ئاهه‌نگی یادی له‌دایك بوون (مه‌ولوود)

وه‌ك ئاشكرایه‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك هه‌موو موسڵمانانی جیهان، یادی مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر به‌رز ڕاده‌گرن، هه‌ندێ‌ به‌وه‌ی كه‌ چه‌ند لافیته‌و نوسینێك هه‌ڵده‌واسێت، هه‌ندێكی تر له‌و مانگه‌دا خه‌یرو صه‌ده‌قه‌ی زۆری وه‌ك شیرینی به‌خشینه‌وه‌و خواردندان به‌خه‌ڵك‌و پاره‌ به‌خشین‌و، هه‌ندێكی تریش مه‌ولودنامه‌ له‌ماڵه‌كانی خۆیان، یان له‌مزگه‌وته‌كاندا ده‌گێڕن‌و مه‌ولود نامه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، هه‌مووشیان مه‌به‌ستیان ته‌نها ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ری ئازیز.

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا خه‌یركردن ته‌نها له‌مانگی مه‌ولوددا خه‌یری زۆری هه‌یه‌، یان هه‌موو مانگه‌كانی تر خه‌یره‌و به‌ڵام مه‌ولود خه‌یری زیاتره‌؟ ئایا خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولودنامه‌ له‌ماڵان‌و مزگه‌وته‌كاندا دروسته‌و ڕێگه‌پێدراوه‌؟
وه‌ڵام:

یه‌كه‌م كه‌س(مه‌ولودی) داهێنا:

یه‌كه‌م كه‌سێك مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر( درودی خوای لێ بێت) داهێنا، پاشای هه‌ولێر بوو به‌ناوی مه‌لیك( مڤظفر، ابوسعيد كوكبری ابن زين الدين علی بكتكين)، پاشایه‌كی زۆر به‌ساخه‌وه‌ت‌و ئازاو، ژیر‌و دادپه‌روه‌ر‌و بوێر بووه‌، هه‌موو ساڵێك ئاهه‌نگیكی گه‌وره‌ی ئه‌گێڕا به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبونی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمانه‌وه‌.

له‌ هه‌موو شارو جێگه‌‌و شوێنه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵكی بۆ ده‌عوه‌ت ئه‌كرد، ئه‌مه‌ش شانازیی یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌ڵی كورد، هه‌تا هه‌تایه‌.
وته‌ی ده‌رباره‌ی ئاهه‌نگی یادی(مه‌ولود):


1_ پێشه‌وا( ابوشامه‌) مامۆستای ئیمامی نه‌وه‌وه‌ی- رحمه‌ الله- فه‌رمویه‌تی: ((جوانترین شت داهێرابێت له‌ڕۆژگاری ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ڕۆژی له‌دایك بونی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌رمان(درودی خوای لێ بێت) خێروچاكه‌‌و ده‌ربڕینی خۆشی‌و شادی‌و ڕازاندنه‌وه‌ی ماڵ‌و شوێنه‌كان ئه‌نجام ئه‌درێت له‌خۆشه‌ویستی هاتنه‌ دونیای ئه‌وئازیزه‌وه‌)).


2_ شێخی سیوتی فه‌رمویه‌تی: (( هه‌رماڵێك، یا مزگه‌وتێ‌، یا گه‌ڕه‌كێ مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ری تێدا خوێنرایه‌وه‌، فریشته‌كان چوار ده‌وری ئه‌و شوێنه‌ ئه‌گرن‌و سۆز‌و میهر‌و به‌زه‌یی خوای گه‌وره‌ش ئه‌بارێ‌ به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌دا)).


3_ حافیز عراقی فه‌رمویه‌تی: گێرانی خۆشی‌و میوانداری‌و به‌خشینی خواردن سوننه‌ته‌ له‌هه‌مووكاتێكدا به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌مانگی مه‌ولودا بێت‌و تایبه‌ت به‌له‌دایكبونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت).


4_ ابن تیمیه‌ فه‌رمویه‌تی: له‌كتێبی (اقتضا‌ء الصراط المستقيم)ل: 207
(( به‌گه‌وره‌ گرتنی له‌دایك بونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لیبیت)‌و وه‌رگێڕانی به‌ئاهه‌نگ كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س ساڵانه‌ ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن ئه‌وه‌ پاداشتێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ری.
یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و كات و ساته‌ی كه‌خوای گه‌وره‌ سۆزو به‌زه‌یی خۆی ڕژاند به‌سه‌ر گشت مرۆڤایه‌تیدا به‌له‌دایك بوونی ئه‌و سه‌روه‌ره‌.

هه‌ر بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ وه‌سفی ده‌كات به‌(رحمه‌ للعالمين) ئه‌م ڕه‌حمه‌ت و سۆزو به‌زه‌ییه‌ش تایبه‌ت نیه‌ به‌زه‌مه‌ن و كاتێكی دیاری كراو و گه‌لێكی تایبه‌ته‌وه‌، هه‌موو قۆناغ و به‌شه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌.

_ یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) ده‌چێته‌ ڕیزی كرده‌وه‌ باشه‌كان و ده‌بێته‌ هۆی نزیك بونه‌وه‌ له‌خوای گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی و ده‌ست كه‌وتنی پاداشت، چونكه‌ ده‌ربڕینی خۆشی و شادی به‌له‌دایك بوونی، ابن حجر عه‌سقه‌لانی خاوه‌نی(فتح الباری) به‌ڵگه‌ ئه‌هێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر دروست و ڕه‌وایی ئاهه‌نگ گێڕان به‌یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) به‌و فه‌رموده‌یه‌ی كه‌ئیمامی بوخاری گێڕاویه‌ته‌وه‌:

كه‌ عه‌باسی كوڕی عه‌بدولموته‌لیب وتی: كاتێ‌ ئه‌بو له‌هه‌ب مرد له‌خه‌ودا بینیم دوای ساڵێك له‌بارێكی زۆر ناخۆش و ناهه‌مواردا بوو، پرسیارم لێكرد حاڵت چۆنه‌؟

وتی: دوای ئێوه‌ خۆشیم نه‌بینیوه‌، حاڵم زۆر ناخۆشه‌، به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێكی دووشممه‌ سزام له‌سه‌ر هه‌ڵئه‌گیرێ‌ و له‌سه‌رم سوك ئه‌كرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتێ‌ كه‌ (محه‌مه‌د) له‌دایك بوو، كه‌نیزه‌یه‌كم هه‌بوو ناوی"ثويبه" بوو مژده‌ی له‌دایك بوونی محه‌مه‌دی پێدام منیش به‌خۆشی ئه‌وه‌وه‌ ئازادم كرد.

پێغه‌مبه‌ر ڕۆژی له‌دایك بوونی خۆی به‌گه‌وره‌ ناوزه‌ند كردوه‌و سوپاسی خواشی له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ كردووه‌ كه‌به‌هۆی هاتنی ئه‌و مرۆڤایه‌تی سه‌رفراز بووه‌.

هه‌روه‌ك له‌فه‌رموده‌یه‌كدا هاتووه‌:"عن أبی قتاده‌ أن رسول الله(صلی الله علیه وسلم) سئل عن صوم یوم اڵاپنین، فقال:(فيه ولدت وفيه انزل علی). رواه مسلم.

ئه‌بوو قه‌تاده‌ ده‌فه‌رموێ‌ پرسیار له‌پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) كراوه‌ ده‌رباره‌ی ڕۆژوی ڕۆژی دووشه‌ممه‌: فه‌رموووی: من له‌و ڕۆژه‌دا له‌دایك بووم، هه‌روه‌ها په‌یامی خوای گه‌وره‌ش هه‌ر له‌وڕۆژه‌دا دابه‌زیووه‌.


ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ تایبه‌ت مه‌ندی‌و گرنگی خۆی له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیداهه‌یه‌، یادكردن‌و بیرخستنه‌وه‌ی شوێنه‌واری باشی ئه‌بێت له‌ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی موسوڵماناندا.

جا ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ چ به‌ڕۆژوو بێت یان به‌صه‌ده‌قه‌ كردن یان به‌خشین و دروستكردنی خوارده‌مه‌نی، یان صه‌ڵاواتدان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر، یان باسكردنی ئاكارو ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی و ژیانی پێغه‌مبه‌ر بێت.

ده‌ربڕینی خۆشی به‌هاتنی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) پێویسته‌ به‌فه‌رمانی قورئان خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌:" قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ ؤبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُوا هُؤ خَيْرٌ مِمَّا يَجْمَعُونَ " یونس:58
واته‌ ئه‌ی محه‌مه‌د پێیان بڵێ‌ ده‌بێ‌ ته‌نها به‌به‌هره‌و میهره‌بانی خوا خۆشحاڵ و دڵشاد بن، چونكه‌ سه‌رفرازی هه‌ردوو جیهانه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌و هه‌موو ده‌ست كه‌وته‌ی ئه‌وان كۆی ده‌كه‌نه‌وه‌ باشتره‌.
ئیبن عباس ئه‌فه‌رموێ‌: مه‌به‌ست له‌میهره‌بانی خوا له‌و ئایه‌ته‌دا" پێغه‌مبه‌ره‌ (درودی خوای لێ بێت)".

هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌وئایه‌تانه‌ی كه‌ئاماژه‌ به‌دروستی یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) ئه‌ده‌ن ئه‌م ئایه‌ته‌یه‌" ؤذَكِّرْهُمْ بِأَيَّامِ اللَّهِ "ڕۆژه‌كانی خواشیان وه‌بیر بێننه‌وه‌ گومانی تیانیه‌ ڕۆژی له‌دایك بوونی حه‌زره‌ت(درودی خوای لێ بێت) له‌ڕۆژه‌كانی خوای گه‌وره‌یه‌، یادكردنه‌وه‌و ئاهه‌نگ گێڕانی یادی له‌دایك بوونی ئه‌و سه‌روه‌ره‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنی ئه‌وفه‌رمانه‌یه‌.

