له رۆژی 22/4/2012 به‌بۆنه‌ی (114) هه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌هۆڵی بۆنه‌كان له سۆران (فیستیڤاڵی رۆشنبیری سۆران) به ئاماده بوونی ژماره‌یێك رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ری دیاری چوار پارچه‌كانی كوردستان ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، زۆر دڵخۆش بووم به‌وه‌ی كه شاری سۆران وه‌كو هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، دوای چه‌ندین ساڵ له كاوڵكاری و كوشت و بڕی دانیشتوانی، میوانداری وه‌ها فیستیڤاڵێك ده‌كات. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو ڕوویدا، دوا نیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێهه‌می فیستیڤاڵه‌كه كه تایبه‌ت بوو به خوێندنه‌وه‌ی شیعر، هه‌ندێ كه‌سی نامۆ به شیعر‌و كولتووری خه‌ڵكی كوردستان هاتنه سه‌ر سه‌كۆ، كه ئه‌گه‌ر له‌هه‌موو شتێك بچوونایه له شاعیر نه‌ده‌چوون، ته‌نانه‌ت شه‌كڵ و سیماشیان له كه‌سانێكی ئاسایی نه‌ده‌چوو، یه‌كسه‌ر شیعره‌كه‌ی شێخ ڕه‌زام هاته‌وه بیر كه ده‌ڵێت:
چونكه شاعیر زۆر بووه له‌م عه‌سره‌دا
بۆته حه‌شری نێره‌كـه‌ر له‌م حوجره‌دا
شیعر‌و شاعیریان بریتی بوو له‌هه‌ندێ قسه‌ی سووكی بازاڕی بێ مانا كه مه‌گه‌ر له‌ده‌م و زاری خۆیان بوه‌شێته‌وه، بۆیه ده‌ڵێم هه‌ندێك، چونكه مه‌به‌ستم هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه نیه كه شیعریان خوێنده‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه كه سنووری هه‌موو به‌هاو ڕه‌وشتێكیان به‌زاندو كه‌وتنه لێدانی پیرۆزیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و، نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌تایبه‌تی. به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئاست ئه‌و پایه‌به‌زه‌دا كه یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی ده‌رچواند، هه‌ست به شه‌رمه‌زاری بكه‌ن، ده‌ستیان دایه په‌لاماردان و سووكایه‌تیكردن به مێژووی دوور‌و نزیكی نه‌ته‌وه‌ی كورد, بێ ڕێزیان به‌و خودایه كرد كه یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تایی خۆی بۆ په‌سن و ستایشی ئه‌و ته‌رخان كردبوو، كه‌مترین ڕێزیان له‌و مرۆڤه گه‌ورانه‌ش نه‌گرت كه وێنه‌كانیان به دیواری هۆڵه‌كه‌وه هه‌ڵواسرابوون، كه هه‌ر هه‌موویان باوه‌ڕمه‌ندبوون به‌خوداو به قورئان و، له‌حوجره‌و مزگه‌وته‌كانی كوردستان په‌روه‌رده كراون، بێ ئه‌ده‌بانه ڕوحی مه‌لای جزیری و خانی و حاجی قادر‌و ناڵی و مه‌حوی و سه‌دان كه‌ڵه پیاوی مێژووی ئێمه‌یان ئازاردا، ڕوحی ئه‌و ئه‌نفالكروانه‌یان ئازاردا كه هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت له مه‌راسیمی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیه‌كانیشیاندا، شیعره‌كانی مه‌لای جزیریان ده‌خوێنده‌وه‌و دڵنه‌وایی خۆیان پێ ده‌دایه‌وه. ڕوحی سه‌ركرده‌و ڕێبه‌رانی ئێمه‌یان ئازاردا كه شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی ئیلهام به‌خشی شۆرشه‌كانیان بوو.
بۆیه به ڕوحی ئه‌وانه ده‌ڵێم: تكایه بمانبه‌خشن ، شه‌رمه‌زاری ئێوه‌ین كه نه‌مانهێشت ڕوحی ئێوه له گۆڕیشدا ئاسووده ده‌بێت، بمانبه‌خشن كه قه‌دری ئێوه‌مان نه‌گرت و له حزوری ئێوه‌دا بێ ئه‌ده‌بیمان كرد، لێمان ببوورن كه سووكایه‌تیمان به بیروباوه‌ڕی ئێوه كرد.
دڵنیام كه به گه‌وره‌یی خۆیان لێمان ده‌بوورن، چونكه ده‌زانن ئه‌وانه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه پیرۆزه گۆش نه‌كراون و ، نامۆن به ڕه‌وشتی ئێمه‌و نامۆن به كولتوور‌و مێژووی پڕ له سه‌روه‌ری ئێمه.
ئاخر پاشماوه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال چ پێویستیان به‌و بێ حورمه‌تیه هه‌یه كه بێ حورمه‌تێك له‌و سه‌ری دونیاوه بێت و خودا‌و قورئان و پیرۆزیه‌كانیان بكاته ئامانج؟ خۆ هه‌موو ئه‌و قوربانیانه _كه به‌ده‌ستی ڕژێمی سه‌دامی هاوبیری ئه‌وانه ئه‌نفال كران _ موسوڵمان بوون و خودا‌و قورئان و پێغه‌مبه‌ر لای ئه‌وان له‌هه‌موو شتێك پیرۆزتر بوو، به‌ڵام دیاره له‌و شوێنه‌ی كه ئه‌وانه لێیه‌وه هاتوون، كه‌س ئه‌وه‌نده بێ ئیش نییه گوێ له‌قسه‌ی پڕوپووچی كه‌سانێك بگرێت كه هه‌میشه فاشیلن و، مه‌ستن له بێ ئه‌ده‌بی و بێ مه‌بده‌ئیدا. بۆ ده‌بێت مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی دایكانی جه‌رگ سووتاوو خه‌می هه‌زاران بێوه‌ژنی ئه‌م وڵاته بكرێته به‌رداغێك ویسكی و به‌گه‌رووی ئه‌مانه‌دا بكرێت تا سه‌رخۆشانه زمانیان له لێدانی پیرۆزیه‌كانی میلله‌تی كورددا بخه‌نه گه‌ڕ؟ پێمان بڵێن ئه‌مه چ كێشه‌یێك چاره‌سه‌ر ده‌كات؟ كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان بۆ كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟ گوتاری كوردی یه‌كده‌خات؟ گه‌نده‌ڵی و نا دادپه‌روه‌ری بنبڕ ده‌كات؟ كێشه‌ی بێكاری كۆتایی پێ دێنێت؟
به‌ڵام خۆ ئه‌وانه له‌هیچ كێشه‌یێكدا عاملی چاره‌سه‌ر نه‌بوونه‌و نابن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵه كه‌سێكن هه‌میشه وه‌كو ئه‌و كابرایه بیر ده‌كه‌نه‌وه كه سه‌روچاوه‌ی ئاوی گوندی پیس كرد تاوه‌كو ناوی بكه‌وێته نێو ناوان، هێشتا به هه‌وای ئه‌و زوڕنایه هه‌ڵده‌په‌ڕن كه ساڵانێكه باوی نه‌ماوه‌و، زه‌مانێكه لای كه‌سانی ژیر‌و عاقڵ چۆته زبڵدانی مێژوو. به‌ڵام چی به‌كه‌سانێك ده‌ڵێی كه شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیری له بێ ڕێزی و سووكایه‌تی پێكردنی نه‌ته‌وه‌كاندا ده‌بیننه‌وه؟ چی به‌كه‌سانێك ده‌ڵێی كه ته‌نانه‌ت خۆشیان ناناسن تا مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بناسن؟
نامه‌وێ له نرخ و بایه‌خی ئه‌م فیستیڤاڵه كه‌م بكه‌مه‌وه، چونكه ناكرێت بوونی ڕۆشنبیرانی وه‌ك دكتور به‌درخان سندی و ڕێبوار سیوه‌یلی نادیده بگرین، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌یه كه به‌و سووكایه‌تیه‌یان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له براده‌رانی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری فیستیڤاڵه‌كه‌شیان ئیحراج كرد. كه ده‌كرێت بۆ داهاتوو سوود له‌و هه‌ڵه‌یه وه‌ربگیرێت و، كه‌سانێك بانگهێشتی ئه‌م جۆره فیستیڤاڵانه بكرێن كه به‌حه‌ق ڕۆشنبیرن و ده‌زانن له چوارده‌وریان چی ده‌گوزه‌رێت. |