خۆزیا ئێمه‌ی كوردیش لێژنه‌ فه‌توایه‌كی به‌ هێز و یه‌ك ده‌نگمان هه‌بوایه‌

ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ مێژووی فه‌توا بده‌ینه‌وه‌,له‌ زه‌مانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (د.خ) تا ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌ زانایانی فه‌توا هه‌میشه‌ رێبه‌رو پێشه‌نگ بوونه‌ بۆ گه‌له‌كه‌یان وه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی پڕشه‌نگدار دره‌وشاونه‌ته‌وه‌, وه‌ له‌ هه‌موو چه‌رخه‌كان خه‌ڵك بۆ كێشه‌ سه‌رده‌میه‌كانی خۆیان په‌نایان بردۆته‌ به‌ر ئه‌و زانا به‌رزو ناودارانه‌ی, كه‌ توانای ڕابه‌ری ڕێنومایی خه‌ڵكیان هه‌بوه‌ بۆ ڕێگاو ڕایی ڕاست و دروست.
دیاره‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ش له‌ به‌ینی ئه‌م دوو چینه‌ی فه‌توا ده‌رو فه‌توا وه‌رگر له‌ قوڕئان‌و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ به‌پێی ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌ موسڵمان دابه‌ش ده‌بن به‌ دوو چین:

1- چینی فه‌توا وه‌رگر = پرسیاركار
2-چینی فه‌تواده‌ر = وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌

واته‌ چینی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و شتانه‌ی نایانزانێت پێویسته‌ پرسیار له‌ زانایان بكات,وه‌ زانایانیش پێویسته‌ له‌ سه‌ریان وڵامیان بده‌نه‌وه‌ و رێنوماییان بكه‌ن, وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ], هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كاتی (مه‌عازی كوری جه‌به‌ل) ی نارده‌ یه‌مه‌ن پێی فه‌رموو: [ كيف تقضي إذا عرض للك قضا‌و؟ قال : أقضي بكتاب الله ,قال: فإن لم تجد في كتاب الله ,قال: فبسنة رسول الله , قال: فإن لم تجد في سنة رسول الله ؟قال: أجتهد رأي ولا الو أي لا أقصر] .
جا به‌پێی ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌رگای ئیجتهاد یا فه‌توادان له‌ هه‌موو چه‌رخ‌و زه‌مان‌و شوێنیكدا ده‌رگای فه‌توا داناخرێت وه‌ له‌م چه‌رخه‌شدا ده‌بینین ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌رمان‌و وڵاتانی ئیسلامی هه‌ریه‌ك له‌م ده‌وڵه‌تانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌توایان هه‌یه‌, وه‌ك (مجمع الفقه‌ الاسلامی)‌و (دار الافتاْ المصری)‌و چه‌نده‌های تریش.

كه‌موسڵمانانی ئه‌م وڵاتانه‌ بۆ ڕودا‌وو كێشه‌ سه‌رده‌میه‌كان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌م مه‌رجعه‌ فه‌توایانه‌,بێگومان ئه‌م سه‌رچاوه‌ فه‌توایانه‌ش به‌ جوهدو خۆماندوكردن‌و به‌ دواداچون له‌ ژێر تیشكی ((ئه‌دیله‌ شه‌رعیه‌كان)) كێشه‌ سه‌رده‌میه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن, دیاره‌ له‌ كوردستانی خۆشمان لیژنه‌ی باڵای فه‌توای دامه‌زرا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ فه‌توا فه‌رعیه‌كان.


وه‌ له‌ماوه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێستا خزمه‌تێكی زۆری به‌ گه‌ل‌و نیشتمانی خۆی كردوه‌ به‌سه‌دان كێشه‌ی تاك‌و خێزان‌و هۆز‌و كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر كردوه‌, چه‌نده‌ها بڕیاری گرینگی جۆراوجۆری ده‌ركردوه‌, كه‌په‌یوه‌ندداربو‌وه‌ به‌ كێشه‌ هاوچه‌رخه‌كان به‌ڵام بێ گومان لیژنه‌ی فه‌توای كوردستان به‌ده‌رنیه‌ له‌ كه‌م‌وكوڕی‌و بێ هێزی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ لاوازیه‌كه‌ی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌, كه‌ بڕیاره‌كانی له‌ هه‌ندێ مینبه‌ر‌و ڕاگه‌یاندنه‌كان ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌‌و بڕیاری پێچه‌وانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌وترێت.


له‌وه‌ش ناخۆشتر‌و ترسناكتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ جار بڕیار له‌ لیژنه‌ی باڵای فه‌توا ده‌رده‌چێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاوڵاتیان به‌ڵام له‌ لیژنه‌ فه‌رعیه‌كان, كه‌ سه‌ر به‌ لیژنه‌ی باڵای فه‌توان پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ ناكات به‌ڵكو هه‌ندێ جار, كه‌ پرسیاریان لێ بكرێت ده‌رباره‌ی فه‌تواكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌تواكه‌ وڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌وه‌ش ناخۆشتر خودی ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ی باڵای فه‌توا هه‌ندێ جار كۆك نین له‌ سه‌ر ده‌ركردنی فه‌توایه‌كی یه‌ك ده‌نگ, كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی داخه‌ چونكه‌ ئه‌م ناكۆكیه‌ی لیژنه‌ی فه‌توا ده‌بێته‌ هۆی د‌ووبه‌ره‌كی‌و سه‌ر لێشێوانی كۆمه‌ڵگا. كه‌ نازانن فه‌توای ڕاست چۆن‌و له‌ كێی وه‌ربگرن,

یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان بۆ ڕێكخستنی لیژنه‌ فه‌توایێكی به‌هێز‌و كۆك‌و كارامه‌ پێویسته‌ ئه‌م چه‌ند هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ بنێت:

1_ كاركردن‌و ئیشكردن له‌ سه‌ر ته‌واوی مه‌زهه‌به‌كانی ئیسلامی سوننی, واته‌ به‌ر فراوانكردنی سنوری فه‌توادان له‌ ژێر ئه‌دیله‌ شه‌رعیه‌كان.

2_ كاركردن له‌سه‌ر ڕه‌ئی هه‌ندێ له‌ زانایانی ناوداری ئیسلامی بۆ كاتی پێویست و ناچاری.

3_ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وام له‌ گه‌ڵ زانایانی ئسلامی جیهان به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (مجمع الاسلامی) له‌ جده‌, وه‌ (دار الافتاْ المصری) وه‌ ئاگاداربو‌ون له‌سه‌ر ده‌رچوونی فه‌تواو بڕیاره‌كانیان به‌تایبه‌ت ئه‌و فه‌توایانه‌ی, كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ كێشه‌ هاوچه‌رخه‌كان.

4_ پێكهاته‌ی لیژنه‌ی باڵای فه‌توا له‌م دوو باڵه‌ی خواره‌وه‌ :
یه‌كه‌م..هه‌ندی زانای ته‌مه‌ندارو به‌ئه‌زمون‌و شاره‌زا له‌ فیقهی ئیسلامی هه‌روه‌ها شاره‌زا له‌ داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری.

دووه‌م.. چه‌ند كه‌سانی خاوه‌ن شه‌هاده‌ی دكتورا له‌ شه‌ریعه‌‌و بابه‌ته‌كانی فیقهی ئیسلامی وه‌ شاره‌زا له‌ ئه‌نته‌رنێت و ئاگاداری ڕۆژانه‌ له‌ كێشه‌و ڕوداوه‌كانی جیهانی ئیسلامی‌و بڕیاره‌ گرینگه‌كانی زانایانی ئیسلامی .


5_ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێ دژ به‌ بڕیاری لیژنه‌ی باڵای فه‌توا بڕیاری پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر یا له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌ .
له‌ كۆتاییدا داواكارم له‌ خوای په‌روه‌ردگار ئێمه‌ی كوردیش ببینه‌ خاوه‌ن فه‌توایه‌كی كۆك و یه‌ك ده‌نگ‌و به‌ هێزو كارامه‌.