پێشتر دانە بە دانە ناوەكانی نوروز، زحاك، كاوە و ئەفسانەكەیم ئانالیزە كرد و بەوە گەیشتم كە ھەر كام لەو ناوانە بەرئاوەژوو كراوی ناوی نمرود، اسحاق، ابراھیم و حیكایەتی بەرسەرھاتی ئەوانن.
6 ساڵ پێش ئێستا لە سەر سایتی دیمانە، لێكدانەوەی خۆمم بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە بڵاوكردەوە. گوتم كە لە سەر زار و زمانی خەڵك بە ئاسپایی و لە درێژەی زەمان دا وشەی نمرود یان نمروز گۆڕدراوە بە نوروز. ئەو عونسورانەی لە حیكایەتی ابراھیم و بتەكان و كوڕەكەی كە دەبێ بكرێتە قوربانی و ڕزگار بوونەكەی لە نێو كتێبان دا ھەیە، ھەر وێنەی ئەوەش لە ماجەرای نوروز دا دەبینیەوە بە ھیندێك گۆڕانەوە كە ئەویش تەبیعی دەنوێنێ. ڕاستیی ئەوە بوو كە وێكچوونی اسحاق و زحاك لە پیتەكان دا تووشی ڕاوەستانێكی كردم.
ئەگەر بەسەرھاتی نمرود و ابراھیم و بتەكان و ئاورەكەی و كوتكەكە و قوربانییەكە و بەرانەكە و ... وردە وردە گۆڕابێ و لە حافیزەی عموومیی خەڵك دا پیت و تەلەففوزوكان سووابن یان لێیان زیاد بووبێ، دەبێ زحاك كە لە سحاك، اسحاك و اسحاق دروست بووە، كەسێكی باش و خێرخواز بێ، كە چی دروست بە عەكسەوە. اسحاق بۆتە زحاك و ئەوە ڕازی مەسەلەكە ئاشكرا دەكا كە دەبێ عیددەیەك یان كەسێك لەم سەت ساڵەی ئەخیر دا دەستیان دابێتە داستان سازكردن بە كەڵكوەرگرتن لە تەزویر كردن و قەڵبی چیرۆك و بەسەرھاتەكەی ابراھیم و نمرود (نمروز، نوروز) و ھەتا دوایی. جا چونكە بۆ ڕاستكردنەوەی داستانە خەیاڵییەكەی نوروز سیمای غەددارێك لازم بووە، تەزویرچی لێرە دا ناوی اسحاك ی كردۆتە سحاك، زحاك و ئیدامەی بە تەفرە دانی زەینی گەلی ایران كردووە و دواتر كە ئەوە لە ایران كراوە بە بۆنەیەكی نەتەوەیی، ڕۆشنبیری لاساییكەرەوەی خۆشمان كە خۆی پێ ایرانییە وەك زۆر شتی دیكە ئەمەشی قۆپی كردووە و بە جێژنی كوردی لە قەڵەم داوە.
ئەوە لە بەرەبەری نوروز دا لە سەر تلڤزیۆنەكانمان لافاوێك لە درۆ ھەڵدەستێ و ھەر كەسە بە كەیفی خۆی پێشینەیەك بۆ نوروز دادەتاشێ. ناسیۆنالیسمی باستانپەرستی فارس پێی خۆشە كە كورد و تاجیك و ئازەری و ھەموو ئەوانەی بە ایرانی سجیلیان بۆ وەرگیراوە بۆ نوروز ھەڵپەڕن. كورد لە ژێر گەمەی سیاسەت و حیزب دا كەوتە نێو ئەو جەغزەوە كە نوروز بە ڕۆژی نەتەوەیی بزانێ. خەڵك وەك خۆی گرینگییەكی وای پێ نەدەدا. نە مەلا مستەفا، نە دوكتور قاسملو، نە مام جەلام ئاوری نەورۆزیان نەكردەوە و ھەتا كۆتایی شەڕی ساردیش ئەو ناوە وەك شتێكی كەمڕەنگ لە گۆڕێ ھەبوو.
