نەجەف : بەبەشداری شاندێكی ئاینی و رۆشنبیری هەرێمی كوردستان ،كۆنگرەی نێودەوڵەتی گفتوگۆی ئاینەكان دەستیپێكرد.

بەبەشداری شاندێكی رۆشنبیری و ئاینی هەرێمی كوردستان ،رۆژی یەكشەممە 16/1/2011یەكەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی گفتوگۆی ئاینەكان لەشاری نەجەف دەستیپێكرد، لەدەسپێكی ئەم كۆنگرەیەدا كە گەورە مەرجەعەكانی سوننە و شیعە و مەسیحی و ئێزیدی و سابیئەی مەندائی و رۆشنبیر و چالاكوانانی بواری پێكەوەژیانی ئاینی لەسەرتاسەری عیراق و چەندین وڵاتی دنیا تیایدا ئامادەبوون و بەرپرسانی گەورەی حكومەتی عیراق و حەوزەی عیلمی نەجەف سەرپەرشتیان كرد،چەند وتارێك لەلایەن گەورە مەرجەعە ئاینی و رۆشنبیریەكانەوە

پێشكەش كران كە هەمویان تەئكیدیان لەسەر زەرورەتی پێكەوەژیانی ئاینی و كۆتایهێنان بەو بارودۆخە ناسەقامگیرە كردەوە كە بەهۆی ناكۆكی ئاینی و مەزهەبی عیراقی تێكەوتوە. كۆنگرەكە 3 رۆژ دەخایەنێت و لەهەرێمی كوردستان هەریەكە لە مامۆستا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و خەیری بوزانی بەرێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدیەكان و خالد ئەلبێر بەرێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحیەكان و مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم و چەند رۆشنبیر و كەسایەتی لەئاینە جیاجیاكانی كوردستان بەشدارن و چەند لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەزموونی سەركەوتوی پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن.