زیاتر له‌ (26) زاناو بانگخوازی ئیسلامیی له‌ كوردستان و جیهانی ئیسلامیی له‌ ساڵی 2010 كۆچی دواییان كردووه‌!

ئاماده‌كردنی: سایتی ده‌نگی ئیسلام

بسم الله الرحمن الرحیم
«موت العالم ثلمة من الإسلام لايسدها شئ ما اختلف الليل والنهار» (حسن البصري)..

واته‌ مردنی زانا قڵیشێكه‌ له‌ ئیسلام, ئه‌م قڵیشه‌ش پڕ نابێته‌وه‌ تا شه‌وو ڕۆژ له‌ یه‌ك جیا بن!
له‌ به‌دواداچوونێكی سایتی ده‌نگی ئیسلام و ئیسلام ئۆنلاین سه‌باره‌ت به‌ كۆچی دوایی كردنی زاناو بانگخوازانی ئیسلامیی له‌ ماوه‌ی ساڵی 2010 ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌وا زیاتر له‌ (26) زاناو بانگخوازی ئیسلامیی له‌ كوردستان و جیهانی ئیسلامیی كۆچی دوایییان كردووه‌.

له‌وانه‌:
(1) مامۆستا ئیبڕاهیم عوسمان عه‌بدولعه‌زیز:
مامۆستای پابه‌رزو شاره‌زا له‌ بواره‌ زانستییه‌كان مامۆستا ئیبڕاهیم عوسمان كوڕه‌ گه‌وره‌ی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز له‌ 8/4/2010 كۆچی دوایی كرد.
مامۆستای ڕه‌حمه‌تی ته‌مه‌نێك له‌ خزمه‌تی ئیسلام و بانگه‌وازكردن تێكۆشاوه‌.. به‌ تایبه‌ت له‌ بواری زانسته‌كانه‌وه‌ چاڵاكوانێكی به‌رچاوی ڕابوونی ئیسلامیی بووه‌.. جگه‌ له‌وه‌ خه‌تیب و وتاربێژێكی به‌تواناو به‌رچاوو قسه‌زان بووه‌، جگه‌ له‌ مه‌یدانی زانسته‌ شه‌رعی و فیقهییه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ كه‌ڵه‌پیاوێكی جیهادو سه‌نگه‌ری مه‌ردایه‌تیی بووه‌، وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشه‌نگانی پارتیزانانی ئیسلامی و له‌ شاخه‌كانی كوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان خاوه‌ن گورزی كاریگه‌ر بووه‌ له‌ ڕژێمی به‌عس..
خوا لێخۆش بێت دوێنێ‌ له‌ له‌ 8/4/2010 له‌ ته‌مه‌نی 62 ساڵی كۆچی دوایی كردو له‌ گۆڕستانی گوڵان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ خاك سپێردرا.

(2) زانای ئایینی ناوداری ناوچه‌كه‌ مامۆستا مه‌لا ئیبراهیم شێخاوده‌لی كۆچی:
دوای وه‌فاتی مامۆستا ئیبڕاهیم عوسمان عه‌بدولعه‌زیز به‌ سێ مانگ سه‌ر له‌به‌یانی 9/7/2010 زانای ئاینی ناوداری ده‌ڤه‌ری سۆران مامۆستا ئیبراهیم ڕه‌سول ئیبراهیم ناسراو به‌ مه‌لا ئیبراهیم شێخاوده‌لی له‌ته‌مه‌نی 71 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن كۆچی دوایی كرد.
مه‌لا ئیبڕاهیم شیخاوده‌لی له‌ ساڵی 1939 له ‌شێخاوده‌لان له‌دایك بووه‌و خوێندنی مه‌لایه‌تی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی خوێندووه‌ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی له‌گوندی روستێی سه‌ر به ‌ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی وه‌رگرتووه.‌
مامۆستای ناوبراو له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و سۆران مه‌لایه‌تی كردووه‌ و كه‌سه‌یاتیه‌كی ناوداری ده‌ڤه‌ره‌كه‌بووه‌.

(3) مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌د هۆرێنی:
دوای وه‌فاتی مامۆستا مه‌لا ئیبڕاهیم شێخاوده‌لی به‌ چوار رۆژ زانای ئایینی ناسراوی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و شاره‌زوور، مامۆستا مه‌لا (محه‌مه‌د هۆرێنی) كۆچی دوایی كرد.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌ 13/7/2010 مه‌لا محه‌مه‌د هۆرێنی كه‌ زانایه‌كی ناسراوی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و گه‌رمیان بوو‌ كۆچی دوایی كرد.
مامۆستا (موحه‌ممه‌د موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج) ساڵی (1949) له‌ گوندی هۆرێن له‌ دایك بووه‌، دوای ته‌واوكردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی كۆلێژی ئیمام ئه‌عزه‌می ته‌واو كردووه‌، بانگخوازێكی ناسراوی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌‌و شاره‌زوور‌و گه‌رمیانه‌، ده‌یان كه‌س له‌سه‌رده‌ستی ئه‌و په‌روه‌رده‌ بوون، رۆڵێكی مه‌زنی هه‌بوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازی ئیسلامی‌و وشیاركردنه‌وه‌ی لاوان‌و موسڵمانان له‌ دینداری‌و په‌روه‌رده‌‌و پێگه‌یاندن، ساڵی (1992) بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، بۆ ماوه‌ی (5) ساڵ بوو به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌سه‌ر جێگا كه‌وتبوو، به‌ر له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی ده‌ستی داوه‌ته‌ خوێندن‌و قوتابی ماسته‌ر بوو به‌ڵام نه‌خۆشی رێگه‌ی نه‌دا خوێندن ته‌واو بكات ‌و له‌ 13/7/2010 كۆچی دوایی كرد.

