ماوه‌یه‌كه كه‌ناڵی ئاسمانی (ئێن ئار تی) به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه پێشكه‌ش ده‌كات به ناوی (به‌بوێری)، هه‌ر جاره‌و میوانداری مامۆستایه‌كی ئایینی یان كه‌سێكی شاره‌زا له بواری ئایینی ئیسلام ده‌كات و كۆمه‌لێك پرسیار‌و ڕه‌خنه ده‌خاته به‌رده‌می بۆ ئه‌وه‌ی وه‌لامیان بداته‌وه .
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م چه‌ند خالێكه له‌سه‌ر به‌رێوه‌چوونی به‌رنامه‌كه له ڕووی شێوازی گفتوگۆكان و ئه‌گه‌ری ڕه‌وایه‌تی و ناڕه‌وایه‌تی ئه‌و جۆره له حیوار، پاشان ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی لێی چاوه‌روان ده‌كرێ له حاڵی به‌رده‌وامبووونی به‌رنامه‌كه به‌و شێوازه .
به‌رای من به‌ده‌ر له باسی بوون یا نه‌بوونی ره‌وایه‌تی ئه‌و به‌رنامه‌یه له ڕوانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه، به‌رنامه‌كه كۆمه‌لێك ناهاوسه‌نگی تێدایه كه ده‌كرێت ناویان بنێین ناڕه‌وایی ده‌رهه‌ق به ئیسلام .
1_ یه‌كه‌م ناڕه‌وایی ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌كه كار له‌سه‌ر دروستكردنی گوومان و گه‌ڕان به‌دوای هه‌ڵه‌و ناته‌واویه‌كان ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی وه‌ك ڕه‌خنه یان تۆمه‌ت به‌رامبه‌ر قورئانی پیرۆز و كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام گووتراوه هه‌مووی كۆ بكاته‌وه‌و بیدات به ڕووی كه‌سی میواندا، واته به‌رنامه‌كه هه‌وڵ ده‌دات كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌و كه‌موكوری بكات له قورئانی پیرۆز‌و بیروباوه‌ری موسلماناندا، نه‌ك هه‌وڵی گه‌یشتن به راستیه‌كان بدات، یان بابه‌تێك ته‌مومژی له‌سه‌ربێ و جێی گومان بیت هه‌ولی ڕه‌واندنه‌وه‌ی بدات، به پێچه‌وانه‌وه به‌رنامه‌كه هه‌ولی دروستكردنی گوومان ده‌دات به تایبه‌ت له‌سه‌ر قورئانی پیرۆز .
له‌وانه‌یه بگووترێ ئه‌ركی رۆشنبیر گوومان دروستكردنه له‌سه‌ر بابه‌ته جۆراو جۆره‌كان چونكه گوومان سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت، به‌لام له راستی دا وانیه، چونكه رۆشنبیر‌و داناكان خۆیان گوومان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به حه‌قیقه‌تی شته‌كان، نه‌ك گوومان بۆ خه‌لك دروست بكه‌ن بی ئه‌وه‌ی وه‌لامی ته‌واویان پێ بێ بۆیان، چونكه گوومان دروستكردن له‌سه‌ر سه‌لمێنراوێك به‌بێ بوونی وه‌لامێكی تری جێی باوه‌ر جگه له سه‌ر لێشێواندن و گومرایی به‌رهه‌مێكی تری نابێ .
