Malaaras.rwanduzi@yahoo.com
پێشه‌كییه‌كی پێویست ...
ئاخاوتن و ئاراسته‌كردنی خوێنه‌ر ڕووه‌و ئاشناكردنی به ووردهكارییه وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كانی پێغه‌مبه‌رێتی موحه‌ممه‌د ( د خ ) ، نووسه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م ئیشكالییه‌تێكی ئاڵۆز له جیهانی نووسیندا ، به‌و پێییه‌ی دیاریكردنی ناونیشانێكی تایبه‌ت و چڕكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نووسین له سه‌ر مه‌زه‌نده و مه‌ودا و مه‌به‌سته‌كانی ، گرفتی ڕووماڵكردنێكی تێروته‌سه‌لی لێ په‌یدا ده‌بێت ، به واتای ئه‌وه‌ی كه گیرسانه‌وه‌ی نووكی قه‌ڵه‌م له سه‌ر ڕیزكردن و چنینی ده‌لاله‌ته‌كان له ڕووبه‌ری ئاراسته‌ی چه‌مك و مه‌غزایه‌كی ده‌ستنیشانكراودا ، بێبه‌شكردنی خوێنه‌ری له ڕه‌هه‌ند و پانتاییه گرنگه‌كانی دیكه لێده‌كه‌وێته‌وه ، لێ له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ئاشناكردنی خوێنه‌ر به به‌شێكی بنچینه‌یی و بابه‌تی و ستراتیژی له كۆی كرۆكی پرسه‌كه‌دا ، چێژ و حه‌زی ئه‌وه‌ی پێده‌به‌خشێت كه خۆی ده‌ستبداته تهقهللادان بۆ ده‌ستكه‌وتنی ته‌واوی به‌شه‌كانی دیكه ، به‌مه‌ش قه‌ره‌بووی ئه‌و بۆشاییه ده‌بێته‌وه كه به ناچاری له به‌رده‌م فراوانبینی نووسه‌ردا دروست ده‌بێت ، كه‌واته ڕێخۆشكردن بۆ ئه‌و سه‌ره‌تا گرنگه سه‌ره‌نجامێكی سه‌ركه‌وتووانه بۆ نووسه‌ر و خوێنه‌ر پێكه‌وه به‌دیده‌هێنێت ، لێره‌شدا به‌رپرسیارییه‌تی سه‌رشانی نووسه‌ر له‌و كرداره هه‌ستیاره‌دا له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت كه ئاخۆ ڕووی خامه‌كه‌ی له كام ڕووگه‌ی نووسین ده‌كات یان ڕوونتر بڵێین ئه‌بێت چ میكانیزمێك بدۆزێته‌وه له مامه‌ڵه‌كردنی مه‌نتیقیانه له گه‌ڵ نووسین و خوێنه‌ردا ؟ بۆیه پێم وایه پێویستییه‌كی لۆژیكییه كه له ده‌سپێكدا خوێنه‌ری به‌ڕێز له تایبه‌تمه‌ندی ڕیفۆرم شاره‌زا بێت كه پێغه‌مبه‌ر ( د خ ) نه‌خشه‌ڕێی په‌یامبه‌رێتی خۆی له سه‌ر داڕشت ، ئه‌وكات به ئاسانی په‌ی به میكانیزمی ناسینی ته‌واوی ژیاننامه‌كه‌ی ده‌بات ، بۆیه به گرنگم بینی له‌م دیدگایه‌وه باس له ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌م وه‌ك ستراتیژییه‌تی پێغه‌مبه‌رمان موحه‌ممه‌د ( د خ ) له پرۆسه‌ی پهیامبهرایهتییهكهیدا .
ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی له فۆڕمێكی گشتگیر له هزری پێغه‌مبه‌ردا ( د خ ) ...