(4) زانا و كه‌سایه‌تی ئیسلامی، مامۆستا عومه‌ری خدران:
دوای 12 ڕۆژ له‌ كۆچی دوایی كردنی مه‌لا موحه‌مه‌د هۆڕینی زاناو كه‌سایه‌تی ئیسلامیی ناوداری سنووری پشتده‌ر مامۆستا عومه‌ری خدران دوای ساڵێك له‌ ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 25/7/2010 له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری چوارقوڕنه‌ له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
مامۆستا مه‌لا عومه‌ری خدران زاناو كه‌سایه‌تی ناسراو كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی ناوچه‌ی پشتده‌ر بووه‌و به‌درێژایی ته‌مه‌نی له‌ خزمه‌تی زانستی شه‌رعیدا بووه‌و چه‌ندین مامۆستای ئاینی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وكه‌سایه‌تییه‌ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تییان وه‌گرتووه‌.
ناوبراوو له‌ ساڵی 1992 له‌گوندی واتێی به‌ری مه‌رگه‌ له‌ خانه‌واده‌یه‌كی دیندارو ئاین په‌روه‌ر چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌و به‌مه‌به‌ستی خوێندنی زانستی شه‌رعی زۆر شوێنی كوردستان گه‌ڕاوه‌، هه‌میشه‌ش پشتیوانێكی به‌هێزی رابوونی ئیسلامی كوردستان بووه‌و سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌ی فه‌توای شه‌رعی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كردووه‌، هاوكات چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ركردووه‌.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 25\7\2010 ته‌رمی مامۆستا مه‌لا عومه‌ری خدران له‌گۆڕستانی چوارقوڕنه‌ به‌خاك سپێردرا.

(5) مه‌لا موحه‌مه‌دی سه‌لمان پاك:
دوای مانگێك و هه‌فته‌یه‌ك له‌ كۆچی دوایی كردنی مامۆستا عومه‌ری خدران سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی شه‌مه‌ (14/8/2010) گه‌وره‌ زانای شاری هه‌ولێر، مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌مدی كوڕی مه‌لا سادقی گرتكی كۆچی دوایی كرد‌.
شیاوی باسه‌ مامۆستا نه‌وه‌ی زانای گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان ئیبن‌و ئاده‌می رۆستاییه‌‌و، ده‌كاته‌ ئامۆزای سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان، هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری شاری هه‌ولێره‌‌و، یه‌كێكه‌ له‌و زانا گه‌ورانه‌ی ته‌مه‌نێكی زۆری بۆ خزمه‌تكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و، خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی كوردستان به‌سه‌ر بردووه‌.
مامۆستا دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول په‌ناهه‌نده‌ی ئێران بووه‌‌و، دواتر له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێراق به‌ زۆری له‌ ئۆردوگایه‌كی سه‌ر به‌ شاری دیوانیه‌ی خوارووی ئێراق نیشته‌جێ‌ كراوه‌.
مامۆستا پۆلێك قوتابی له‌ ژێر ده‌ست پێگه‌ییشتوونه‌‌و، چه‌ندان كێشه‌‌و گرفتی كۆمه‌لایه‌تی چاره‌سه‌ر كردووه‌‌و، هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول رۆڵێكی زۆر كارای هه‌بوو له‌ لێژنه‌ فه‌تواكانی یه‌كێتی زانایان..

(6) مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ زانا و یه‌كه‌مین دامه‌زرێنه‌ری‌ شه‌رعی‌ یه‌كێتی‌ زانایان:
دوای مانگێك و بیست ڕۆژ له‌ كۆچی دوایی كردنی مامۆستا مه‌لا موحه‌مه‌دی سه‌لمان پاك دوای‌ ته‌مه‌نێكی زۆری پڕ خزمه‌تكردن به‌ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌ و قوتابخانه‌ ئاینییه‌كان و مه‌لا و زانایان و قوتابیانی‌ زانسته‌ شه‌رعییه‌كان و هاوڵاتیانی‌ كوردستان، سه‌ر له‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌4/10 مامۆستا و كه‌سایه‌تی‌ و زانای‌ ئاینی‌ دیار و ناوداری‌ شاری‌ هه‌ولێر و كوردستان و عێراق و یه‌كه‌مین دامه‌زرێنه‌ری‌ شه‌رعی‌ یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ له ته‌مه‌نی‌(88)ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كرد.
مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا فه‌رهاد مه‌ولود مه‌مانه‌، ناسراو به‌ مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ له‌ساڵی‌ (1922) له‌گوندی‌ لـهێبان له‌دایك بووه‌و پاشان چووه‌ته‌ گوندی‌ گردعازه‌بان ‌و له‌وێ‌ زۆربه‌ی‌ ژیانی‌ به‌سه‌ر بردووه‌و له‌ته‌مه‌نی‌ دوو ساڵیدا باوكی‌ وه‌فاتی‌ كردوه‌و پێنج برابوون‌و هیچ خوشكیان نه‌بووه‌، ئه‌و برا بچووكی‌ خێزانه‌كه‌یان بووه‌و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی‌ باوكی‌ سه‌رجه‌م برایه‌كانی‌ بوون به‌ مامۆستای‌ ئایینی. مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ یه‌كه‌م مامۆستا كه‌ له‌لای‌ خوێندووه‌ مامۆستا مه‌لا سادقی‌ برای‌ بووه‌، پاشان زۆر شارو گوند گه‌ڕاوه‌ بۆ خوێندن، ئیجازه‌ی‌ مه‌لایه‌تیشی‌ له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا عیززه‌دینی‌ مه‌لا فه‌ندی‌ وه‌رگرتوه‌، ئیجازه‌یه‌كی‌ تریشی‌ لای‌ مامۆستا شێخ ئه‌مجه‌د زه‌هاوی‌ وه‌رگرتوه‌ له‌به‌غداد له‌ ساڵی‌ (1930)، ئیجازه‌ی‌ علومی‌ حه‌دیسیشی‌ له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا سلێمانی‌ توركی‌ ئه‌رزه‌ ڕۆمی‌ كه‌ له‌به‌غداد بووه‌ وه‌رگرتوه‌.
له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌ندین مامۆستا پێگه‌یوه‌ ناودارترینیان ئه‌مانه‌ بوون: مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ بیرعاره‌بان ‌و مامۆستا مه‌لا عه‌زیزی‌ مزگه‌وتی‌ قادربله‌ و زۆربه‌ی‌ مامۆستایانی‌ شاری‌ هه‌ولێر لای‌ ئه‌و ده‌رسیان خوێندوه‌و لای‌ فه‌قێ‌ بوونه‌. مامۆستای‌ ناوبراو جگه‌ له‌زانسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ‌ مێژوو شیعرو په‌خشاندا به‌ینی‌ باش بووه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ گه‌نجیه‌وه‌ ده‌ستی‌ شیعری‌ هه‌بووه‌و شیعری‌ نووسیوه‌، به‌ڵام برایه‌كانی‌ نه‌یانهێشتوه‌و گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر واز له‌شیعر نه‌هێنی‌ ئاگات له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان نامێنێ‌، پاشان له‌ته‌مه‌نی‌ پیری‌ گه‌ڕاوه‌ته‌ سه‌ر شیعر نووسین‌و سه‌رجه‌م شیعره‌كانی‌ له‌سه‌ر ئایین‌و نیشتیمان بووه‌ و دیوانێكی‌ شیعری هه‌یه‌ به‌ناوی‌ (مێرخوزاره‌كه‌م) و هه‌روه‌ها خاوه‌نی‌(20) كتێبه‌.
مامۆستا له‌ساڵی‌ (1976) له‌پێشبڕكێی‌ له‌به‌ركردنی‌ قوڕئانی‌ پیرۆز به‌شداریی كردووه‌ كه‌ له‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ و خه‌ڵاتی‌ یه‌كه‌می‌ وه‌رگرتووه‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگ له‌سه‌ر خه‌رجی‌ مه‌لیك خالید له‌وێ‌ ماوه‌ته‌وه‌. ناوبراو له‌ ژیانیدا (14) حه‌جی‌ كردوه‌.
كۆچی‌ دوای‌ مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ خه‌ساره‌تێكی‌ گه‌وره‌بوو بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ئه‌سته‌مه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی ژیانی بۆ خزمه‌تی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و رۆشنبیركردنی میلله‌تی كورد ته‌رخان كردبوو بۆیه‌ كۆچی دوایی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ زیانێكی گه‌وره‌بووه‌‌.
مامۆستا مرۆڤێكی زاناو بلیمه‌ت بووه‌و خاوه‌ن بیر و باوه‌ڕێكی زۆر به‌تین و خواناسێكی به‌ته‌قواو زۆر زۆر(متوازع) بوو، ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵ بوو به‌ ده‌ست نه‌خۆشی‌ ده‌یناڵاند و هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌ونه‌خۆشییه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد.
مه‌لا عه‌بدوڵڵای‌ فه‌رهادی‌ له‌دیدارێكی‌ رۆژنامه‌ی‌(كۆمه‌ڵ)كه‌سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵی‌ سازداوه‌ هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌ڵێن: ئێمه‌ یه‌كێتی‌ زانایانمان درووست كردوه‌ و به‌ناڕاستی‌ داناوه‌و وتویه‌تی‌:"من بۆ یه‌كه‌مین جار یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامییم له‌ساڵی‌ (1959) دامه‌زراندووه‌".
ئه‌مه‌و ته‌رمه‌ی‌ مامۆستای‌ به‌ڕێز هه‌ر ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ زانایان و مامۆستایانی‌ ئاینی‌ و جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆری‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و به‌به‌شداری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ و وه‌فدێكی سه‌ركردایه‌تی‌ و‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سێی هه‌ولێری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ‌و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رپرسی حزبی ‌و حكومی له‌ گۆرستانی‌(مه‌عمه‌ل قیر) به‌خاك نێژرا.