نوروز لە چ حاڵێك دا ڕۆژی نەتەوەییە بۆ كورد؟
وەك كورد كە بڵێی ئەو ڕۆژە ئی كوردە، وەك ئەوە كە لەم ساڵانەی دووایی دا خەڵكی پارچەكانی دیكە وەیاندەزانی نوروز بەس ھی كوردە، وا نەبوو!!! كاتێك لەو بەشانە ڕا كوردەكان ڕێیان دە ئەوروپا كەوت بە سەرسوڕمانەوە دیتیان فارس زمانەكان لە وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست و ایران ئەو بۆنەیە جێژن دەگرن. دواتر یو ئێن یش بۆنەكەی بە ایرانی فارسی سەبت كرد و لەم دوو ڕۆژەی ئەخیر دا فارسەكان لە پارلەمانی ئوروپا جێژنەكەیان گرت.
نوروز بۆ كورد لە پێش ئەوەی جووڵانەوەی باكوور ئەوەی بە ڕۆژی نەتەوەیی بسەپێنێ، لە ھیچ كوێ وەك ڕۆژی نەتەوەیی حیساب نەكراوە.
ئەگەر بڵێی نوروز بۆ كورد ڕۆژی قەومییە، وا نیە، چونكە گەلان زۆرن كە بە ئی خۆی دەزانن و وشەكەش فارسییە. بەڵام ئەگەر بڵێی ڕۆژی نەتەوەیی كوردە لێرە دا مەجبوورین نەتەوە بە تەعریفی مۆدێڕنی خۆی وەبەر چاو بگرین. نەتەوە لە تەعریفی مۆدێڕنی خۆی دا بە كۆمەڵە خەڵكێك دەڵێن كە لە چوارچێوەی جوغرافیایی ھاوبەش دا بە بەرنامەیەكی واحیدی سیاسییەوە پێكەوە دەژین. ایران لەو نەتەوانەیە. كاتێك دەڵێن نوروز ڕۆژی نەتەوەیی كوردە، بەو میقیاسە دەبێ وشەی نەتەوە بە مانا مۆدێڕنەكەی وەرگرین. یانی ایران. نزیك بە 80 ساڵە لە دوای رضا شا وە حەول دەدرێ كە ایران ببێتە مەنجەڵێك بۆ كوڵاندن و توواندنەوەی قەومەكان لە ھۆڤیەتی واحیدی ایرانی دا. نوروز لەو بوارە دایە و كاری خۆی كردووە. لەوەش پانتر، سیاسەتی پان ایرانیستییە كە خەڵكی دەرەوەی حدوودەكانی ایران یش بە ایرانی دەقەبڵێنێ و كاریشی بۆ دەكا. لەوە دا بەعزێك لە ڕۆشنبیرانی كوردی پارچەكانی دیكە، كەیفیان ساز دەبێ كە بڵێن ایرانین. دانانی نوروز بە ڕۆژی نەتەوەیی بۆ كورد لە سیاسەتی گەورە دا ھەر لكاندنی كردنی كورد بە ایران ـە. حیزبی سیاسی لەو دا مەسئوولە، كە چی ئەوان لە بیری بەرژەوەندیی كورت خایەنی خۆیان دان و بیر لە 3 نەسلی پاش خۆیان ناكەنەوە. زۆر ھاسانە بۆ مێدیای حیزبێكی سیاسی كە ڕاگەیاندن بۆ شتێكی ناڕاست بكا، لە جیھەتی كارھاسانیی خۆی دا و لە بواری مەسڵەحەتی تاكتیكی و كورتخایەن دا.
بە كورتی:
لە گەڵ ئەو ھەموو شەریك و برابەشە لە گرتنی جێژنی نوروز دا و بە سەرنجدان بەوە كە ناوكە فارسییە و بە دیققەت لەوە دا كە ڕیشەی چیرۆكەكە جەعلی بەسەرھاتی نمرود و ابراھیمە و بە گرینگی دان بە وە كە یوئین (یونسكۆ) ئەوەی بە بۆنەی ایرانی فارسی سەبت كردووە، ئەگەر بمانەوێ نوروز بە ڕۆژی نەتەوەیی كورد بزانین، مەجبوورین وشەی نەتەوە بە تەعریفی مۆدیرن چاو لێبكەین و ئەویش بەوحاڵە دەبێتە نەتەوەی واحیدی ایرانی. و ڕۆژی نەتەوەییەكەش دەچێتەوە سەر ئەو مەعنایە. عەجایبە بۆچی ئەو بە نەتەوەیی كردنەی نوروز ھەر لە باكوور فكریان پێی گەیشتووە و دوو پارچەكەی دیكە لە گەڵ ئەو ھەموو خەباتە زەینیان بۆی نەچووە!!!
پڕ لە خێر و بەرەكەت بێ ساڵی تازەی ھەتاوی! |