كرداری نووسین و بڵاوكردنه‌وه وه‌كو پرۆسه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌ری هه‌ستیار كه به شێوه‌كی فراوانتر له چوارچێوه‌ی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رییدا به‌رجه‌سته ده‌بێت ، له ئێستادا به سوودوه‌رگرتن له پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیای هاوچه‌رخ كه ده‌سته‌به‌ری ته‌واوی كه‌ره‌سته و پێداویستییه توانستی و ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌و بواره‌ی كردووه ، تا ڕاده‌یه‌ك وه‌كو كردارێكی ئاسان سه‌یر و موماره‌سه ده‌كرێت به‌ڵام به‌رپرسیارییه‌تی پیشه‌كه و زه‌رووره‌تی تێگه‌یشتن له گه‌وهه‌ر و گه‌وره‌یی پرۆسه‌كه گرانایهتیێكه كه هه‌ڵگرتنی نه‌ك ئاسان نییه به‌ڵكه گرانایی زیاتری به‌دوادادێت كه ڕه‌نگه به‌رگه‌گرتنی ئه‌سته‌م بێت ، له‌م سۆنگه‌یه‌وه ، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ڕابردووی ڕۆژنامه‌گه‌ری و خوێندنه‌وه‌مان بۆ واقیعی ئێستای ، به‌راوردێك بكه‌ین و بمانه‌وێت ڕاده و ڕووبه‌ری جیاوازی هه‌ردوو قۆناغه‌كه بزانین ، ده‌بینین جیاوازییه‌كه له ڕووی چۆنایه‌تی و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه ( كه ئه‌مانه كاكڵه‌ی ئامانجه‌كانی پیشه و پرۆسه‌كه‌ن ) له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رده‌مانی سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی پیشهكهدایه چونكه له‌و زه‌مه‌نه‌دا كه سانسۆری دوژمن و ناحه‌زان ، ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه ، ده‌ربه‌ده‌ریی و بێده‌ره‌تانی ، نه‌بوونی كه‌ره‌سته و پێداویستییه‌كان ، كه‌می كادیری شاره‌زا و به ئه‌زموون ، زه‌حمه‌تی بڵاوكردنه‌وه گه‌یاندن و هتد ...، فاكته‌ری درووستبوونی لاوازی په‌یامی ڕۆژناگه‌ری كوردی بوون ، لێ ئه‌مانه نه‌ك نه‌بوونه ڕێگر له به‌رده‌م بره‌وی ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و دره‌وشانه‌وه‌ی ناو و ناوبانگه‌كه‌ی ، به‌ڵكه بوون به هانده‌ر و بههێزكهرهوهی داینه‌مۆی كاركردنه‌كه‌ی كه ڕۆحییه‌تی كاركردنی ڕۆژنامه‌وانه‌كانی ئه‌وساكه‌ی گه‌رموگوڕتر كردبوو و وایلێكردبوون لهخۆبردووانهتر و جه‌ربه‌زانه‌تر و ڕاستگۆیانه‌تر و سهرڕاستانهتر په‌یامه‌كه بنه‌خشێنن و بیگه‌یه‌نن ، كه ئه‌مه‌شه وایكردووه هه‌موومان تا ئێستاش چێژی شیرنایه‌تی ئه‌و كار و به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌و ده‌مانه ده‌كه‌ین و ، به تامه‌زرۆییه‌وه تینووێتی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ساته‌وه‌خته زێڕینانه هه‌ستپێده‌كه‌ین .