2_ ئه‌و ره‌خنه‌و گومان و تۆمه‌تانه‌ی له‌سه‌ر زاری پێشكه‌شكاره‌وه ئاراسته ده‌كرێن بێ خاوه‌نن، كه‌سایه‌تی ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ر له رووی ئایین و بیروباوه‌ره‌وه تێیدا ونه، واته باوه‌رو ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی ئاشكرا نیه، ئایا خاوه‌نی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه سه‌ربه ئاینێكی تره؟ یان ئه‌گه‌ر باوه‌ری به هیچ ئاینێك نیه سه‌ر به چ مه‌دره‌سه‌یه‌كی فیكریه؟ ئایا چه‌په، لیبراله، وجودیه، عه‌به‌سیه؟ ئه‌وه‌ش نادادپه‌ره‌ری و نه‌بوونی هاوسه‌نگی له‌به‌رنامه‌كه‌دا دروست كردووه، ته‌ره‌فێك ته‌نها پرسیار‌و ره‌خنه ئاراسته ده‌كات و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی مه‌حكوم ده‌كات، ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ریش ته‌نها ده‌بێ وه‌لام بداته‌وه‌و به‌رگری بكات بێ ئه‌وه‌ی بزانێ (خصم)ه‌كه‌ی كێیه، بێگوومان ئه‌وه كێبه‌ركێیه‌كی عادیلانه نیه، نموونه‌ی ئه‌وه ده‌توانم بلێم وه‌ك ئه‌وه وایه دوو كه‌س تۆپێن بكه‌ن یه‌كیان به‌به‌رده‌وامی هه‌ر گۆلچی بێ و ئه‌وه‌ی تریش تۆپ ئاراسته‌ی گۆڵه‌كه‌ی بكات، بێگومان گۆلچیه‌كه هه‌ر ده‌بێ له خه‌می ئه‌وه‌دا بێ گۆلی لێ نه‌كرێ و به‌كه‌مترین زه‌ره‌ر بێته ده‌ره‌وه، به‌لام به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ ده‌دات گۆڵ تۆمار بكات ئه‌گه‌ر توانی ئه‌وه خۆی به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێ ئه‌گه‌ر نه‌شی توانی ئه‌وه هیچ زه‌ره‌ری نه‌كردووه و خۆی به دۆراو نازانێ . ئه‌و شێوازه له گفتوگۆش به هه‌مان شێوه‌یه، به‌تایبه‌ت كه پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه خۆی ناكاته خاوه‌نی ره‌خنه‌و پرسیاره‌كان و وای پیشان ده‌دات كه ته‌نها قسه‌ی ڕه‌خنه‌گره‌كان نه‌قڵ ده‌كات، ڕه‌خنه‌گره‌كانیش ناسنامه‌ی فیكری و ئایینیان دیار نیه .
زانینی ئینتیمای ئایینی و فیكری به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وه پێویسته تاكو بزانین ئه‌وانه كه قورئانی پیرۆز‌و ته‌واوی ئیسلام ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه ئایا ته‌فسیرو لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ (بوون)و (ژیان) و (مردن) و (مرۆڤ) و تێكرای گه‌ردوون و بوونه‌وه‌ر چیه؟ چونكه ئه‌و به‌رنامه‌یه نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر راستی قورئان و هاتنی له‌لایه‌ن خواوه داده‌نێ، بێگومان ئه‌و جۆره پرسیاره لای موسلمان دروست نابێ، چونكه باوه‌ر هێنان به‌وه‌ی قورئان له‌لایه‌ن خواوه هاتوه‌و هه‌مووی راسته‌و ده‌ستكاری مرۆڤ نیه سه‌ره‌كی ترین پایه‌ی موسلمانێتیه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ری به‌وه نه‌بوو هیچ مانایه‌ك بۆ موسلمانێتییه‌كه‌ی نامێنێته‌وه هه‌تا ئه‌گه‌ر ئیدیعاشی بكات، له مێژووی ئیسلامیشدا ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی له‌و جۆره‌یان به‌ناو خه‌لك بلاو كردبێته‌وه به (زه‌ندیق) ناسراون، واته به موسلمان دا نانرێن، كه‌وابوو خاوه‌نی ئه‌و ره‌خنه‌و گوومانه ده‌بێ بیروباوه‌رێكی تری هه‌بێ.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ئه‌و به‌رنامانه چ ئه‌نجامێكیان ده‌بێ و به‌ره‌و كوێمان ده‌به‌ن چه‌ند خالێك ده‌خه‌مه روو:
1_ بێگوومان ئیسلام وه‌كو ئایین زۆر له‌وه به‌هێزترو ڕه‌گ داكووتراوتره كه چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك یان چه‌ند كه‌نالێكی راگه‌یاندن پاشه‌كشێی پێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك سۆز‌و حه‌ماسه‌تێكی ئایینی نالێم به‌لكو به گه‌رانه‌وه بۆ مێژووی دوور‌و نزیكی ئیسلام و واقیعی ئیستا ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌م، بینیمان له‌سه‌ده‌ی رابردوودا ماركسیزم چه‌ند به‌هێزبوو، وه‌ك ده‌سه‌لات هێزێكی سه‌ره‌كی دنیابوو هه‌روه‌ها خاوه‌ن ئایدیۆلۆجیایه‌كی سه‌رنجراكێش و ئومه‌میش بوو به‌لام له به‌ربه‌ره‌كانێی له‌گه‌ل ئایینی ئیسلامدا نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی بیباته‌وه به‌لكو شكستێكی مێژوویی تۆمار كرد .
