ڕووداوی سووتاندنی قورئان له‌و ووێستگهیهوه ناوه‌ستێت كه دواجار كوردزمانێك له‌وێدا گڕی به‌ردایه په‌ڕه پیرۆزه‌كانی قورئان و له گه‌ڵیشدا بڵێسه‌ی ئاگری تووڕه‌یی له دڵ و ده‌روونی موسڵمانانی كوردستان هه‌ڵایساند ، به‌ڵكه له‌وانه‌یه چه‌شنی ڕابردوو به‌رده‌وامی ده‌بێت ، لێ ئه‌وه‌ی پتر جێی بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی بوو ته‌نانه‌ت بووه هۆی ڕق ئه‌ستووریی دیندارانی كورد ، تۆماركردنی كرداری سووتاندنه‌كه بوو كه بێشه‌رمانه له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا بڵاوكرایه‌وه ، كه ئه‌مه‌یان زۆر له خودی سووتاندنه‌كه ئازاربه‌خشتر بوو .
سووتاندنی قورئان شتێكی تازه نییه ، لێ زیادبوونی له‌م ماوه‌یه‌دا بۆته جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردن ، سووتاندنی قورئان به درێژایی مێژوو ڕوویداوه ، ئه‌وه‌ی ئێستاش ، درێژبوونه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كه كه به‌مدواییانه به زهقبوونهوهیهكی ئاشكراتر ده‌ركه‌تووه ، من وای ده‌بینم ئه‌و ڕووداوه له داهاتوویه‌كی نزیكدا ، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا زیاتر و به‌ربڵاوتریش ده‌بێت ، به‌بێ له به‌رچاوگرتنی ده‌ره‌نجامه زیانبه‌خشه‌كانی ، چونكه به ته‌ئكید له ته‌واوی جیهاندا هاندان و هه‌وڵدانی به به‌رنامه‌ڕێژی هه‌ست پێده‌كرێت بۆ لێدان له پایه‌ی قورئان و بێڕێزیكردن به پیرۆزییه‌كه‌ی و شكاندنی حوڕمه‌ت و شعوری شوێنكه‌وتووانی ، چونكه ڕۆشنایی قورئان گه‌یشتۆته هه‌موو گۆشه و جه‌مسه‌رێكی جیهان و ، به كاریگه‌رییه‌كه‌ی ، نزیكه مرۆڤایه‌تی سه‌رجه‌م له ژێر چهترهكهیدا بحه‌سێنه‌وه ، ئه‌مه‌ش به‌لای فیكری خۆرئاوا و بانگهشهكارانییهوه له سه‌رتاسه‌ری جیهان مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ئایدیا و ئاراسته و ئایندهكهیان ، ئیدی ڕه‌نگه ئه‌مه به‌لای ئه‌وانه‌وه سه‌ره‌تای كۆتایی سیناریۆ و گه‌مه‌یه‌كی ده‌ستكرد بێت كه توانای درێژه‌دان به به‌ربه‌ره‌كانێی په‌یام و پرۆگرامی قورئانی نه‌بوو ، له به‌رامبه‌ر ئه‌و شكستهشدا ، به هه‌ڵچوونێكی شێتانه‌وه گوایه ده‌یانه‌وێت تۆڵه له قورئان بكه‌نه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن گرتنه‌به‌ری ئه‌م هه‌نگاوه زۆر له گه‌وره‌یی و ڕیسوایی شكسته‌كه‌یان زیاتر ده‌كات!!! .
به‌ڵام سه‌ره‌نجام له كۆتاییه‌كه‌دا ، ده‌گه‌ینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه سووتاندنی قورئان له لایه‌ن هه‌ر یه‌كێك و له هه‌ر شوێنێكه‌وه بێت ، كارێكی ئیستیفزازییه و ، له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌مارگیری و تێزانه تایفی و ئیعتیقادییهكان ده‌كه‌وێته‌وه و ، به‌ر له‌و كۆششانه‌ش ده‌گرێت كه به ئاراسته‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی قورئان له سه‌ر بنچینه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه كه پشتئه‌ستوور بێت به هزر و لۆژیك و به‌ڵگه‌وه ، ده‌چن ، كه ئه‌و كۆششانه‌ش مه‌حاڵه به ئه‌نجام بگه‌ن چونكی ڕاستێتی و مه‌زنێتی قورئان دهمانێكی زۆر زووه ساخبۆته‌وه و بواری بۆ ئه‌وه نه‌هێشتۆته‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن و له پارسهنگدان هه‌ڵبگرێت .
سووتاندنی قورئان ده‌ستگرتنی موسڵمانان و پیشاندانی هاوسۆزیی و هۆگرییان به په‌یامه‌كه‌ی زیاتر و زیاتر ده‌كات ، چونكه به قه‌ناعه‌تێكی ته‌واوه‌وه لێی حاڵیبوونه و پایه و ناسنامه‌كه‌یان ناسیووه و كردوویانه به ڕه‌مزی ژیان و شارستانییه‌تی خۆیان ، له‌و ساته‌وه‌خته‌شدا كه قورئان ده‌سووتێندرێت ، موسڵمانان بیریان بۆ ئه‌و كلتووره ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌چێت كه له قورئانی پیرۆزدایه و ، وه‌كو ئه‌ركێكی ئایینی ، به پێویستی ده‌زانن له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌وت و ئاراسته بزوێنه‌ره‌ی قورئان سووتاندن ، ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بن و پارێزگاری لێبكه‌ن ، به‌و واتایه‌ی قورئان به‌لای موسڵمانانه‌وه هێمای بوون و شكۆمه‌ندییه و ، هه‌رگیز ناشێت له به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌وڵێكی هاوشێوه‌دا كه پیرۆزییه‌كانی ئایین بشكێنێت ، بێده‌نگ بن و ، ده‌رفه‌ت بده‌ن تێكده‌ر و بره‌وده‌رانی ناسه‌قامگیریی ته‌گه‌ره بخه‌نه به‌رده‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییدا .
ئه‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له سووتاندنی قورئان تێوه‌گلاون و تێوه‌ده‌گلێنن ، زوو یا دره‌نگ ، باجی ئه‌و جورئهتكردنه ده‌ده‌ن و ، ئاگری تۆڵه‌ی به‌هێزی خودایی له دونیا و ئاخیره‌ت ده‌یانسووتێنێت و ، بۆ هه‌موو لایه‌كیش ده‌ركه‌وتووه كه قورئان ده‌ستكردی مرۆڤ نییه تا به سووتان یان هه‌ر هه‌وڵێكی تر له‌ناوببرێت ، به‌ڵكه قورئان په‌یامێكی خوداییه و له ژێر پارێزگاریی هه‌تاهه‌تایی خودادا ده‌مێنێته‌وه و بۆ ئه‌به‌د له جیهانی بوونه‌وه‌ره‌كاندا ده‌دره‌وشێته‌وه . |