ئه‌وه‌یشی له كرداری به‌راوردكارییه‌كه ده‌مێنێته‌وه ، لایه‌نی چه‌ندایه‌تی و ڕوواڵهتییهكهیه ، كه به دیارترین ده‌ستكه‌وتی هه‌نووكه‌یی داده‌نرێت و ، به‌داخه‌وه سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتن و ئاسانكارییانه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م پێشكه‌شی كردووه ، لێ نه‌توانراوه ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه گرنگه بخرێته خزمه‌ت ناوهڕۆك و گه‌وهه‌ری په‌یامی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ، چونكه به هه‌قیقه‌ت كه‌مینه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت ، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمڕۆ له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن گیرۆده‌ی ئیشكالییه‌تی فههمكردنی بابه‌تییانه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ن و نه‌یانتوانیووه لایه‌نێكی ڕه‌سه‌نایه‌تی پیشه‌كه له گه‌ڵ واقیع و سه‌رده‌می ئێستادا تێكههڵبكێشن و بۆیان نه‌كراوه تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ڕه‌سه‌نایه‌تی و تازه‌گه‌ریی له ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا بسازێنن كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا بۆشاییه‌كی گه‌وره‌یه له نه‌خشه‌ی كاری ڕۆژنامه‌نووسیدا و وه‌كو خاڵێكی خه‌وشدار خۆی ده‌نوێنێت ، له هه‌مانكاتدا كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له ئێستای گوزه‌ریدا له بۆته‌ی هه‌ندێك بوار و ڕووبه‌ری هه‌ستیاردا چڕ كراوه‌ته‌وه كه هه‌ندێكیان نه‌ك گوزارشت له په‌یوه‌ستبوون به ئیتیكی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و پره‌نسیپ و بنه‌ماكانی ناكه‌ن به‌ڵكه ده‌توانین بڵێین به‌شێكیان له بانگه‌شه‌ی ده‌رچوون له داب و ده‌ستووری پیشه‌كه ده‌چن !!!، له‌وه‌ش سه‌یرتر و سه‌رسوڕهێنه‌رتر ، ده‌بینین هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن خۆیان ده‌كه‌ن به خاوه‌نی هه‌موو ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتن و داهێنانێكی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌نووسی ، له كاتێكدا به كارێكی زۆر ساده‌ش نه‌یانسه‌لماندووه كه ڕه‌گی كاره‌كانییان ده‌چێته‌وه سه‌ر بنه‌چه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ، ته‌نانه‌ت هیچیشیان بنیاتنهناوه جگه له تێكدان و پچڕاندنی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و هتد ...، ئه‌رێ به ڕاست ئه‌مه ڕه‌وایه‌تییه كه شه‌رعییه‌ت به تێكدان و گه‌نده‌ڵی له نووسین و كاری ڕۆژنامه‌نووسی هه‌ڕه‌مه‌كییانه بده‌ی و پێیه‌وه بنازی و لافی ئینتیما بۆ ئه‌و پیشه گه‌وره‌یه لێبده‌ی ؟!!!، له ڕاستییدا تاوانێكه پڕێتی له تاوانكاری!!!، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت كه نوخبه‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نووسی خه‌مخۆر هه‌ن كه به ویژدان و ژیریی و هه‌ستكردن به مه‌سئولییه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ، له سه‌ر ئاستی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و بواره جۆربه‌جۆره‌كانی په‌یوه‌ندیدار به قه‌واره و كۆمه‌ڵگای كوردی تێده‌كۆشن و داكۆكیكار و پارێزگاریكاری هه‌موو ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كی كوردهوارین ، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات له ڕوانگه‌ی ئینساف و ئینسانیهتمانهوه هه‌ڵوێست و ههنگاوهكانییان به‌رز بنرخێنین و ده‌ستخۆشانه‌ی گه‌رمییان ئاراسته بكه‌ین .
