لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی ده‌كات

مه‌لا سه‌ید صدیق كه‌پرانی، ڕاگه‌یاندنی لقی هه‌ولێر:

سه‌رله‌ ئێواره‌ی رۆژی 19/1/2011 شێخ نیاز راغب دێگه‌یی به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن قادیانی به‌رپرسی ناوچه‌ی یه‌كی هه‌ولێرو، هه‌روه‌ها كارگێڕو ئه‌ندامانی لق سه‌ردانی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامیان كرد‌و، له‌لایه‌ن به‌ڕێز دكتۆر موحه‌مه‌د شه‌ریف دووشیوانی سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی‌و، ئه‌ندامانی كۆڕبه‌ند پێشوازیێكی گه‌رمیان لێكرا.


سه‌ره‌تا شێخ نیاز راغب دێگه‌یی به‌ناوی خۆی و شاندی یاوه‌ری زۆر سوپاسی كردن بۆ ئه‌م پێشوازیه‌ گه‌رمه‌‌و، پاشان ئاماژه‌ی به‌ پێویستی و گرنگی هه‌ماهه‌نگی نێوانیانی كرد بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یه‌كڕیزی مامۆستایانی ئاینی و پسپۆڕانی، به‌ تایبه‌تیش له‌ كات و ساتێكی ئاوادا ، كه‌ بێگومان به‌ یه‌كڕیزی‌و هه‌ماهه‌نگی نێوانمان ئه‌زموونی وڵاته‌كه‌مان له‌پرسه‌ ئاینی یه‌كان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین.

له‌ به‌شێكی وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: كه‌ یه‌كێتی زانایان به‌ تایبه‌تیش ئێمه‌ وه‌ك لقی هه‌ولێر، دوپاتی هه‌ماهه‌نگیمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگامان، زیاتریش له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆگرام و په‌یامی ئێمه‌وه‌ نزیكن.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دكتۆر ومحه‌مه‌د شه‌ریف سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی، به‌ناوی خۆی و ستافه‌كه‌ی وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ كاروچاڵاكییه‌كانی لقی هه‌ولێر، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندیه‌كان كرده‌وه‌و كرده‌وه‌‌و، باسیان له‌ ئالیه‌تێك كرد به‌ مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌ت گه‌یاندن به‌بواری ئاینی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ڕه‌چاوی هه‌موو به‌ها به‌نرخه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مانی تێدا بكرێت.

وه‌ له‌كۆتایشدا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌گرنگی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێك یاخود خولێكی به‌رده‌وامی كرده‌وه‌، كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان بێت‌و، تایبه‌ت به‌ مامۆستایانی ئاینی، به‌ مه‌به‌ستی زیاتر شاره‌زابوونیان له‌ پرسه‌ فیكریه‌ ئاینی و ئیسلامیه‌كان‌و، پێگه‌یاندنی كادیرو وتارخوێن‌و نوسه‌ری به‌ توانای ئاینی له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌ تایبه‌تیش شاری هه‌ولێر.