نه‌ما

سوپاس بۆ خوا...
راكه‌ن هه‌رێن هات نه‌ما، ژیان له‌ ئه‌شكه‌وت نه‌ما، كونه‌ ته‌یاره‌ نه‌ما، ژێر زه‌مین‌و ترس‌و بیم نه‌ما، (ألحمدلله) كوردستان ئارامه‌.. له‌وسه‌ر بۆ ئه‌مسه‌ری كوردستان به‌رێگا دابڕۆ به‌ ڕۆژوو به‌شه‌و له‌خۆت ئه‌مینی، ئینجا هه‌روابێته‌وه‌: پۆستاڕ له‌پێ كردنی به‌زۆری نه‌ما، فیلارو خۆ حه‌شاردان نه‌ما، بن پشك‌و ژن به‌ژنه‌و كچ به‌زۆر به‌شوودان نه‌ما، باره‌دارو گوێ درێژ باوی نه‌ما، پشته‌وه‌ی زیلی عه‌سكه‌ری‌و لۆری صلاح الدین نه‌ما (خه‌ڵكی ئێستا وا له‌پشته‌وه‌ی پیكابی مۆدێل به‌رز سه‌رناكه‌ون ئینجا رات چۆنه‌ به‌ناو بۆدی صلاح الدین)؟؟ خه‌وی سه‌ربان‌و هه‌روه‌ها به‌ر سۆبه‌ی داران باوی نه‌ما، عه‌بدایه‌تی نه‌ما، ئه‌زیه‌تی دروێنه‌ی به‌داسی نه‌ما، ئه‌زیه‌تی زۆری ئاوكێشان نه‌ما، ئه‌زیه‌تی زۆری رێگاو بان نه‌ما...هتد.

به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا:
سه‌ردانی‌و به‌جێگه‌یاندنی سیله‌ی ره‌حم كز بووه‌، حه‌یا لای به‌عزێك له‌ ئافره‌تان باری كردووه‌!، به‌ره‌كه‌ت نه‌ما!، كۆیلایه‌تی پاره‌و پول‌و كۆشك‌و ته‌لارو زگ‌و ژوور.. په‌ره‌ی سه‌ندووه‌!، گه‌وره‌و گچكاتی نه‌ما!، باوك‌و كوڕایه‌تی ره‌ونه‌قی نه‌ما!، براگه‌ورایه‌تی وه‌زنی نه‌ما!، جیرانه‌تی مۆدیلی نه‌ما!، ئه‌ده‌ب‌و شه‌رم‌و شكۆ به‌یبایان كرد!، شوانێتی نه‌ما!، مه‌ڕداری به‌حاڵ ماوه‌!، هه‌ره‌وه‌ز نه‌ما، قه‌ناعه‌ت نه‌ما!، هیممه‌ت نه‌ما!، عه‌زیمه‌ت نه‌ما!، خۆ دوور گرتن له‌حه‌ڕام كه‌مه‌!، خۆ پارێزی له‌گوناح كه‌مه‌!، وره‌ (له‌هه‌موو روێكه‌وه‌) كه‌مه‌!، وه‌فا نه‌ما (به‌تایبه‌ت ئه‌ولاد به‌رامبه‌ر به‌ دایك‌و باب)!، ژیانی خه‌ڵكێك له‌ناومان بووه‌ به‌ یاری‌و گه‌مه‌!، به‌رژه‌وه‌ندی تێكدان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رامبه‌ر هه‌ر نه‌ما!، ئینتیما بۆ خاك‌و نیشتیمان نه‌ما (به‌ڵكو بووه‌ بۆ ورگ‌و بۆ گیرفان)!، پێ راكێشان به‌ قه‌د به‌ڕه‌ی خۆی نه‌ما!، دۆست‌و دوژمنی به‌ ئاشكرا نه‌ما (به‌ڵكو بووه‌ته‌ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات دۆستته‌ وه‌كی تر دوژمنته‌.. باش‌و خراپت لێ تێكه‌ڵ بووه‌)!، گوێگرتن له‌ نه‌سیحه‌ت‌و ئامۆژگاری تاقه‌تی بۆ نه‌ما!، كلتورو فۆلكلۆر بوونی نه‌ما!، له‌ مه‌جلیسا باسی پیاوچاكان‌و زیكر كردن نه‌ما (به‌ڵكو به‌زۆری باس هه‌ر باسی پاره‌و سه‌یاره‌و زه‌وی‌و خانوو قه‌رزو حازرو...هتد.)ییه‌!، توڕه‌بوون له‌بۆ خوا نه‌ما (به‌ڵكو به‌زۆری هه‌ر له‌بۆ خۆمان‌و دونیا توڕه‌ ده‌بین)!، شه‌رم بوون به‌پێگه‌ی خۆو باب‌و باپیر كه‌مه‌!، نان دانی غه‌ریبه‌ نه‌ما!، نه‌فره‌تكردنی شه‌یتان ته‌نها به‌قسه‌یه‌و به‌ڕاستی كردار نه‌ما!، ته‌وازوع كه‌مه‌!، ته‌سبیح بۆ جوانیه‌و زیكری پێ نه‌ما، چاوپۆشین له‌ هه‌ڵه‌ی یه‌كتری‌و لێبوردن كه‌مه‌، قسه‌ی خێر زانین كه‌مه‌!،
ئه‌گه‌ر وابڕوات (زۆر به‌داخه‌وه‌) كلتوری بێگانه‌ هه‌روه‌ك شوێنی به‌ كلتوری ره‌سه‌نی كوردی له‌ق كردووه‌ (ده‌ترسم له‌ ئاینده‌دا) هه‌ربه‌ ئه‌وه‌نده‌ش رانه‌وه‌ستێت‌و به‌ڵكو به‌ته‌واوه‌تی زاڵ بێت!.

تێبینی/ هه‌موو ئه‌و (نه‌ما)یانه‌ بایی هه‌ندێ‌‌و زیاتریش (ماوه‌) كه‌ دڵمان پێ ی خۆشبێت‌و شانازی پێوه‌ بكه‌ین.. به‌ڵام ئێمه‌ی مامۆستایانی ئایینی غه‌مخۆر بۆ دین‌و ژینی گه‌ل‌و میلله‌ت حه‌زمان لێ یه‌ زیاتریش بمینێ‌‌و دین‌و ئیمانمان بپارێزین‌و هه‌روه‌ها كلتوری ره‌سه‌نی كوردی خۆشمان به‌ قوربانی هیچ كلتورێ نه‌كه‌ین.