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له ئێستادا نه‌یتوانیوه وێنه‌یه‌كی شایسته و هاوشێوه‌ی ڕابردووی ڕووناكی پێشكه‌ش بكات و ته‌رجه‌مه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی به به‌ردا بكێشێت كه لانیكه‌م ئه‌و ئه‌ركه ئهولهویهتێكه نابێت پشتگوێبخرێت ، به‌ڵام له پاڵ بوونی نوخبه‌یه‌كی به ئاگا و ئاقڵمه‌ند له كایه‌كه‌دا ، خاڵێكی ئیجابیانه هه‌یه لێره‌دا كه بۆته ئومێدبه‌خشی هه‌موو لایه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یامی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و پیشاندانی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌ی له ڕووكاری تازه‌گه‌رییه‌كی به‌رچاودا ، ئه‌ویش فراوانبوون و په‌لهاوێژی دوورمه‌وداتری ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی كوردییه كه له ئێستادا جێ په‌نجه‌ی كاریگه‌ری له واقیعدا نه‌خشاندووه و بۆته كانیاوێكی سازگار بۆ خوێنه‌ره تینووه‌كان كه هه‌موو هیوایه‌كیان له سه‌ر ڕاستگۆیی و ئامانجداریی په‌یامه‌كه‌ی هه‌ڵچنیووه و ، خوازیارن له‌م ڕۆژگاره‌دا كه په‌یامی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی به ئاراسته‌ی جیاجیا ده‌ڕوات و مۆركی میزاجییه‌ت و مه‌حسوبییه‌ت به سه‌ر زۆربه‌ی كاره‌كانییدا ده‌رده‌كه‌وێت ، ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی ببێته ئاراسته دڵگیر و دڵخوازه‌كه‌یان ، بۆیه با ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی كه پشتئه‌ستووره به باگراوه‌نده پیرۆزه‌كه‌ی ئیسلام بكه‌ینه تابلۆی خه‌ونه‌كانی خه‌ڵك و خوێنه‌ران و ، هه‌وڵبده‌ین ناسنامه و ناوبانگه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی به به‌رهه‌می بایه‌خدار و سوودبه‌خش له نووسین و بڵاوكردنه‌وه دووباره بكه‌ینه‌وه .
جێگه‌ی شانازییه و به شایانی هه‌ر خاوه‌ن خامه‌یه‌كی ده‌زانین كه بڵێین ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی كوردی میراتگری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردییه چونكه یه‌كه‌م به‌رهه‌می ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه بڵاوكرایه‌وه به ناوی خودای گه‌وره ده‌رچووێندرا و ، به پێی دیوكۆمێنته مێژووییه‌كانیش ، پێشه‌نگ و سه‌رمه‌شقانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی به كرده‌یی له ڕووپه‌ڕی بڵاوكراوه‌كاندا پابه‌ندبوونی خۆیان به شه‌ریعه‌تی ئیسلام و ڕێزگرتن له یاسا و ده‌ستووره‌كه‌ی سه‌لماندووه ، هه‌مووشمان ده‌زانین كه خودای په‌روه‌ردگار له قورئانی پیرۆزدا له مه‌قامی سوێنددا باس له قه‌ڵه‌م و ووشه ده‌كات ( ن والقلم وما یسگرون ) كه ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هاوئاههنگێتییهكی پڕاوپڕ له نێوان ده‌لاله‌تی ئه‌و ئایه‌ته و له نێوانی كاری ڕۆژنامه‌گه‌رییدا هه‌یه و پێویسته لێره‌وه له به‌رپرسیارێتییه‌كه تێبگه‌ین ، لای هه‌مووانیش ئاشكرایه كه ئه‌وه ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامییه له سه‌ر هه‌مان هه‌ناسه و هه‌نگاو ڕێ ده‌كات و ، ئه‌و ڕێ و ڕێبازه بزر ناكات ، ئا ئه‌مه گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌یه كه ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی كوردی هاوسه‌نگێتی ته‌واوی پێڕۆ كردووه له كاری پیشه‌ییدا و توانیووێتی سه‌ركه‌وتووانه تا ئێره هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵه‌كه و پارێزه‌ر و درێژه‌پێده‌ری مه‌به‌ست و مه‌ودا ڕاسته‌قینه‌كانی كرۆكی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی بێت و ، متمانه‌ی ته‌واویشمان به‌وه هه‌یه كه ڕۆژنامه‌گه‌ری ئیسلامی له ئاست خواستی خوێنه‌ران ده‌بێت و ، نه‌ك هه‌ر دواناكه‌وێت له كاروانه خێراكه ، به‌ڵكه ئاماده‌گییه‌كه‌ی بۆ ئه‌و واقیعه‌ی ئێستا و ئاینده له به‌هێزییه‌كی وه‌هادایه كه دڵنیاكه‌ره‌وه ده‌بێت و ده‌یسه‌لمێنێت كه ده‌ستبه‌رداری به‌رپرسیارییه‌تی گه‌یاندنی په‌یامه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی نابێت . |