(7) زانای ناوداری ئیسلامی؛ شێخ عه‌بدولعه‌زیز دییب:
به‌یانی چوارشه‌ممه‌ له‌ 6/1/2010 عه‌للامه‌ی فه‌قیهـ و توێژه‌ر شێخ " شێخ عه‌بدولعه‌زیز دییب" له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حه‌مه‌د له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕ دوای ململانێی له‌ گه‌ڵ‌ نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد.. ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌م وه‌فاتی زانا حسێب ده‌كرێت له‌ ساڵی نوێی 2010 دا.
په‌یامنێری ئیسلام ئۆنلاین ڕایگه‌یاند: كه‌وا شێخ له‌ سه‌ره‌نجامی نه‌خۆشی هه‌ڵپه‌ی قاچه‌كانیه‌وه‌ پێش دووڕۆژ ده‌خرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی حه‌مه‌ده‌وه‌ له‌ ده‌وحه‌، دوایی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرێت, به‌ڵام له‌ به‌ر تێكچوونی باری ته‌واوی شێخ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی جێی خۆی ناگرێت و وه‌فات ده‌كات.
شێخ (شێخ عه‌بدولعه‌زیز دییب) له‌ ساڵی 1929 له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی میسڕ له‌ دایك بووه‌, هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌ ته‌واو قوڕئانی له‌ به‌ركردووه‌, سه‌رتایی و دوا ناوه‌ندی له‌ ئه‌زهه‌ر ته‌واو كردووه‌, پاشان چۆته‌ كۆلێژی (دار العلوم) له‌ زانكۆی قاهیره‌.
له‌ ساڵی 1976 هاتۆته‌ قه‌ته‌ڕ و له‌ كۆلێژی شه‌ریعه‌ وه‌ك سه‌رۆكی به‌شی فیقهو ئوسوڵ ده‌ست به‌كار بووه‌, هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ژیانی پێغه‌مبه‌رو سوننه‌ بووه‌ به‌ له‌ جیاتی. له‌ دواییا له‌قه‌بی (صاحب إمام الحرمین) پێدراوه‌, وه‌ خاوه‌نی مه‌وسووعه‌یه‌كی فیقهییه‌ به‌ ناوی (نهایه‌ المگلب فی درایه‌ المژهب) كه‌ دكتۆر یوسف ئه‌لقه‌رزاوی وه‌سفی كتێبه‌كه‌ی به‌ خزمه‌تێكی بایه‌خدار به‌ كتێبخانه‌ی ئیسلامی كردووه‌..

(8) دكتۆر سه‌لاحه‌دین مونه‌جید:
دوای دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر مردنی دكتۆر دییب؛ زانایه‌كی تری جیهانی عه‌ڕه‌بی و ئیسلامی و توێژه‌ری به‌ناوبانگ دكتۆر (سه‌ڵاحه‌دینی كوڕی عه‌بدوڵڵا مونه‌جید) له‌ ریاز له‌ ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵی كۆچی دوایی كرد.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ته‌مه‌نی زۆری له‌ ناو ده‌ستنووسه‌كان به‌سه‌ر برد تا ناوی به‌ توێژه‌رێكی به‌ناوبانگ له‌ بواری ئه‌ده‌بی و مێژویی ده‌ركرد.
مونه‌جید به‌ یه‌كێ له‌ مه‌شخه‌ڵه‌كانی سه‌ده‌ی بیست دا ئه‌نرا، هه‌روه‌ها ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت به‌كه‌سێكی وردبین و شاره‌زا ناسراوبوو.
وه‌ زیاتر له‌ 150 كتێبی نووسراوی خۆی له‌ دوای خۆی به‌جێ هێشت.

(9) دكتۆر عیزه‌دین ئیبڕاهیم:
هێشتا مانگێك له‌سه‌ر كۆچی دوایی دكتۆر دییب و مونه‌جید دا ڕه‌ت نه‌ببوو، زاناو چاوساغێكی تری ئوممه‌تی ئیسلامیی (دكتۆر عیزه‌دین ئیبراهیم) ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان و ڕاوێژكاری ڕۆشه‌نبیری له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری سه‌رۆكایه‌تی ئیمارات له‌ له‌نده‌ن له‌ 30/1/2010 كۆچی دوایی كرد.
دكتۆر ئیبراهیم له‌ ساڵی 1928 له‌ قاهیره‌ له‌ دایك بووه‌، له‌ساڵی 1968 بۆ ئیش ڕووی له‌ ئیمارات كردووه‌. له‌وێ ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئیماراتی وه‌رگرتووه‌، پاشان بۆته‌ ڕاوێژكاری ڕۆشه‌نبیری دامه‌زرێنه‌ری ئیمارات (شێخ زاید بن سوڵتان ئال نیهیان)، هه‌روه‌ك بوه‌ته‌ به‌رپرسی كاره‌خێرخوازییه‌كانی ئیسلامی له‌ جیهان.
هه‌روه‌ها دكتۆر عزه‌دین له‌ بواری فێرخوازی و په‌روه‌رده‌یی و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ئیداره‌ و فێرخوازی له‌ میسڕ و لیبیاو سوریا و قه‌ته‌ر و سعوودیه‌ و به‌ریتانیا و وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كان كاری كردووه‌. هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 23 كتێبی فێرخوازی و توێژینه‌وه‌یی هه‌مه‌جۆری نووسیوه‌.
هه‌روه‌ها مانای قورئانی بۆ سه‌رزمانی ئینگلیزی و غه‌یره‌ ئینگلیزی كردووه‌، هه‌روه‌ها فه‌ر‌مووده‌كانی ئه‌ربه‌عینی نه‌وه‌ویشی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی.

(10) دكتۆر موحه‌مه‌د سه‌ید ته‌نتاوی (شێخی ئه‌زهه‌ر):
له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ له‌ 10/4/2010 له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی به‌ نه‌خۆشی دڵ له‌ ریازی پایته‌ختی سعوودییه‌ كۆچی دوایی كرد. دوای ئه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌ ئاهه‌نگی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی جیهانی سه‌ردانی سعوودیه‌ی كردبوو.
ته‌نتاوی بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ ساڵی 1966 به‌ پله‌ی مومتاز وه‌رگرتبوو، هه‌روه‌ك وه‌ك مامۆستا له‌ كۆلێژی ئوسوولی دین كاری كردبوو، پاشان له‌ لیبیا چوار ساڵ خه‌ریكی وانه‌ گوتنه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ له‌ مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره‌ بوه‌ته‌ عه‌میدی كۆلێژی (الدراسات العلیا) له‌ زانكۆی ئیسلامیی. پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ قاهیره‌، وه‌ له‌ ساڵی 1986 بووته‌ موفتی میسڕ و پاشان له‌ ساڵی 1996 كراوه‌ به‌ شێخی ئه‌زهه‌ر.

(11) عه‌بدوڵڵا غیده‌یان:
(ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایان و لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی بۆ توێژینه‌وه‌و فه‌توا) له‌ سعوودیه‌ له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵی له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2010 كۆچی دوایی كردووه‌.
شێخ وێڕای كاره‌كانی له‌ (ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایان) خه‌ریكی وانه‌ وتنه‌وه‌ش بووه‌ له‌ دیراساتی عولیا له‌ زانكۆی ئیمام و كۆلێژی شه‌ریعه‌ له‌ بورای فیقهـ و ئوسووڵ و بنه‌ماكانی فیقهـ ، هه‌روه‌ك سه‌رپه‌رشتی و به‌شداری له‌ گفتۆگۆی هه‌ندێ له‌ بڕوانامه‌كان له‌ماوه‌ی كاره‌كانیدا كردووه‌.

(12) موحه‌مه‌د حوسێن فه‌زڵوڵڵا:
دوای دوومانگ له‌ كۆچی دوایی كردنی (غدیان) له‌ 4/7/2010 مه‌رجه‌عی شیعی لوبنانی سه‌ید موحه‌مه‌د حوسێن فه‌زڵوڵلا له‌ ته‌مه‌نی 75 ساڵی كۆچی دوایی كرد‌.
فه‌زڵوڵڵا له‌ ساڵی 1935 له‌ شاری نه‌جه‌ف له‌ عێڕاق له‌ دایك بووه‌، تا ساڵی 1966 له‌ نه‌جه‌ف بووه‌ پاشان چۆته‌ لوبنان، ئه‌ویش دوای خوێندنی چه‌ندین ساڵ له‌ نه‌جه‌ف.
فه‌زڵوڵڵا مه‌رجه‌عی شیعی بووه‌، وه‌ ناسراو بووه‌ به‌ كه‌سێكی بوێرو موخالیف به‌زۆر له‌ ڕاو بۆچوونه‌كانی شیعه‌! ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ له‌نێوان زانایانی شیعی كه‌ جنێودانی به‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵانی حه‌رام كرد، وه‌ زۆر به‌تووندنی ئه‌وه‌شی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌ كه‌وا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب له‌ فاتیمه‌ی دابووبێت و په‌راسووێكی شكاندبێت. وه‌دانیشی به‌وه‌نابوو كه‌وا عه‌لی كوڕی ئه‌بووتاڵیب به‌یعه‌تی به‌ ئه‌بووبه‌كر دابوو، وه‌ ڕازیش بووه‌ به‌ ویلایه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب (خوا له‌ هه‌مووان ڕازی بێت). هه‌روه‌ك نكووڵیشی له‌ ته‌قدیس كردنی ئیمامه‌كان ده‌كرد كه‌ شیعه‌ پێیان وایه‌ له‌ غه‌یب ده‌زانن، هه‌روه‌ك خیلافیشی زۆر بوو له‌گه‌ڵ خومه‌ینی.

(13) شێخ ئه‌حمه‌د عه‌سسال:
دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ مردنی فه‌زڵوڵا له‌ 10/7/2010 زانای میسڕی دكتۆر ئه‌حمه‌د عه‌سال سه‌رۆكی پێشووی زانكۆی ئیسلامیی له‌ پاكستان دكتۆر ئه‌حمه‌د عه‌سسال له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌ ساڵی 1928 له‌دایك بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 1961 تاكوو 1965 وه‌ك نوێنه‌ر نێردراوه‌ بۆ قه‌ته‌ر بۆ وتنه‌وه‌ی مادده‌ی زمانی عه‌ڕه‌بی له‌ قوتابخانه‌ی ئاماده‌ییه‌كانی قه‌ته‌ر.
شایه‌نی باسه‌ دكتۆر عه‌سسال له‌ بواری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌ستنووسه‌كان له‌ زانكۆی (كامبریدج) تا ساڵی 1970 ده‌ستبه‌كار بووه‌. هه‌روه‌ك له‌ ساڵی 1970 تاكوو ساڵی 1984 سه‌رۆكایه‌تی به‌شی ڕۆشه‌نبیری ئیسلامیی له‌ زانكۆی ئیمام موحه‌مه‌د بن سعوود كردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 1984 كراوه‌ به‌ سه‌رۆكی به‌شی بانگه‌واز له‌ كۆلێژی بانگه‌وازو ڕاگه‌یاندن له‌ زانكۆی ئیمام موحه‌مه‌دی كوڕی سعوود، پاشان له‌ ساڵی 1986 تاكوو 2000 بۆته‌ مامۆستای زانكۆی ئیسلامیی جیهانی له‌ ئیسلام ئاباد. هه‌روه‌ك كراوه‌ به‌ جێگر پاشان سه‌رۆك و پاشان ڕاوێژكار له‌ زانكۆی ئیسلامیی له‌ ئیسلام ئاباد.
ناوبراو چه‌ندین نووسراوو كتێبی له‌ بواره‌ جۆر‌او جۆره‌كانی ئیسلام نووسیوه‌.

(14) شێخ حه‌سه‌ن عه‌بدولزاهر:
له ‌هه‌مان مانگ له‌ ڕۆژی 28/7/2010 له‌ ده‌وحه‌ زاناو بانگخواز (دكتۆر حه‌سه‌ن عیسا عه‌بدولزاهر) سه‌رۆكی به‌شی بانگه‌واز و ڕۆشه‌نبیری ئیسلامیی له‌ كۆلێژی شه‌ریعه‌ له‌ زانكۆی قه‌ته‌ر كۆچی دوایی كرد‌.
شێخ له‌ میسر له‌ ساڵی 1928 له‌ دایك بووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك شاندێك له‌ ساڵی 1978 چۆته‌ قه‌ته‌رر. له‌وێ كراوه‌ به‌ مامۆستای كۆلێژی شه‌ریعه‌، هه‌روه‌ها له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی شه‌ریعه‌ به‌شداری له‌ وانه‌ گوتنه‌وه‌ كردووه‌.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت له‌ بورای سیره‌و ژیانی پێغه‌مبه‌ر "صَلّی اللهُ عَڵیْهِ ۆعَڵی ێ‌لِهِ وسَلَّم" شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بووه‌، ئاخر زنجیره‌كانیشی كه‌ وه‌ك وتار پێشكه‌شی ده‌كرد بریتی بوو له‌ باس كردن له‌ (عام الوفود).

(15) عه‌بدولمونعیم ئه‌حمه‌د توعه‌یلب:
فه‌قیه و زانای میسڕی له‌ ڕۆژی 30/7/2010 له‌ ته‌مه‌نی 89 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت خاوه‌نی مه‌وسووعه‌ی (فتح الرحمن فی تفسیر القرێ‌ن) بوو، وه‌ جێ په‌نجه‌ی زۆری هه‌بووه‌ له‌ بواری وه‌رگێڕانی ماناكانی قورئان بۆ سه‌ر زۆرێك له‌ زمانه‌ بیانییه‌كان.
هه‌روه‌ك جێ په‌نجه‌ی هه‌بووه‌ له‌ ئێزگه‌كانی سعوودیه‌، هه‌روه‌ك ڕۆڵی به‌رچاوی له‌ به‌رنامه‌ی (نور الایمان) له‌ ئێزگه‌ی سعوودییه‌ هه‌بووه‌، وه‌ ده‌یان كتێب و توێژینه‌وه‌ی هه‌بووه‌، له‌وانه‌ (تفسیر الكتاب العزیز) و (من ێ‌یات الجلال والبرهان) و (أقدس المگالب القرێ‌نیه‌) .. هتد. هه‌روه‌ك به‌ هه‌ڵسووڕاوێكی به‌توانا له‌ ڕێزه‌كانی برایانی مسوڵمان ناوی ده‌ركردبوو.

(16) دكتۆر موحه‌مه‌د فه‌تحی عوسمان:
له‌ ڕۆژی 11/9/2010 جیهانی ئیسلامی بیرمه‌ندو بانگخوازی ئیسلامیی دكتۆر موحه‌مه‌د فه‌تحی عوسمان له‌ شاری لۆس ئه‌نگلس له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مریكی له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی دوای 30 ساڵ له‌ ئاواره‌یی پاش ده‌رچوونی له‌ میسڕ كۆچی دوایی كرد.
موحه‌مه‌د عوسمان یه‌كێك بوو له‌ دیارتین نوێكارانی بیری ئیسلامی نوێ، وه‌ خاوه‌ن كۆمه‌ڵێ نووسراوی به‌پێزو به‌هێزه‌ له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.. وه‌ به‌كه‌سێكی بوێرو به‌توانا له‌نێو جیهانی مسوڵمانان ناوی ده‌ركردبوو.
دكتۆر موحه‌مه‌د فه‌تحی عوسمان له‌ ساڵی 1928 له‌ دایك بووه‌، وه‌ ده‌رچووی زانكۆی قاهیره‌ به‌شی مێژووه‌ له‌ ساڵی 1948 بوو. هێشتا له‌ زانكۆ بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ برایانی مسوڵمانه‌وه‌ كردووه‌.. دوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ زیندان و له‌ كاره‌كه‌ی خۆی دوورده‌خرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ شه‌سته‌كان ده‌چێته‌ جه‌زائیر، له‌وێ له‌ زانكۆكان ده‌بێته‌ وانه‌بێژ ، پاشان ده‌چێته‌ ئه‌مریكاو له‌وێ بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ زانكۆی (برنستون) به‌ده‌ست دێنێت. پاشان دێته‌ دێته‌ سعوودیه‌ له‌ ریاز ده‌بێته‌ وانه‌بێژ, پاشان له‌ ساڵی 1981 ده‌چێته‌ له‌نده‌ن و له‌وێشه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ ئه‌نگیلۆس له‌ زانكۆیه‌كی باشووری كالیفۆرنیا له‌ ناوه‌ندی ئیسلامی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت زیاتر له‌ 25 كتێب و نوسراوی خۆی كه‌ زۆربه‌یان به‌ زمانی ئینگلیزین به‌جێ ده‌هێڵێت، وه‌ له‌ گرنكترین كتێبه‌كانیشی كه‌ له‌ شه‌سته‌كان نووسیویه‌تی بریتیه‌ له‌ كتێبی (الفكر الإسلامی والتگور) .

