مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی بیرۆكه‌كه‌ی منی دزیوه‌و كردوویه‌تی به‌ پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی

دیاره‌ جاری یه‌كه‌م و دووه‌می نیه‌ ، كه‌ هه‌ندێك له‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی بیرۆكه‌ی مامۆستایانی ئاینی ده‌دزن و ده‌یكه‌ن به‌ پڕۆژه‌و به‌ ناوی خۆیان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌م جاره‌شیان شێره‌كه‌ی مه‌یدانی شه‌وه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كۆنه‌ ووته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوبراو و، كۆنه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی خه‌بات، بیرۆكه‌یێكی به‌ مولكی خۆی ده‌زانێت و، له‌ڕقی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ وته‌بێژی لایان داوه‌، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كات، كه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی یه‌.
شایه‌نی باسه‌ من له‌ به‌هاری 2010 به‌نیازبووم له‌ ڕێگای لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌م سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، له‌به‌ر هه‌بوونی ده‌زگایێكی مه‌عنی به‌هێز كه‌ ئه‌ویش یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانه‌، نه‌ك له‌به‌ر لاوازی و كزی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، وه‌ گواستنه‌وه‌ی میلاكی مامۆستایانی ئاینی بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تی داد‌و، گواستنه‌وه‌ی كارمه‌نده‌كانی تر بۆ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

وه‌ یه‌كێتی زانایان ببێته‌ تاكه‌ ده‌زگایێكی فه‌رمی كه‌ به‌ده‌م كارو كێشه‌و گرفته‌ ئاینیه‌كانه‌وه‌ بچێت و به‌هاوكاری ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ریان بكات، واته‌ به‌و مانایه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خۆی ببینێته‌وه‌ له‌ ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌ڵام له‌دوای ڕاوێژیكی زۆرم له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆڕان كه‌ پێیان وابوو كارێكی باش و په‌سه‌ند نیه‌، من خۆم له‌ بیرۆكه‌كه‌م‌و پڕۆژه‌كه‌م كێشایه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر به‌نیازبوونم بۆ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كه‌م من لای زۆر خه‌ڵك دركاندبووم و باسی كردبوو، به‌تایبه‌تی له‌لای هه‌ندێك ئه‌ندامانی یه‌كێتی زانایان و، كارمه‌ندامانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، بۆیه‌ من به‌كاك مه‌ریوان ده‌ڵێم: به‌ردی گه‌وره‌ نیشانه‌ی لێنه‌دانه‌.

تێبینی:
هه‌ردوو بیرۆكه‌كان ته‌عبیر له‌ رای شه‌خسی خۆیان ده‌كه‌ن‌و، سایتی زانایان وه‌ك مافێكی سروشتی مامۆستا مه‌لا سه‌ید سدیق بڵاوده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتی زانایان پشتگیری ته‌واو له‌ هه‌ر پێشڤه‌چوونێك له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئایینی‌و چاكتركردنی ژیان‌و گوزره‌رانی زانایانی ئایینی ده‌كات، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ناكاته‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌‌و، به‌ تووندیش به‌دیله‌ پێشنیازكراوه‌كان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌. (ماڵپه‌ڕی زانایان).