له به‌رایی ئاشنابوونی به ئه‌زموونی پێغه‌مبه‌رێتی له نێو ژینگه‌یه‌كی ژه‌نگاوی به دواكه‌وتوویی و دابڕاویی له كاروانی شارستانییه‌ت و پێشكه‌وتن و ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش به ئاسته‌نگ و ئابڵووقه‌ی هه‌مه‌جۆری ئازاربه‌خش ڕێگری له بانگه‌شه‌كردن و گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه‌ی لێده‌كرا ، موحه‌ممه‌د ( د خ ) هه‌ستی به به‌رپرسیارییه‌تی هێنانه‌دی و هاوسه‌نگكردنی هاوكێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرد وه‌كو ئه‌وله‌وییه‌ت و ستراتیژییه‌تی سه‌ره‌كی له كارنامه‌ی پهیامبهرێتییهكهیدا به تایبه‌ت كه لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگترین ڕووبه‌ر و پانتایی له هزری سه‌رداران و ناوداراندا پێكدێنێت كه پێویستی به كرداری ڕیفۆرمی به‌رده‌وام هه‌یه و ، هاوكات ده‌گونجێت و ده‌توانرێت زۆرترین ده‌ستكه‌وتی ته‌ژیی له مه‌زنێتی تیادا به‌دیبهێنرێت ، له ڕاستیشدا سه‌ركێشیی و بازدانێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌خت بوو به نیسبه‌ت پێغه‌مبه‌ره‌وه ( د خ ) لهوساكهدا و له ده‌سپێكی هه‌نگاونانی له جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ڕێی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی واقیعی تێكشكاوی ناوچه‌كه كه له پاشماوه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی هه‌ڵوه‌شاوه و لێكترازاوهوه به‌رجه‌سته ده‌بوو و پێغه‌مبه‌رمان ( د خ ) بتوانێت نموونه‌یه‌كی ناوازه له هێلانه‌ی ژیان و ژیاری مرۆڤه‌كانی لێ بنه‌خشێنێت و ، ژیانه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی هاوچه‌رخانه‌ی تیادا به‌دیبێنێت و ، به ڕازاوه‌یی و رووناهیبهخشییهوه ڕووپۆشی بكات ، له‌وه‌ش گرنگتر و گه‌وره‌تر له هاوكێشه‌كه‌دا ئه‌وه‌بوو كه خۆشه‌ویست ( د خ ) به ئاستباڵایی و لێهاتووییه‌وه پارێزگاری له‌و شاكاره دانسقه‌یه بكات كه وه‌كو نۆبه‌ره‌ی خه‌ڵات و موژده‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی به مرۆڤایه‌تی به‌خشی ، باوهڕیهێنان به‌و ته‌قه‌للا و توانسته عه‌قڵانییه‌ی حه‌زره‌ت ( د خ ) كه له‌و ماوه پێوانه‌ییه‌ی ده‌سپێكی پهیامبهرایهتییهكهی له میانی ئاواكردنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه نموونه‌ییه‌وه سه‌لماندی ، یه‌كسانه به باوهڕیهێنان به‌وه‌ی كه هێزێكی بارگاوی به به‌هێزیی كه هێزی پشتیوانی په‌روه‌ردگار بوو ، ته‌كانده‌ری كۆششهكانیی بووه له تێكۆشان و هه‌ڵكشان ڕووه‌و ترۆپكی هیواكانی مرۆڤایه‌تی و ، هاوكات دڵنیابوونه له‌وه‌ی كه حه‌زره‌ت شێلگیرانه له ئاست ماندووێتی و گرفتارێتی ئه‌و ئه‌ركه ئه‌سته‌مه‌دا وه‌ستاوه‌ته‌وه و ، له‌و دیدگایهشدا وانه‌یه‌كی مه‌زنتر پێشكه‌ش ده‌كات كه شوێنكه‌وتووانی موحه‌ممه‌د ده‌بێت پشوودرێژ و پشتئه‌ستووربن به ئه‌زمووندیده‌یی حه‌زره‌ت ( د خ ) له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی به‌ره‌نجامی ڕكابه‌رییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، به مانایه‌كی دیكه ئه‌بێ هه‌وادارانی موحه‌ممه‌د ( د خ ) چاوكراوانه و به چاوهه‌ڵبڕین بۆ ئه‌و مێژووه پڕشنگداره‌ی خۆشه‌ویست كه پڕاوپڕه له وانه‌ی وابه‌ستبوون به وورهبهرزیی و خۆنه‌ویستی ، له چاوتروكانێكدا ده‌ستبه‌رداری گیان و سامانییان بن له پێناو پایه‌داربوونی شه‌ریعه‌ته پاكه‌كه‌ی كه ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و هه‌تاهه‌تایی مرۆڤایه‌تییه .