(17) عه‌للامه‌ موحه‌مه‌د سه‌مه‌دی:
له‌ ڕۆژی 18/9/2010 له‌ شاری (دارولبه‌یزا) له‌ مه‌غریب عه‌للامه‌و بانگخوازو فه‌قیهـ شێخ موحه‌مه‌د سه‌مه‌دی (ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌كادیمیا له‌ په‌یوه‌ندی موحه‌مه‌دی زانایان) له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت زانا و شاره‌زایه‌كی گۆڕه‌پانی ئیسلامیی بووه‌، له‌ بواره‌كانی ئیمامه‌ت و وتاربێژی و بانگه‌وازو فێرخوازی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌. هه‌روه‌ك سوارچاكێكی بلیمه‌ت بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ بورای زانسته‌ شه‌رعییه‌كان و فیقهی مالیكی، هه‌روه‌ك یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كه‌وا شه‌رحی پوخته‌ی (شێخ خه‌لیل) و چه‌ندین مه‌تنی تری له‌ مه‌زه‌بی (عاسیمی) و (ئیبنو عاشر) كردووه‌, هه‌روه‌ك چه‌ندین نووسراوو كتێبی له‌بواری (نحو) و زمانی عه‌ڕه‌بی نوسیوه‌.

(18) دكتۆر موحه‌مه‌د غازی:
دوای كۆچی دوایی كردنی دكتۆر سه‌مه‌دی به‌هه‌فته‌یه‌ك, نووسه‌رو توێژه‌ر؛ عه‌للامه‌ دكتۆر موحه‌مه‌د ئه‌حمه‌د غازی وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی پێشووی كۆماری پاكستان كۆچی دوایی ده‌كات.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت؛ له‌ ته‌مه‌نی 60 ساڵی سه‌رۆكی (زانكۆی ئیسلامی جیهانی) ئیسلام ئاباد بووه‌.. هه‌روه‌ك سه‌ره‌تا چه‌ندین جار جێگری سه‌رۆكی زانكۆش بووه‌، پاشان بووه‌ته‌ سه‌رۆكی زانكۆ له‌ ساڵه‌كانی 2004 و 2006, پاشان له‌سه‌رده‌می (به‌رویز موشه‌ره‌ف) وه‌زیری كاروباری ئایینی و ئه‌وقاف بووه‌ له‌ حوكوومه‌تی پاكستانی ئه‌وسا. پاشان بووه‌ته‌ قازی له‌ داگای باڵای ده‌ستوور له‌ پاكستان. پاشان تا وه‌فاتكردنی قازی دادگای شه‌رعی فیدرالی بووه‌.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت زیاتر له‌ (30) كتێبی به‌ زمانه‌كانی عه‌ڕه‌بی و ئینگلیزی و ئوردو له‌ بواره‌كانی زانستی و فیكری و ڕۆشه‌نبیری له‌دوای خۆی جێ هێشتووه‌.

(19) عه‌بدولسه‌بوور شاهین:
ئه‌و كاته‌ی كه‌ پاكستانییه‌كان خه‌ریكی به‌خاكسپاردنی دكتۆر غازی بوون, ئه‌وا میسڕییه‌كان ماڵئاوایییان له‌ بانگخوازو هه‌ڵسوڕاوی ئیسلامیی میسڕی (دكتۆر عه‌بدولسه‌بوور غازی) ده‌كرد! كه‌ له‌ڕۆژی 26/9/2010 له‌ته‌مه‌نی 82 ساڵی گیانی به‌خوای گه‌وره‌ سپارد .
دكتۆر عه‌بدولسه‌بوور له‌ ساڵی 1929 له‌ میسڕ له‌ دایكبووه‌، یه‌كێكبووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵییه‌وه‌ ته‌واوی قورئانی له‌به‌ر كردووه‌, هه‌روه‌ها له‌ ئه‌زهه‌ر له‌ ساڵی 1951 شه‌هاده‌ی ئاماده‌یی وه‌ده‌ستهێناوه‌، پاشان په‌یوه‌ندی به‌كۆلێژی (دار العلوم) له‌ زانكۆی قاهیره‌ كردوه‌و له‌وێ بۆته‌ مامۆستا.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ناوبانگییه‌ی كه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیی ده‌ریكردبوو, وتاربێژی مزگه‌وتی (عه‌مری كوڕی عاس)یش بوو له‌ قاهیره‌..
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت خاوه‌ن چه‌ندین كتێب و نووسراو بووه‌ له‌ بورای فیكر و زانستی, گرنكترینیان كتێبی (القرا‌وات القرێ‌نیه‌ فی چو‌و علم اللغه‌ الحدیپ). وه‌ له‌و نووسینانه‌ی كه‌ زۆرترین ده‌نگیان هه‌بووه‌و مشتومڕی زۆریشی به‌دوای خۆی هێناوه‌ بریتی بووه‌ له‌ كتێبی (ابی ادم: قصه‌ الخلیقه‌ بین اڵاسگوره والحقیقه‌) .

