ادیب نجم ا‌لدین قه‌ره‌داغی
هه‌ركات چیرۆكێك, یان ڕووداوێكی سه‌یر و جیاوازم بینیبێت، هه‌وڵم داوه بچم له‌نزیكه‌وه و تاكو بكرێت له‌و كه‌سه خۆیه‌وه یاخود ئه‌وه‌ی بۆی گێڕاوه‌ته‌وه, تۆمار بكه‌م و وه‌ریبگرم تاكو نه‌فه‌وتێن و بگات به كه‌سانی دیكه..
ڕووداوی ئه‌م جاره شتێكی زۆر نامۆیه و زۆربه‌مان نه‌مانبیستووه، ئه‌ویش چیرۆكی كوێربوونی بێخودی شاعیره, كاتێك له ماڵه‌كه‌ی كه‌ركوكی ده‌بێت و بینایی چاوه‌كانی له‌ده‌ست ده‌دات و ته‌واو كز و لاواز ده‌بێت و ده‌چێته نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به ناوی (كه‌ی.وه‌ن)ـه‌وه له‌و شاره, به‌ڵام پزیشكه‌كان لێی بێ ئومێد ده‌بن و به‌بێ هیوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه حوجره‌كه‌ی خۆی له كه‌ركوك.. بۆیه زۆر خه‌فه‌ت دایده‌گرێت و ته‌واو په‌ژاره باڵ به‌سه‌ریدا ده‌كێشێت و ئه‌م شیعره ده‌نووسێت كه له خۆشه‌ویستیی حه‌زره‌تی (رسول اللّه)دا ده‌ینوسێت و ده‌ڵێت:
یارسول اللّه چ باشد بابی میهرت وا شود
پرتوی دركولبه الاحسان من پیدا شود
دیده‌یی یعقوب روشن بوو بهبویی چون رواست
باغه‌بانی رهوضه یی نعتی تو نابینا شود
**** **** *****
چی ده‌بێ ئه‌ی ڕه‌هبه‌ری كول ده‌ركی لوگفت وابێ
شوعلهیێ بۆ ماڵی تاركیی دڵم په‌یدا بێ
چاوی یعقوب خۆ بهبۆێ ڕوون بوۆ ئه‌ی بۆ ئه‌بێ
باغه‌وانی باخی مه‌دحت كوێر و نابینا بی؟!
بۆیه بۆ ڕۆژی دوایی كه له خهوههڵدهسێت، چاوه‌كانی چاك ده‌بێته‌وه و بینایی ته‌واویان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه, ئه‌میش زۆر ئاسووده ده‌بێت به‌و حاڵه‌ی و سوپاسی خوای خۆی زۆر ده‌كات له سه‌ری!! دواتر ملی ڕێده‌گرێت تاكو ده‌گاته هه‌ڵه‌بجه, كاتێك ده‌گاته ئه‌وێ، ده‌بینێت وا فه‌قێیه‌ك له به‌ر خۆیه‌وه ئه‌م شیعره ده‌ڵێت و خه‌ریكه له به‌ری ده‌كات, كاتێك كه بێخودی شاعیریش گوێی له‌مه ده‌بێت, زۆر سه‌ری سوڕ ده‌مێنێت! بۆیه لێی نزیك ده‌بێته‌وه و پێی ده‌ڵێت: ئه‌م شیعره چیه تۆ له‌به‌ری ده‌كه‌یت؟ فهقێكهش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئه‌مه مامۆستاكه‌م پێی داوم و فه‌رموویه‌تی هه‌ركه‌سێك ئه‌م شیعره له‌به‌ر بكات یان به‌دڵا بیخوێنێته‌وه ئه‌گه‌ر چاوی كز و لاواز ببێت, ئه‌وا چاوی چاك ده‌بێته‌وه, كه مامۆستاكه‌ی له مامۆستا (شێخ علاالدین)ی بیاره‌ی وه‌رگرتبوو.. (سبحان اللّه) بێخود له كه‌ركوك نووسیویه‌تی، ئه‌م له هه‌ڵه‌بجه له‌به‌ری ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ئه‌و شیعره‌ی دیبێت یان بیستبێتی.. بۆیه بێخود ڕووده‌كاته بیاره و ده‌چێته خزمه‌تی شێخ عه‌لادین و عه‌رزی ده‌كات چۆن ئه‌و شیعره ده‌ست تۆ كه‌وتووه؟!
ئه‌ویش له‌وه‌ڵامیدا ده‌ڵێت: تۆ وازت له ئێمه هێناوه.. به‌ڵام ئێمه واز له‌تۆ ناهێنین.. سوێند به‌خوا ئه‌م شیعره‌م له خودی پێغه‌مبه‌ر وه‌رگرتووه و فه‌رمووی: ئه‌وا شیعره‌كه‌ی بێخودمان قبووڵا كرد!! - بۆیه دوای ئه‌وه‌ی كه بێخود وتبووی دوای شێخ (نجم ا‌لدین) ئیتر كۆتایی به‌و ته‌ریقه‌ته هاتووه و ئه‌وانی تر ناتوانن شوێنی بگرنه‌وه، له دوای ئه‌مه‌وه ته‌واو دڵی باش ده‌بێت و ده‌بێته‌وه موریدێكی موخڵیسی ئه‌وان...
تێبینی: ئه‌م چیرۆكه‌م له كاك (حاجی غفور) بیست كه ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییه و ماڵه‌كه‌ی له نزیك باخی گشتی دایه -كه ته‌واو نه‌خۆش كه‌وتووه بۆیه پێویستی به دوعای خێره- كه ئه‌و له براكه‌ی خۆی بیستوو كه بێخود خۆی بۆ ئه‌وی گێڕابوویه‌وه..
adebqaradaghi@yahoo.com |