ئایا ئێن ئاڕ تی چی له‌ئاینی ئیسلام ده‌وێت ؟!!!

ئه‌گه‌ر زۆرێك له‌مرۆڤه‌كان به‌مروری زه‌مه‌ن تاقی بكه‌یته‌وه‌ گومانی تێدا نیه‌ دوای ماوه‌یه‌ك یه‌كسه‌ر ڕووی ئاشكرای ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی بۆخۆی وات لێ ده‌كات به‌جوانی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی بناسیته‌وه‌ ، بێگومان له‌م كوردستانه‌ی خۆماندا كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه‌و به‌ئاشكراو هه‌ریه‌كه‌و حیزب و لایه‌نێك پشتیوانی ده‌كات ، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی دامه‌زراندنیان بكه‌ین ده‌بینین به‌ئاشكرا پرۆگرام و ئامانجه‌كانی خۆیان خستۆته‌ ڕوو ، ئایا ده‌بنه‌ كه‌ناڵێكی ئیسلامی یان عیلمانی یاخود هه‌واڵ و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌هه‌موو پرۆگرام و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنی یه‌كان ، وه‌ ئایا سه‌ر به‌ئۆپۆزیسیۆنن وه‌كو كه‌ناڵه‌كانی لایه‌نه‌ ئیسلامی یه‌كان و كه‌ی ئێن ئێن ، یاخود وه‌كو كه‌ناڵی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات كار ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها ڕووی جوانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌خه‌نه‌ ڕوو ـ وه‌كو كه‌ناڵه‌كانی سه‌ر به‌پارتی و یه‌كێتی ــ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ناڵی ئین ئاڕ تی ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ خۆی وا ناساند كه‌ كه‌ناڵێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و سه‌ر به‌هیچ حیزب و لایه‌نێك نیه‌ ، جا چ ئۆپۆزیسیۆن بێت یاخود ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تێپه‌ڕ نه‌كرد یه‌كسه‌ر ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌چه‌ند شوێنێك به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی ئاشكرا كرا ، وه‌ خاوه‌ن و ئه‌وه‌ی كه‌پشتیوانی لێ ده‌كات خرایه‌ به‌ر دیدی خه‌ڵكی كوردستان ، هه‌موو ئه‌مانه‌ كه‌باسمكرد ته‌نها مه‌به‌ستێكم هه‌یه‌ له‌و باسكردنه‌ ، ئه‌ویش ناساندنی ئێن ئاڕ تی یه‌ به‌خوێنه‌رانی كورد زوبان و ئایین په‌روه‌ر ، چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ دژایه‌تیكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام به‌ڵام به‌دیوێكی تردا ، ئه‌ویش به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك به‌ناوی (به‌بوێری) ، هه‌وره‌ها له‌به‌رنامه‌ی چاوپێكه‌وتن كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سدا كه‌بیریان سه‌د ده‌ر سه‌د دژی ئیسلامه‌ ، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لای خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رنامانه‌ له‌ژێر ناوی بیری ئازاد و به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و پرۆگرامه‌كانیانه‌ ، بۆ ؟؟؟؟ .
به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستی یانه‌و ئاینی یانه‌ی بۆبكه‌ین ، ده‌بینین له‌دوو خاڵ زیاتر هه‌ڵناگرێت :
یه‌كه‌میان : كۆمه‌ڵه‌ پرسیارێكی به‌ناو زانستی یانه‌ ده‌كات ، ده‌بینین نه‌ك زانا ئیسلامی یه‌كان و ده‌قه‌ ئاینی یه‌كان ، به‌ڵكو زۆربه‌ی زانایانی ڕۆژئاواو دوور له‌دین تائێستا ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و زانایه‌ كه‌ ئه‌م له‌هه‌ندێ كون وقوژبنی سه‌رچاوه‌كاندا ده‌یهێنێته‌وه‌ ، ئه‌وان نه‌ك هه‌ر باوه‌ڕیان پێی نیه‌ به‌ڵكو به‌درۆشی ده‌خه‌نه‌وه‌ ، واته‌ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێشكه‌شكارو ئاماده‌كاری ئه‌و به‌رنامه‌ ئاماده‌ی ده‌كه‌ن و ئاراسته‌ی میوانی به‌رنامه‌كه‌ی ده‌كه‌ن ، خۆ هه‌موو زانایانی ڕۆژئاوا كۆ ده‌نگی یان نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌ ، به‌ڵكو وه‌كو شتێكی شاز و ناباو وایه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆچی ئه‌و به‌ڵگانه‌ كه‌ ده‌خرێنه‌ ڕوو باس ناكرێت كه‌ تاكو چه‌ند له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بوونی هه‌یه‌و سه‌لمێنراوه‌ ؟؟؟؟ ، چونكه‌ كاكی پێشكه‌شكار یاخود لایه‌نی ئاماده‌كاری به‌رنامه‌ نه‌چوونه‌ به‌وردی له‌سه‌ر ئه‌و باس و خواستانه‌ به‌وردی بخوێننه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌چاوێكی هه‌قیقه‌ت و زانستیانه‌ بیخه‌نه‌ قاڵبی ئه‌رزی واقیعه‌وه‌و به‌ته‌واوی بیپێون ، چونكه‌ هه‌ر ده‌قێك له‌كتێبه‌ زانستی یه‌كاندا هات پێویسته‌ بسه‌لمێنرێت ، نه‌ك هه‌ر سه‌لماندنیش به‌مێشك و بیروڕای خاوه‌ن بیرۆكه‌كه‌ ، وه‌كو بیرۆكه‌ی (داروین) وه‌كو سمپڵێك ، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌رزی واقیع گه‌واهی ئه‌وه‌ بدات كه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی دروستكردن و خه‌لقی ئه‌رزو ئاسمانه‌كان و ئه‌وه‌شی تێیدایه‌ ده‌گونجێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناپرۆفیشیناڵی لایه‌نی ئاماده‌كاری به‌رنامه‌كه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت ئه‌و لایه‌نه‌ تاوتوێ بكات ، یاخود ده‌توانێت ، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ی ئه‌و گه‌وجاندنی خه‌ڵكی كوردستانه‌و شێواندنی بیروڕایانه‌ ده‌رهه‌ق به‌دروستكه‌ریان كه‌خوای گه‌وره‌یه‌ .
دووه‌میان : له‌ڕووی ئاینی یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای پرسیاره‌كان بكه‌ین ، ده‌بینین بۆئه‌وه‌ نی یه‌ كه‌ خه‌ڵكی موسوڵمانی كورد زوبان شاره‌زای دینه‌كه‌یان بن ، وه‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌كان و بیروڕا پوچه‌ڵه‌كانی مولحیده‌كان بزانن ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نی ئیسلامی و دینداری له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ (95%) ی موسوڵمانه‌ ، به‌ڵكو به‌ئاشكرا كۆمه‌ڵێك شوبهه‌ی ڕۆژئاوایی یه‌كان دێنێته‌وه‌ كه‌ لای ئه‌وان هه‌ر زوو ئیكسپایه‌ر بووه‌ ، به‌ڵام له‌سه‌ر مێزگردی ئه‌و كه‌ناڵه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ گه‌رم ده‌كرێته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت ده‌رخواردی بیری پاكی ئیسلامێتی خه‌ڵكی كوردستانی بده‌ن ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو وه‌كو له‌خاڵی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌م پێكرد زیاتر ئه‌وان به‌و بیروڕا ڕۆژئاواییانه‌ كه‌ ته‌نها بیرۆكه‌ی یه‌ك زانایه‌ كه‌چی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ری ده‌بڕێت كه‌ هه‌موو زانایانی جیهان ئه‌و ڕایه‌یان هه‌یه‌ ، خۆی له‌خۆیدا ئه‌م كاره‌ سه‌ره‌تا گه‌وجاندنی خه‌ڵكه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ناپرۆفیشناڵی و ئه‌مانه‌تی عیلمی نه‌پاراستنیشه‌ له‌لایه‌ن ئاماده‌كاری ئه‌و به‌رنامه‌وه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو دژایه‌تیكردنیشه‌ له‌به‌رامبه‌ردا نایانه‌وێت كه‌سی میوان له‌به‌رنامه‌كه‌دا به‌ویستی خۆی وه‌ڵامی شوبهه‌و چه‌واشه‌كان بداته‌وه‌ ، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بوو كه‌ (د.عبدالواحید) میوانی به‌رنامه‌كه‌ بوو ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانویستایه‌ بگه‌نه‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و خاڵی كۆتایی بێگومان پێویست بوو له‌سه‌ر پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ ئه‌وه‌نده‌ مۆڵه‌تی به‌میوانی به‌رنامه‌كه‌ بدایه‌ تاوه‌كو به‌جوانی و به‌به‌ڵگه‌ی ئاینی و زانستی ئه‌و شوبهانه‌ی ڕه‌ت بكاته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌موومان بینیمان چۆن دوای باسكردنی ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌ك له‌لایه‌ن (د.عبدالواحید)ه‌وه‌ یه‌كسه‌ر پێشكه‌شكاره‌كه‌ هه‌وڵی ده‌دا زیاتر شوبهه‌كان نه‌ڕه‌وێته‌وه‌و ئاشكرا نه‌بێت ، بۆیه‌ پرسیاری دیكه‌ی ئاراسته‌ ده‌كرد ، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا سانسۆر خستنه‌ سه‌ر میوانی به‌رنامه‌یه‌و ئه‌ته‌كێتی گفتوگۆش به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ ، چونكه‌ پێویست ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی پرسیاره‌كه‌ كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌شی پێ بدرێت ، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئێن ئاڕ تی به‌ری ڕوناكی تیشكی خۆر به‌بێژنگ ناگیرێت ، هه‌روه‌ها تیشكی خۆریش به‌فوی ده‌می هیچ كه‌سێك دانامركێته‌وه‌ ، وه‌ ئامۆژگاریشم بۆتان ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر باس و خواسێكی تازه‌تان پێ یه‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌رزو ئه‌وه‌ش گه‌ز ، به‌ڵام تكایه‌ بنێشته‌ كۆنه‌ی خه‌ڵكی مه‌نێنه‌ ده‌مه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ئێوه‌ ئێستا سه‌رقاڵن ، هه‌ر زوو له‌وڵاتاندا فه‌شه‌لی هێناو دوا بڕاو كراو به‌بێ هیچ ده‌ستكه‌تێك له‌گۆڕه‌پانی زانستی و ئایینی پاشه‌كشه‌ی كردو ئاڵای سپی هه‌ڵكرد ، وه‌ واش نه‌زانن ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن شتێكی گرنگه‌و پڕ بایه‌خه‌ بۆخه‌ڵكی كوردستان ، چونكه‌ دڵنیابن ته‌نها كۆمه‌ڵێكی كه‌م نه‌بێت به‌و شوبهانه‌تان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێت ئه‌گینا لای هه‌موان زوو ئه‌و فێڵه‌ ئاشكرا بووه‌و بینیشمانه‌ هه‌ڵگری ئه‌و بیرۆكانه‌ ڕۆژیان گه‌یشتۆته‌ كوێ و كێ پێشوازی له‌و بیرۆكانه‌ كردووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌م باسه‌دا خستمه‌ ڕوو ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كه‌ باسێكی كورت بخه‌مه‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ئه‌و به‌رنامه‌یه‌و ئامۆژگاری به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ش ده‌كه‌م سنورێك بۆئه‌و شتانه‌ دابنێن و چیدی ئه‌و به‌رنامه‌ بێ سودانه‌ پێشكه‌ش نه‌كه‌ن ، چونكه‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك له‌هه‌موو به‌رنامه‌یه‌ك و پرۆژه‌یه‌كدا سود گه‌یاندن و بینه‌ر ڕاكێشانه‌ بۆلای كه‌ناڵه‌كه‌ ، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێوه‌ ده‌توانن به‌پێی ڕاپرسی گشتی ـ نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌خۆتان مه‌به‌ستتانه‌ ـ ئه‌نجامه‌كه‌ی وه‌ربگرن ، كه‌ ده‌بینن سه‌دا حه‌فتاو پێنج به‌سه‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی له‌و به‌رنامانه‌ زویره‌و به‌چه‌واشه‌كاری ده‌زانێت ، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌نوسم ، ئه‌گینا شتی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت ، بۆیه‌ گه‌ر به‌رنامه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو به‌پشتیوانی په‌روه‌ردگار له‌باسه‌كانی دیكه‌دا به‌درێژی باسی لێوه‌ ده‌كه‌م و هه‌ندێ له‌نهێنی یه‌كانی پشت پێشكه‌شكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو ئه‌گه‌ر خوای په‌روه‌ردگار ویستی له‌سه‌ر بوو ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر كات هه‌بوو ئه‌وا كورته‌ وه‌ڵامێكی به‌رنامه‌ی (چاوپێكه‌وتن) كه‌ له‌گه‌ڵ (فوئاد میصری)یش ئاماده‌ ده‌بێت إن شاْ ألله ، چونكه‌ پێم وابێت ئه‌و مامۆستایه‌ له‌به‌ڕه‌كه‌ی خۆی زیاتر پێی ڕاكێشا ، بۆیه‌ یاسای ژیان وایه‌ هه‌ركه‌س له‌ڕاخه‌ره‌كه‌ی خۆی زیاتر پێی ڕابكێشێت پێویسته‌ ئاگادار بكرێته‌وه‌و دواتر ئامۆژگاری و ته‌مبێ بكرێت .
هیوا زیره‌ك گه‌رمیان
Hiwazerak88@yahoo.com
009647705090304