له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م به‌ڵگانه‌و چه‌ندان به‌ڵگه‌ی تر ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌:

1_ دروسته‌ ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (درودی خوای لێ بێت)و به‌ستنی كوڕ و كۆبونه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ژیانی پڕ سه‌روه‌ری ئه‌و ئازیزه‌و خوێندنه‌وه‌ی قه‌صیده‌و شیعرو په‌خشان له‌یادی له‌دایك بوونیدا.

هه‌روه‌ك دروستكردنی خواردن و خێرو صه‌ده‌قه‌ و به‌خشین و دابه‌شكردنی شیرینی و ده‌ربڕینی شادی و خۆشی.


2_ به‌ستنی ئه‌و كوڕو ئاهه‌نگانه‌ هۆكارێكی باشه‌ بۆ په‌خش كردنی بانگه‌وازی خوای گه‌وره‌، ڕێنمایی كردنی موسوڵمانان‌و شاره‌زاكردنیان له‌ڕێبازی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ئاكاره‌ به‌رزو جوانه‌كانی هه‌لێكی زێڕینه‌ بۆزانایان و بانگه‌وازخوازان له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌ركی ئاینی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن به‌تایبه‌ت كاركردن له‌سه‌ر ناسینی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ و ئاكاره‌ جوانه‌كانی و بانگه‌شه‌ی بۆ شوێن كه‌وتنی ڕێبازه‌كه‌ی.


3_ یادی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) هه‌ر تایبه‌ت نیه‌ به‌مانگی مه‌ولود-ربیع اڵاول به‌ڵكو ئه‌بێت له‌هه‌موو مانگ‌و ڕۆژو ساتێكدا ئێمه‌ یادی بكه‌ینه‌وه‌‌و هه‌وڵ بده‌ین شوێن ڕێبازه‌كه‌ی به‌باشی بكه‌وین. به‌ڵام مانگی له‌دایك بوونی زیاتره‌ له‌مانگه‌كانی تر پاڵنه‌ره‌ بۆ خه‌ڵكی كۆبونه‌وه‌یان بۆئه‌و یاده‌.

4_ یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) زانایان‌و موسوڵمانان به‌كارێكی باش‌و چاكیان داناوه‌ و كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ له‌سه‌ری ڕۆیشتوون. هه‌روه‌ك هاتووه‌: (مارأه المسلمون حسنا فهو عند الله حسن).

واته‌: ئه‌وه‌ی موسوڵمانان به‌باشی زانی‌و پێچه‌وانه‌ی قورئان‌و فه‌رموده‌ نه‌بوو ئه‌وه‌ لای خوای گه‌وره‌ش هه‌رجوان‌و باشه‌.

6_ هه‌ر شتێك پێغه‌مبه‌رو یارانی نه‌یانكرد بێ‌ له‌چه‌رخی یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ئیتر ڕێگه‌ پێدراو نه‌بێت.

مادام پێغه‌مبه‌رو یارانی به‌رگریان لێنه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی ده‌قێكی شه‌رعی نه‌بێت پاشانیش به‌رژه‌وه‌ندی موسوڵمانانی تیابێت، ئه‌وه‌ كارێكی ڕه‌واو ڕێگه‌ پێدراوه‌ ئه‌نجامدانی باشه‌ ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ش كه‌پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) فه‌رمویه‌تی:

"من أحدپ فی أمرنا هژا مالس منه فهو رد" واته‌ هه‌ر كه‌س شتێك له‌ئاینی ئێمه‌دا زیاد بكات و فه‌رمانی ئێمه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت. ئه‌وه‌ زانایان فه‌رمویانه‌ شتێكه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی قورئان و سونه‌ت بێت.


6_ هه‌روه‌ها شێخ الاسلام ابن تیمه‌ فه‌رمویه‌تی:"قد يپاب بعض الناس علی فعل الموثر"
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی هه‌ڵده‌ستن به‌یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر پاداشتیان ده‌بێت لای خوای گه‌وره‌.

7_ یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای لێ بێت) زیاتر بریتی یه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ شوێن كه‌وتن‌و به‌رجه‌سته‌ كردنی كارو خوڕه‌وشته‌ به‌رزو به‌هاكانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان له‌ژیانی ڕۆژانه‌ماندا، ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی یه‌ بۆ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌‌و هه‌روه‌ها سۆزو‌و هاوكاری موسوڵمانانه‌ له‌په‌یام‌و ڕێبازه‌كه‌ی.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (78)ی گۆڤاری په‌یامی زانایان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.