(20) موسته‌فا تریكی:
له‌ ڕۆژی 15/10/2010 یه‌كێ له‌ به‌ناوبانگترین زانایانی لیبی و جیهانی ئیسلامیی؛ دكتۆر موسته‌فا تریكی به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
تریكی له‌ ساڵی 1929 له‌ دایك بووه‌، وه‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی له‌ قوتابخانه‌كانی شاری مه‌سراته‌ له‌ لیبیا خوێندووه‌. پاشان له‌ ساڵی 1951 چۆته‌ قاهیره‌ و له‌وێ په‌یوه‌ندی به‌ كۆلێژی شه‌ریعه‌وه‌ كردووه‌ و پسپۆری له‌ بواری قه‌زاوه‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی خوێندنی له‌ ئه‌زهه‌ر له‌سه‌رده‌ستی زۆرێك له‌ زانا به‌ناوبانگه‌كان له‌وانه‌ شێخ موحه‌مه‌د شه‌لتووت خوێندووه‌.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت مامۆستا و عه‌میدی كۆلێژی ئوسول له‌ زانكۆی موحه‌مه‌د بن سه‌ننوسی له‌ شاری دارولبه‌یزا له‌ ساڵی 1962 تا ساڵی 1972 بووه‌. هه‌روه‌ك له‌ زۆرێك له‌ چاڵاكییه‌ ئیسلامییه‌كانی جیهان به‌شداری كردووه‌, هه‌روه‌ك چه‌ندین وانه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌ مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌رو له‌ مه‌دینه‌ی مونه‌وه‌ره‌ و مزگه‌وتی حه‌ڕام له‌ مه‌ككه‌ی موكه‌ره‌مه‌ گوتۆته‌وه‌.

(21) شێخ ئه‌حمه‌د عه‌سسال:
دكتۆر ئه‌حمه‌د عه‌سسال (سه‌رۆكی زانكۆی ئیسلامی) پاكستانی پێشوو له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی له‌ ڕۆژی 10/7/2010 دوای به‌ڕێكردنی ته‌مه‌نێك له‌ خزمه‌تی بانگه‌وازی ئیسلامی كۆچی دوایی كرد.
خوالێخۆش بێت یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌تاكانی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوانولموسلیمین و كه‌سێكی زۆر نزیك بوو له‌ شێخ یوسف قه‌ره‌زاوی.
دكتۆر موحه‌مه‌د عه‌سسال له‌ 16ی مایسی ساڵی 1928 له‌ دێی فره‌ستیق له‌ سه‌نته‌ری به‌سیوون له‌ پارێزگه‌ی غه‌ربییه‌ له‌ دایك بووه‌، وه‌ كۆلێژی شه‌ریعه‌ی له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر له‌ ساڵی 1958 ته‌واو كردووه‌، وه‌ له‌ نووسینگه‌ی شێخی ئه‌زهه‌ری پێشوو شێخ مه‌حموود شه‌لتووت له‌ ساڵی 1960 ده‌ست به‌كار بووه‌، پاشان بۆ خوێندنی زمانی عه‌ڕه‌بی له‌ ساڵی 1961 چۆته‌ قه‌ته‌ر، تا ساڵی 1965 له‌ قه‌ته‌ر ماوه‌ته‌وه‌، پاشان له‌ ساڵی 1968 دكتۆرای له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیی له‌ زانكۆی (كامبریدج) له‌ له‌نده‌ن هێناوه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌و كۆمه‌ڵێك پۆستی گرنگی له‌ سعوودیه‌و ئیسلام ئاباد پێ دراوه‌، هه‌روه‌ها خاوه‌ن كۆمه‌ڵێ نووسراوی به‌ سووده‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا، هه‌روه‌ك دامه‌زرێنه‌ری (دار الرعایه‌ الإسلامیه‌) بوو له‌ ئینگلته‌را.

(22) بانگخوازی ئیسلامی؛ ئه‌حمه‌د ئه‌بووشادی:
له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی له‌ ڕۆژی 15/2/2010 بانگخواز (ئه‌حمه‌د ئه‌بووشادی)كه‌ یه‌كێكبوو له‌ پێشه‌نگانی كاروانی ئیخوانولموسلمین له‌ میسڕ كۆچی دوایی ده‌كات..
خوا لێخۆشبێت ئه‌حمه‌د شادی باوكی بانگخوازی لاو خالید ئه‌بووشادییه‌، هه‌ر دوێنێ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ مزگه‌وتی ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی له‌ شاری نه‌سڕ له‌پا یته‌ختی میسڕی له‌ قاهیڕه‌ به‌ خاك ده‌سپێردرێ.
(ئه‌حمه‌د شادی) له‌سه‌ر ده‌می جه‌مال عه‌بدولناسڕ له‌ ساڵی 1954 ده‌ستگیر ده‌كرێ و دوو ساڵ ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌! پاشان له‌ ساڵی 1965 ده‌ستگیر ده‌كرێته‌وه‌و تا ساڵی 1971 واته‌: شه‌ش ساڵ له‌ زیندان ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ دوای ئازادبوونی ده‌چێته‌ كوێت و تا ساڵی 1990 له‌وێ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، هه‌ر له‌م ساڵه‌وه‌ واته‌ له‌كاتی جه‌نگی كه‌نداو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ میسڕو ده‌ست به‌ چاڵاكییه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه‌.
خوالێخۆش له‌ ساڵی 1928 له‌ دێی (تفهنا العزب) له‌ پارێزگای ڕۆژهه‌ڵات له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ڵتا له‌ دایك ده‌بێت، هه‌ر له‌وێ ده‌ست به‌ خوێندن ده‌كات و له‌ ئاخریش له‌ ساڵی 1958 له‌ زانكۆی (عین الشمس) بڕوانامه‌ی حقووق به‌ده‌ست دێنێت.
ناوبراو كاتی خۆی كتێبێكی نووسیوه‌ تێیدا باس له‌ چیڕۆكی په‌یوه‌ندی كردنی به‌ ئیخوان ده‌كات.. ئه‌مه‌و خوا لێخۆش بێت له‌ ژیانیدا ئاسته‌نگ و گرتن و زیندانی كردنی زۆری هاتبووه‌ پێش..