2_ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌لگای كوردیش به‌رای من ئه‌و به‌رنامه‌یه‌و هاوشێوه‌كانی كه راسته‌وخۆ ده‌ست بۆ ئایینی خه‌لك و پیرۆزیه‌كانیان ده‌به‌ن رۆژ له دوای رۆژ تووره‌یی خه‌لك زیاتر ده‌كه‌ن و چاوه‌رێی شتی باشی لێ ناكرێ، هه‌ر ئه‌و خه‌لكه دل برینداره‌یه كه ناوبه‌ناو ده‌بینین لێره‌و له‌وێ رق‌و تووره‌یی خۆی به‌سه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ك یان شوێنیكی گه‌شتیاری یان زۆر جار به‌سه‌ر حزبێك یان ده‌زگایه‌كی حكومه‌ت دا هه‌ڵ ده‌رێژێ كه ئه‌وه‌ش كارێكه كه‌س نابێ حه‌ز به رودانی بكات یان ببێته هۆكاری دروستبوونی .
3_ ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌و جۆره به‌رنامانه‌وه‌ن دڵی خۆیان به‌وه خۆش بكه‌ن كه خه‌لكێك به هۆی ئه‌وانه‌وه واز له ئیسلام بێنێ، به‌وجۆره ورده ورده ناسنامه‌ی ئیسلامی له میلله‌تی كورد بكه‌نه‌وه‌و بیكه‌نه ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ! .
به‌لام من دلنیای هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه ده‌كه‌مه‌وه كه خۆ ماندوو كردنیان بی سووده، چونكه ئیسلام میّژوویه‌كی درێژی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هیرشه فیكری و جه‌نگه ده‌روونیه‌ی به‌رامبه‌ر شوێن كه‌وتوانی په‌یڕه‌و كراوه‌و ده‌كرێ، هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئیستا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن چه‌ندین ساله له كه‌ناڵه عه‌ره‌بیه نه‌صرانیه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ناوی به‌رنامه‌كه‌ش كۆپیكراوی به‌رنامه‌ی یه‌كێك له‌و كه‌ناڵانه‌یه، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ده‌بینین له ولاتانی عه‌ره‌بی ده‌نگی زاڵ و به‌هێز هه‌ر ئی موسلمانان و خه‌لكی دینداره .
پاشان ئه‌وانه‌ی به‌گژ قورئان و ئیسلام دا ده‌چنه‌وه ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه له ئیسلامه‌وه بمان خه‌نه سه‌ر دینێكی تر، ئه‌وه من هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نابینم، ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێ به‌ره‌و ئیلحادو بێباوه‌ریمان ببه‌ن ئه‌وه‌ش جگه له گومرابوون و پچرانی شیرازه‌ی كۆمه‌لگا هیچ سودێكی ترمان پێ ناگه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌ر ته‌نها خۆ ژیاندن و كاسبیش بێ ئه‌وه به‌راستی كه‌سابه‌تێكی شه‌ریف نیه .
yasinwarty@yahoo.com |