شەوی قەدر شەوی قەدرە و لە زمانی خەڵكیش دا ھەر وای پێ دەڵێن. وشەی قەدر، قەدرگرتن، تەقدیر، بە قەدرایی، بە قەدەر، بە قەد، قەد و باڵا، قەدەر، و ... ئەوانە ھەمووی لە ڕیشە عەڕەبییەكەی قەدەر ـ ەوە وەرگیراون و لە عەینی حاڵ دا كوردیشن. كوردی ئەوەیە لە نێو كوردان دا ھەر لە بنیەوە گوترابێ. واتە لە گەڵ دروستبوونی كوردی وەك زمان لە نێو زمانەكە دا بووبێ.
كێ دەڵێ ئەو وشەیە لە دەرەوە ڕا ھاتووە؟ بەڵگە چیە؟ وەختێك خەڵك ھەر لە بنی ڕا وایان گوتووە چ دەلیلێك ھەیە كە وشەكە لە نێو زمانەكە ھەڵقەنین و بچین لە فارسی ڕا وشەیەكی نامۆی دەستكردی بۆ بدزین و لە جێی دانێین؟
كاتێك بە شەوی قەدر یان لەیلەتولقەدر( بە پێچەوانەی زار و زمانی خەڵكی كوردەواری) دەڵێن شەوی شكۆ، لێرە دا حەقە بپرسین ’ شكۆ’ یانی چی؟! شكۆ دزراوی فارسییە و لە وێ دا بۆ مەفھوومی عەزەمەت ئەو وشەیە بە كار ھێندراوە. عەسڵی وشەی شكۆ عەڕەبییە كە فارسەكان وەریانگرتووە و بە مانای شكوە واتە شكایەتە. خاوەن شكۆ ئەوەیە كە دەچی لە لای شكایەتێك تەقدیم دەكەی كە ئەوەش ھەر حاكم یان دەستەڵاتدارە.
ڕۆشنبیرە كوردەكان كە بە ئەسڵ و ڕەچەڵەك و ڕیشەی خۆیان ناڕازین بەربینگیان بە زمانی خۆیان گرتووە و ئەوەی باب و باپیرانمان گوتوویانە دەیفەوتێنن و لە جیاتی ئەوە خۆیان زمان دادەتاشن. لەوە دا دەستەوداوێنی زمانی فارسی بوون و ڕۆژ نیە سەری وشەیەكی كوردی نەبڕن و یەكی فارسی دە جێی نەئاخنن.
" شەوڕەو" میعڕاج نیە!
ڕەخنەیەكی دیكەی كە من ھەمبوو سەبارەت بە وشەی شهوڕهو بوو كە لە جێی میعڕاج داندرابوو. شەوڕەو یانی ئەوە كە لە شەو دا بڕۆی. ھەموو كەس لە شەو دا دەڕوا و ھەر كەسە بۆ شوێنێك دەڕوا و بە مەقسەدێك، بێ ئەوەی وشەكە لایەنی دینی و قەداسەتی ھەبێ. میعڕاج تایبەتییە و كوردیشە، چونكە كوردی بوون بەو مانایە نیە كە حەتمەن غەیرەعەڕەبی بێ. زمانی كوردی ئەوەیە كە كوردەكان قسەیان پێ كردووە. كورد بە سەفەری عاسمانی رسول اللە ی گوتووە میعڕاج. ئێمە بەڵگە و سەنەد و ئەسەرێكی وامان نیە كە لە ڕووی عیلمی تەجروبییەوە ئیسباتی بكا پیش وشەی ’ میعڕاج’ كورد بە میعڕاجی گوتووە چی.
ئەوە كە وشەی زار و زمانی خەڵك تێك بدەی و بزری بكەی بە ناوی ئەوە كە كوردیی ڕەسەن دێنیە گۆڕێ، لە خۆی دا فەوتاندنی زمانی كوردیی ئەسڵە. چونكە لەو حاڵەتانە دا نووسەر و ڕۆشنبیرانی بەڕێز كوردییە عەسڵەكە كە ئی خەڵكە دەشارنەوە و لە خۆیانەوە وشە دادەتاشن. مەسەلەن كورد دەڵێ سەبری ئەییوب. ڕۆشنبیر پێی وایە كوردایەتی دەكا ئەگەر لە جیاتی سەبر بنووسێ " ئارامگیری". لە حەیاتی كورد دا ھیچ كەسێك بە مەفھوومی ’ سەبر’ی نەگوتووە ئارامگیری. كەوابوو ڕۆشنبیر لێرە دا وشە دادەتاشێ، نەك ئەوە كە كوردیی ڕەسەن بنووسێ. وشەیەكی عەسڵی عەڕەبی دەتوانێ لە عەینی حاڵ دا عەسڵی كوردیش بێ.
ڕاكردن لە دەست زمانی خەڵك و پەنا بردن بۆ فارسی بۆتە بەڵایەك بۆ سەر زمانەكەمان. وەك گوتم ئەوە كوردی دۆزینەوە نیە، بەڵكو كوردی ون كردنە و زمانی خەڵك فەوتاندنە. جا كە زمانی خەڵك فەوتا ئیدی چ سوودێكی ھەیە كە ڕۆشنبیران زمانێك لە خۆیانەوە داتاشن یان لە فارسییەوە بیھێنن؟ |