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی دیرۆكییه‌وه بڕوانینه هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه پێغه‌مبه‌رمان ( د خ ) زایه‌ڵه‌ی په‌یامی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی ئاوێزانی هه‌موو گۆشه و جه‌مسه‌رێكی دونیا كرد ، ده‌توانین دهستبژێریی بژارده‌یه‌كی ئه‌و په‌تا و ده‌رده كوشندانه بكه‌ین كه وه‌كو كاكڵه‌ی نه‌فامێتی و دواكهوتووێتی له هه‌موو ڕووێكی كۆمه‌ڵگادا چه‌قیبوون و ببوونه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پێشڤه‌چوونی مرۆڤایه‌تی ته‌نانه‌ت كارلێكه‌ری تێكهڵوبوونییان به هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ژیانییان هێزی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و سه‌رده‌رهێنانی زیاتری پێدابوون ، له‌وانه .. به كۆیله‌كردنی مرۆڤ و ده‌سخه‌ڕۆكردنی به شتی خوڕافی و بێ‌مانا .. سته‌مكاری و سه‌روه‌ربوونی لۆژیكی هێز و مانه‌وه بۆ به‌هێزترین .. شه‌ڕاب و مه‌یخواردنه‌وه .. داوێن پیسی و بێشه‌رمی .. بێڕێزیكردن به‌رامبه‌ر ئافره‌ت و ششكاندنی كهڕامهتهكهی و كه‌مكردنه‌وه له تواناكانی .. بره‌ودان به سه‌ردانه‌واندن بۆ بته‌كان و كڕنووش بردن بۆ خودا دروستكراو و داتراشاوهكان .. داهێنان و درێژه‌دان به به‌ها و نه‌ریته خراپه‌كان و پشتكردن له چاكه و چاكه‌كاری .. مامه‌ڵه‌ی ساخته و فریودانی خه‌ڵك هتد .. ، جا تۆ بڵێی چ زه‌حمه‌تی و ناڕه‌حه‌تییه‌كی تاقهتپروكێن وه‌كو نرخ و باجی بانگه‌شه بۆ ڕیفۆرمێكی ئاوه‌ها سه‌خت له گیان و ده‌روونی پێغه‌مبه‌ردا ( د خ ) بنیشێته‌وه و ڕهگدابكوتێ ؟ .
حه‌زره‌ت ( د خ ) به له به‌رچاوگرتنی ئه‌و واقیعه ڕۆچووه له نیشتیمانی مرۆڤایه‌تییدا و ، وه‌ك گرتنه‌به‌ری گونجاوترین و سه‌ركه‌وتووترین شێوازی كاركردن بۆ هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌و واقیعه و گۆڕین و گواستنه‌وه‌ی بۆ شاكارێكی شایسته به پایه‌ی مرۆڤایه‌تی ، هه‌ڵسا به چه‌سپاندن و نه‌خشاندنی ده‌لاله‌تی ڕیفۆرم له ڕه‌فتار و گوفتاره‌كانی له گه‌ڵ هاوهڵانییدا له پێناوی ئه‌وه‌ی له ته‌واوێتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ههڵسوكهوتهكانییان دڵنیا بێت بۆ ئه‌وه‌ی به تێكه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ژی له پتهوێتی له مامه‌ڵه‌ی مرۆڤانه و موسڵمانانه ، له گۆشه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بڵاوه‌یان پێبكات و بیانكاته ڕێنیشانده‌ر و ڕێخۆشكه‌ری به‌رقه‌راربوونی هاوسه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، خۆشه‌ویست ( د خ ) گرنگی به سه‌نگی یه‌كسانی ده‌دا له‌و هاوكێشه هه‌ستیاره‌دا ته‌نانه‌ت له بچووكترین سه‌رنج و لالێكردنهوهشدا چاوپۆشی نه‌ده‌كرد ، بۆ نموونه سه‌یری یهكێكیانی ده‌كرد