ئه‌ركی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا

ئێمه‌ی شوێنكه‌ی رێبازی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌قوایه‌ بزانین، هاتنی پێغه‌مبه‌ر بۆ چ مه‌به‌ست‌و ئامانجێك بووه‌‌و ئێمه‌ تا چه‌ند هۆشیارین له‌و باره‌وه‌، كه‌ له‌ راستیدا په‌یامی ئه‌و بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئاده‌میزاد بووه‌، ئه‌و ئه‌ركانه‌ش گرنگ بوونه‌‌و ماندووبونێكی ته‌واوی له‌ پێناو كێشراوه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، ئایا خوای گه‌وره‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بڵێن ئه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ره‌؟

یان ئایا بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ تا ده‌سته‌ڵات‌و پێگه‌ی پێ‌ وه‌ربگرێ‌؟ یان بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ته‌نها به‌ وشه‌یه‌ك بڕوای پێ‌ بهێنین‌و ته‌واو؟

بێگومان نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌رك‌و وه‌زیفه‌ی پێغه‌مبه‌ر بۆ جێبه‌جێ‌ كردنی چه‌ند ئه‌رك‌و هه‌نگاوێكی گرنگ بووه‌، كه‌ بوونه‌ مایه‌ی هێنانی به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤایه‌تی‌و رزگاربوونی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سته‌م‌و نادادی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێی پۆلێنی هه‌ندێ‌ له‌ ئه‌ركه‌كان بێت، ئه‌وه‌ گرنگترینیان ئه‌مانه‌ بوون:

یه‌كه‌م: گه‌یاندنی په‌یام: هه‌روه‌كو خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: (هؤ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ يَ‌َيَاتِهِ ؤيُزَكِّيهِمْ ؤيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ ؤالْحِكْمَةَ) كه‌واته‌ ئه‌كه‌م ئه‌ركی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ئه‌وه‌ بوو، كه‌ په‌یامی خوا بۆ خه‌ڵكی روون بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌نده‌كان روون بێت‌و بۆ سه‌رفرازی خۆیان به‌دوای راستی‌و دروستیه‌وه‌ بگه‌ڕێن، چونكه‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ‌ ئه‌و راستیه‌ بزانێ‌ كه‌ هاتنی پێغه‌مبه‌رو روونكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی ته‌نها مه‌به‌ست لێی هۆشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ له‌هه‌ردوو رێگه‌ی راست‌و چه‌وته‌وه‌.


دووه‌م: په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی: ئه‌ركی دووه‌می پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌روه‌ك په‌روه‌رگار ده‌فه‌رموێ‌ (ؤيُزَكِّيهِمْ) ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئیماندارن په‌روه‌رده‌ بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی خۆشه‌‌و له‌هه‌مان كاتیش ئاراسته‌ی كارو كرده‌وه‌یان به‌ره‌و چاكه‌‌و ره‌وشت به‌رزی ببات، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان چاویان لێك بێ‌‌و پێشێلكاری به‌رامبه‌ر یه‌كتر ئه‌نجام نه‌ده‌ن‌و هه‌وڵی شكاندنی یه‌كتر نه‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر خێر رابێ‌‌و زوڵم‌و سته‌م له‌یه‌كتری نه‌كه‌ن، كه‌س ماڵی كه‌س داگیر نه‌كات‌و هه‌ڵوێستی ناشیرن به‌رامبه‌ر یه‌كتر نه‌نوێنن، كه‌س ژێر ده‌سته‌ی كه‌سی تر نه‌بێ‌‌و هه‌وڵی برایه‌تی‌و ته‌بایی له‌ نێو خۆیان بده‌ن‌و كه‌رامه‌تی یه‌كتر بپارێزن‌و به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی جوانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا یه‌كتر بكه‌ن، بۆیه‌ ته‌زكیه‌ی ده‌روون‌و خۆ راهێنان ئه‌ركێكی گرنگه‌ بۆ هه‌مووان، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌ پێواویدا ره‌نجی زۆری كێشا.


سێیه‌م: شاره‌زایی به‌رنامه‌ی خوا: هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: (ؤيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ) واته‌ فێری قوڕئان‌و شه‌ریعه‌تیان بكاتن چونكه‌ ئه‌م په‌رتووكه‌ ته‌واوی ماناو مه‌قسه‌ده‌كانی شه‌ریعه‌تی له‌خۆ گرتووه‌‌و به‌رنامه‌یه‌كی ته‌واوه‌ بۆ تێكرای ژیان‌و سه‌رفراز بوونی مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ردوو دونیادا، له‌ راستیدا مرۆڤ پێویستی به‌ یاسا‌و به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ تا له‌سه‌ری بڕوات‌و رێڕه‌وی ژیانی خۆی بدۆزێـه‌وه‌، تا سه‌ره‌نجام كۆی مرۆڤه‌كان ببنه‌وه‌ به‌ یه‌ك‌و وه‌ك یه‌ك خێزان بژن، قوڕئانی پیرۆز باشترین به‌رنامه‌‌و ده‌ستووره‌ بۆ مرۆڤایه‌تی.