(23) خاوه‌نی ته‌فسیری مویه‌سه‌ر" دكتۆر عه‌بدوله‌عه‌زیز ئه‌حمه‌د ئیسماعیل:
دكتۆر عه‌بدوله‌عه‌زیز ئه‌حمه‌د ئیسماعیل) له‌ ڕۆژی 18/11/2010 له‌ ته‌مه‌نی 68 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
خوالێخۆش بێت مامۆستای پێشووی فیقهـ و ته‌فسیرو خوێندنه‌وه‌كان بوو له‌ زانكۆی ئیمام موحه‌مه‌د بن سعوودی ئیسلامیی له‌ ریاز.
دكتۆر ئیسماعیل یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ نووسینی پوخته‌ی ته‌فسیر به‌ ناوی (التفسیر المیسر) له‌گه‌ڵ سێ كه‌س له‌ زانایانی میسرو سعوودیه‌و ئوردون، كه‌ ئه‌و سێیه‌ تاكوو سووڕه‌تی ئه‌نعام ته‌فسیریان كردبوو ئه‌ویش له‌وێوه‌ به‌ ته‌نها تا كۆتایی قورئان ته‌فسیره‌كه‌ی ته‌واو كرد (كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رنامه‌ی ده‌نگی قورئان ئه‌م ته‌فسیره‌مان بڵاو كردۆته‌وه‌).
خوالێخۆش بێت له‌ دایكبووی ساڵی (1942) ه‌ له‌ میسر, وه‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵ بووه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌زهه‌ر ته‌واوی قورئانی له‌به‌ر كردووه‌. پاشان چۆته‌ قاهیره‌ بۆ ئه‌وه‌ خوێندنی له‌وی ته‌واو بكات، وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ یه‌كه‌مینه‌كانی كۆماری میسڕ و پشان په‌یوه‌ندی به‌ كۆلێژس زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها ماسته‌رو دكتۆرای له‌ بواری ئیعرابی قورئان وه‌رگرتووه‌، پاشان په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سته‌ی خوێندن له‌ زانكۆی ئیمام موحه‌مه‌د بن سعوودی ئیسلامی له‌ ریاز له‌ كۆلێژی ئوسوولی دینه‌وه‌ كردووه‌، وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ به‌شی خوێندنه‌وه‌كانی (قرا‌وات) له‌ زانكۆكه‌ درووست كردووه‌.

(24) عه‌للامه‌ عه‌بدولره‌حمان گه‌یلانی:
له‌ جه‌زائیر عه‌للامه‌ و موفتی گه‌وره‌ی جه‌زائیر شێخ عه‌بدولڕه‌حمان گه‌یلانی له‌ ڕۆژی 11/11/2010 له‌ ته‌مه‌نی 103 ساڵی كۆچی دوای كرد.
شێخ گه‌یلانی له‌ سه‌ده‌ی پێشوو یه‌كێك بووه‌ له‌ناوداره‌كانی زانایانی ئایینی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی زانایانی مسوڵمانی ئایینی له‌ جه‌زائیر, هه‌روه‌ك یه‌كێك بووه‌ له‌ دیارترین چاڵاكوانان له‌ زانكۆی زانایانی مسوڵمان بۆ دژایه‌تی كردنی ئیستعمار. هه‌روه‌ها له‌دوای سه‌ربه‌خۆیی جه‌زائیر بووه‌ته‌ مامۆستای زانكۆو وتنه‌وه‌ی فیقهی مالیكی، هه‌روه‌ك له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی جه‌زائیری ئه‌وسا (شازلی) له‌ ساڵی 1987 خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌، هه‌روه‌ك ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت پێگه‌و مه‌قامێكی به‌هێزی له‌نێو جه‌زائیرییه‌كاندا هه‌بووه‌و خۆشه‌ویست بووه‌ له‌ ناویان. هه‌روه‌ك له‌ ئێزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی جه‌زائیر وانه‌ی ئایینی ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ له‌ بواری فه‌رمووده‌و فه‌تاواكان. وه‌ چه‌ندین كتێب و نووسراوی نووسیوه‌، به‌ ناوبانگترینیان كتێبی (مێژووی جه‌زائیر) بووه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پێنج جلد.
(25) موحه‌مه‌د عه‌بده‌ یه‌مانی:
له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ 8/11/2010 دكتۆر موحه‌مه‌د عه‌بده‌ یه‌مانی وه‌زیری پێشووتری ئیعلامی سعوودی له‌ ته‌مه‌نی 72 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
دكتۆر یه‌مانی به‌ كتێبی (علموا أولادكم محبه‌ رسول الله) ناوی ده‌ركردبوو, هه‌روه‌ك دكتۆر یه‌مانی 35 كتێبی له‌ پاشه‌خۆی جێ هێشت، هه‌ندێ له‌ كتێبه‌كانیشی به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ بوراه‌كانی زانست و ئایین و رۆشه‌نبیرییه‌ جۆراوجۆره‌كان نووسیوه‌.
ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت بۆ كاری بانگخوازی له‌زۆر شوێن گه‌ڕاوه‌ له‌وانه‌ ئه‌فریقیاو ڕۆژهه‌لاتی ئاسیا. له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ به‌شداری له‌ درووست كردنی مزگه‌وت و قوتابخانه‌ شوێنه‌ پێویسته‌كانی خه‌ڵك ده‌كرد..


(26) نووحی قازی:
له‌ كۆتایی سه‌ره‌ساڵی 2010 موفتی پێشووی ئوردون؛ نووح سه‌لمانی قازی كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ گرنگترین كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌كانی ئوردون له‌ ته‌مه‌نی 71 ساڵی له‌ 19/12/2010 كۆچی دوایی كرد.
له‌ماوه‌ی كاریدا پله‌ی قازی و موفتی گشتی ئوردونی له‌ ساڵی 2007 پێ به‌خشراوه‌، به‌رده‌وام بووه‌ تاكوو ساڵی 2010 ده‌ستی له‌ كاره‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ پێشیش پله‌ی موفتی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئوردونی پێ به‌خشراوه‌، له‌ماوه‌ی كاره‌كانیدا هه‌زاران فه‌توای ئایینی له‌ هه‌موو بواره‌ جۆراوجۆره‌كان داوه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ كۆلێژی ئه‌میر حه‌سه‌ن بۆ دیراساتی ئیسلامی درووست كردووه‌. كه‌ تێیدا ده‌رچوانی ڕێگه‌ی مه‌لایه‌تیان پێدراوه‌ له‌نێو سوپادا.

ڕه‌حمه‌تی خوا له‌هه‌مووان بێت و ته‌مه‌نی زانایانیشمان پڕ به‌ره‌كه‌ت كات و له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی پێغه‌مبه‌رو یارو یاوه‌ران جێگیرو سه‌قامگیریان كات (ئامین)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه‌:
1. سایتی یه‌كگرتووی ئیسلامیی
2. سایتی ئیسلام په‌یك
3. سایتی كۆمه‌ڵ نیوز
4. سایه‌تی ده‌نگی ئیسلام
5. سایتی ئیسلام ئۆنلاین

تێبێنی: داوای لێبوردد ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر كه‌سی ترمان بیر چووبێت