و ده‌یڕوانییه ئه‌وه‌كه‌ی دیكه‌ش .. نه‌یده‌هێشت یه‌كێك به پیاده‌یی بڕوات و خۆیشی به سواریی بڕوات .. خه‌ڵكی له هه‌ڵه‌كانییان بێ‌دار ده‌كرده‌وه .. ڕێنموونی ده‌كردن بۆ ئاكاره به‌رزه‌كان .. هۆشداریی ده‌دانێ له سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی ئابڕووبه‌رن و له مرۆڤێتی و دیندارێتییان ده‌خه‌ن .. فه‌رمانی پێده‌دان ڕێز له یه‌كتر بگرن .. برایانه و تهباییانه مامه‌ڵه بكه‌ن .. یه‌كتر سووك و بێبه‌ها نه‌كه‌ن .. جنێو به یه‌كتر نه‌ده‌ن .. نه‌فره‌ت له یه‌كتر نه‌كه‌ن .. پاشمله له كه‌سایه‌تی یه‌كتر نه‌ده‌ن .. پێغه‌مبه‌ر ( د خ ) به كاركردن له‌م سۆنگه‌یه‌وه توانی ڕیفۆرمێكی ڕیشه‌دار له چوارچێوه‌ی فۆڕمێكی گشتگیردا له بنچینه په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌رپا بكات كه سه‌ره‌نجام له به‌رژه‌وه‌ندی كرۆكی ئامانجه‌كه‌ی كه‌وته‌وه ، چونكه ئاراسته ڕۆحی و ئه‌خلاقییه‌كانی مرۆڤ به‌ره‌نجامی تۆوه پهروهردهییهكانن كه له سه‌رده‌می منداڵییدا له ناخیاندا چێنراون و له سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییدا كاردانه‌وه و كالێَكهری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان ده‌بێت له دیاریكردنی ئاراسته و ئامانجی ژیاندا له نموونه‌ی ڕاستی و لاڕێبوون .. پاكیزه‌یی و پیسبوون .. به‌هێزیی و لاوازی .. گوێڕایه‌ڵی و لاساری .. هتد كه پێویستییه‌كی حه‌تمییه له به‌رده‌م ئه‌و سهرپشكبوونهدا جۆره ئیجابییهكه دیاریبكرێت و بكرێته گه‌وهه‌ری خاڵی وه‌رچه‌رخان ڕووه‌و پایه‌به‌رزی و پێشكه‌وتن له پێشبڕكێی گه‌یشتن به ئاسووده‌یی دونیا و ئاخیره‌ت ، بۆیه ده‌توانین بڵێین كه پێغه‌مبه‌ر ( د خ ) به بۆیاخی ڕیفۆرمێكی ڕاسته‌قینه ڕووكار و ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵگای تهڵخبووی مرۆڤایه‌تی ئارایشت دایه‌وه و مۆركی پێشكه‌وتن و شارستانییه‌تێكی پێشه‌نگی پێبه‌خشی ، به ئاشنابوونمان به‌م هه‌قیقه‌تانه ده‌توانین به بڕواوه دانبنێین كه پێغه‌مبه‌رمان موحه‌ممه‌د ( د خ ) به باشترین و پڕ قازانجترین شێوه و شێواز پرۆسه‌ی ڕیفۆرمی به‌ڕێوه‌برد له چوارچێوه‌ی هه‌وڵدان و هه‌نگاونانی بۆ بنیاتنان و به‌دیهێنانی پێشكه‌وتووترین و پێشه‌نگترین كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی كه تیایدا هه‌موو پێوه‌ر و بنه‌ماكانی بواژنهوه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی هاوكێشه دادگهرییهكان له‌خۆبگرێت كه ببێته زامنی سه‌روه‌ربوونی یه‌كسانی و هاوشانی تاكه‌كانی ، ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ پێغه‌مبه‌ر ( د خ ) كه كاره‌كانی بوونه‌ته بنچینه و تا هه‌تایه كاری له سه‌ر ده‌كرێت و ناو و ناوبانگ و زیندووێتی و به‌هێزیی كردار و گوفتاره‌كانی نوێتر ده‌كاته‌وه . |