نه‌ك وه‌ك ئه‌و عورفه‌ خراپانه‌ی كه‌ بوونه‌ مایه‌ی دروست كردنی كێشه‌‌و گرفت له‌ناو كۆمه‌ڵگا، نه‌ك یاسایه‌ك گه‌وره‌‌و زه‌به‌لاحه‌كان بكاته‌ ده‌سته‌ راست، نه‌ك یاسایه‌ك جیاوازی بخاته‌ نێو چین‌و توێژه‌كان، نه‌ك یاسایه‌ك شمولی گچكه‌ بكات‌و گه‌وره‌ ببورێ‌.


به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ر به‌ پێی شه‌ریعه‌ت‌و ده‌ستووری قوڕئان كاری ده‌كردو یاسایه‌كی جوانی داهێناو له‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤه‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كرد، ئه‌وه‌تا له‌ باره‌ی فاتیمه‌ی كچی خۆی ده‌فه‌رموێ‌: (فوالژی نفس محمد بیده لو كان فاگمه‌ بنت محمد سرقت لقگعت یدها)، یاسایه‌ك كه‌ مافی گشت چه‌وساوان ده‌سته‌به‌ر بكات له‌ بۆچوون‌و كردارو ره‌فتاری خه‌لیفه‌كانی حه‌زره‌تدا خۆی ببینێـه‌وه‌‌و بڕیاری (متی استعبدتم الناس وقد ولدتهم امهاتهم احرارا) به‌ ئیمامی عومه‌ر بدات بۆ سه‌ندنی مافی كوڕه‌ قیبتیه‌ك كه‌ كوڕی والی ده‌ست درێژی به‌ ناحه‌قی كرد بۆ سه‌ری.
چواره‌م: حیكه‌ت گه‌یاندن(ۆالْحِكْمَه‌َ): یه‌كێكی تر له‌ ئه‌ركه‌كانی حه‌زره‌ت ئه‌وه‌بوو كه‌ ئاده‌میزاد فێری دانایی بكات، كه‌ هۆكارێكی زۆر زۆر پێویسته‌ بۆ ژیان، چونكه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ بزانین چۆن به‌ ویژدان بین چۆن ژیانی خه‌ڵك خۆش بكه‌ین، چۆن رێزی یه‌كتر بگرین، چۆن یه‌كتر قه‌بوڵ بكه‌ین‌و دڵسۆز بین به‌رامبه‌ر یه‌كترو دواتر به‌رامبه‌ر به‌ خاك‌و وڵاتمان، چۆن بتوانین كه‌سایه‌تیه‌كی پاك‌و دڵسۆزو زمان پاك‌و ده‌روون پاك‌و هه‌ڵوێست جوان‌و ده‌ست به‌خێر بین، چۆن بتوانین به‌ته‌واوی ژیانمان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین. هه‌موو ئه‌وانه‌ حیكمه‌تن‌و پێویستیان به‌ كار له‌سه‌ر كردن هه‌یه‌.


پێنجه‌م: لابردنی شته‌ خراپه‌كان: ئه‌ركێكی تری پێغه‌مبه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ شته‌ نه‌شیاوو نارێكه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ لاببات‌و نه‌یان هێڵێت، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌:( وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ والْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ) ئه‌م په‌روه‌وه‌رده‌یه‌ چ كۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌یه‌ك رێگریه‌تی وه‌كو ئه‌و قه‌سوه‌ته‌ی له‌دڵی خه‌ڵك دایه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت لای به‌رێت، ئه‌وه‌تا رۆژگار شاهیچدی ئه‌وه‌ ده‌دات، كه‌ رۆژانێك هه‌بوو كچیان زینده‌ به‌ چاڵ ده‌كردو بۆچوونی ته‌سك‌و تروسك ده‌سه‌پا‌و زوڵم زۆرداری باوی هه‌بوو، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی نه‌ریتی خراپن‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ بوونیان هه‌بوو، كه‌ حه‌زره‌ت توانی ئه‌و دیاردانه‌ نه‌هێڵێت، یان كه‌میان بكاته‌وه‌.


بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ وه‌زیفه‌ی پێغه‌مبه‌ری به‌و شێ,ه‌ دیاری كردو ئه‌ركه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی پێ‌ سپارد، كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد به‌هۆی ئه‌و وه‌زیفانه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی رێك‌و باش هه‌نگاوی ناو بووه‌ مایه‌ی ره‌حمه‌ت بۆ تێكڕای مرۆڤایه‌تی، ته‌واو ئه‌و وه‌سفه‌ی به‌سه‌ر جێگر بوو كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ‌: ( ومَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ).


ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (78)ی گۆڤاری په‌یامی زانایان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.