووە.
شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستایانی بەشدار بوو وێڕای خستنەڕووی سەرنج و تێڕوانینەکانیان، چەند تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و کاری پیشەیی و زانایان و کاروباری ناوخۆیی و گەنگەشە کراو سەرکەوتووانە کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. |