نێرده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا: یه‌ك له‌ كاره‌باشه‌كانتان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ یاساكانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئایین ناكۆك نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ واقیع جێبه‌جێ‌ بكرێن

رۆژی (12/1/2011) شاندێكی نێرده‌ی ئه‌وروپا نووسینگه‌ی هه‌ولێر سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ڕێز تۆماس سیڤن سه‌رۆكی نووسینگه‌ سوپاسی یه‌كێتی زانایانیان كرد، بۆ به‌شداریكردن‌و رۆڵی گرنگیان له‌ هه‌مبه‌ر پرسی ئافره‌تان، به‌تایبه‌تی له‌ دوا سمینار به‌ گرنگیه‌وه‌ پشكداریان كرد، هه‌روه‌ها جه‌غتی له‌ رۆڵی زانایان كرده‌وه‌، له‌ بواری كۆمه‌لایه‌تی‌و ئایینی‌و لابردنی دژی له‌ نێوان یاسا‌و ئایین بۆ ئه‌وه‌ی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان واقیعیانه‌ ده‌ربچن، بۆیه‌ یه‌ك له‌ كاره‌باشه‌كانتان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ یاساكانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئایین ناكۆك نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ واقیع جێبه‌جێ‌ بكرێن چاكتریش كاریان له‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ داوامان ئه‌وه‌یه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكان هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان هه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ زانایانی ئایینی رۆڵێكی كارا‌و كاریگه‌ریان له‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان به‌ گشتی‌و له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌یه‌.

مه‌لا عه‌بدولا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی، هه‌موو پتشوانی‌و هاوكاریه‌كی یه‌كێتی زانایانی ده‌ربڕی بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ر پرسێك، كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگا‌و گه‌له‌كه‌مان بكات، ئینجا پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كاره‌كانی یه‌كێتی زانایان ده‌ربڕی‌و، رایگه‌یاند: یه‌كێتی زانایان هه‌ڵقوڵاوی ناخی جه‌ماوه‌ره‌، بۆیه‌ ئاماده‌ین هه‌موو كارێك بكه‌ین، كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان بكات، نه‌خاسمه‌ پرسه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و، بره‌ودان به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و، پرسه‌كانی ئافره‌تان، ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ رێكخراوێكی سیاسی نین، به‌ڵام بۆ هێنانه‌دی خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان پشتیوانی له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین‌و، خۆمان به‌شێكین له‌و وڵاته‌‌و هه‌موو كارێكی دروست ده‌كه‌ین، بۆ خزمه‌تی زیاتر به‌ گه‌ل‌و وڵاته‌كه‌مان.

له‌ كۆتاییدا هه‌ردولا كۆك بوون له‌ داهاتوودا باشترین هه‌ماهه‌نگی‌و هاوكاری هه‌بێت.