الوداع الوداع یاشهر الرمضان ، شهر البر والاحسان. ماڵ ئاوای لە مانگی پر خێرو بێری ڕەمەزان وانەو پەندی زۆری تێدایە بۆمان، مانگێک کە لە تۆف و بەندی مانگی ئازاردا میوانداریمان کرد میوانێکی ئێسک سووک و خوێن شیرین، تۆشە پڕو کۆڵێکی ڕەنگاڵە، ئەو میوانە ڕووی لە دەرکی هەر ماڵێ کردبێ فەڕو پیتی دەرو دیواری ئەو ماڵەی دەرزی ئاژن کردووە، شاهیدی ئەوەبووین گەلێ شتی بەنرخی لەگەڵ خۆی هێناو دێنێ، لەوانە مەغفرەت، رەحمەت، موژدە، سەدان و هەزاران فیضی دیکەی لە جانتاکەیدا لە لایەن سازێنەری کەون و کائیناتەوە هێناوە، تەنیا لە سەر خوڵکی خاوەن ماڵ بەندەو لە دوورەوە وەستاوە، کورد دەڵێ:( نانت جۆیین بێ خوڵکت گەرمین بێ)، بە هەر دوو دەستی بە چواردەوەری خۆیدا شت دەبەخشێتەوە، کێ وشیارە پەلامار دەدات و هەڵدەگرێتەوە، گەورەو چکۆلە، بێ ناوو خاوەن ناو، ژن و پیاو، کوڕوکاڵ، هەرزەو مناڵ، لای ئەو جیاوازی نییە، وا ئێستا ماڵ ئاوای لەو میوانە ئازیزە دەکەین، هەی لەوەی بتوانێ ساتە وەختێ پێشوازی لێ بکات و ماڵ ئاوایشیش بکات. دیارە میوانە و بەشی میوان ڕۆیشتنە، بەڵام مرۆڤی ژیر دەس لە ڕووی میوانەوە نانێ، لە سایەی سەری ئەم میوانە، دنیا چراخانە، کاولە وێرانان قەرەباڵغ و ئاوەدانە. بۆیە بەم هاتنوو چوونەی ئەو میوانە شیرینە بیرمان دەخاتەوە. ١- پێمان دەڵێ نیعمەتەکان هەروان زوو تێدەبەڕێن و لە دەستدەچن، گەورەترێن نیعمەتی خوا ئەم مانگە پر خێرو بێرەی ڕەمەزانە، ماڵ ئاوایی لێکردنی ئەوەمان پێدەڵێ نعمەتەکان بەردەوام نین هەروەک چۆن سیحەت وتەندروستی مرۆڤ بەردەوام نیێەو جێگیر نییە، ئەو دەرفەتە مەعنەوی و ڕۆحییانە وەک سەحرە و بەربانگ و تەراویح و شەوانی قەدر ئەو هەموو پەرستش وعیبادەتە خۆراکی ڕۆحیین زۆر زوو تێپەرین، دەی تا لەناو نیعمەتەکانداین با دەنگی سوپاس گوزاری بڵندبکەین و بپارێینەوە. ٢- نعمەتەکان زەمینەی تاقیکردنەوەی مرۆڤە سەر ڕاست و ڕاستگۆیەکانە، پێمان دەڵێ ئایا ئیرادەی بەردەوامیتان داوی ڕەمەزان هەر ئاوا بەرزو بەهێزە یان دوای رەمەزان سەنگی ڕاستگویتان دەردەکەوێت، ڕاستگۆیان و بۆ خوا سوڵحاوان لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکەن کە دەەرمووێت:(وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ) (الحجر: 99). بۆیە لێرەوە ماڵ ئاوایی بانگەوازە بۆ بەردەوام بوون لەسەر کاری چاکەو مانەوە لە سەر خێر. ٣- جیابوونەوە ئێشی ڕۆحی و مەعنەوی، مرۆڤی موسڵمان و ڕۆژوەوانانی بەم ماڵ ئاوای و (وداع)ە چەندە بەدەنیان ئازار دەچێژێ ئەوەندە بەماڵ ئاوای لە ڕەمەزان ئازاری ڕۆحی و مەعنەوی دەچێژن، ئەم هەستی ئازارە پێمان دەڵێت دونیا ماڵی مانەوەنییە و گەیشتنەوەی حەقیقی بە خۆشەویستان دەکەوێتە دواڕۆژ و دواڕۆژ ماڵی هەمیشەیی ومانەوەیە. ٤- ماڵ ئاوایی ماڵ ئاوایی کۆتانییە بەڵکو دەستپێکێکی تازەو ئەزموونێکی نوێییە، کاتێک ئێمە ماڵ ئاوایی لە مانێگکی پر لە پەرستش و عیبادەت دەکەین هەر بەم ماڵ ئاواییە دەچینە قۆناغێکی تازەو ئەوەی لە ڕەمەزان فێری بووین وپێ بەخشیوین ئیتر لە دوای ڕەمەزان دەیخەینە کارو دەیکەینە کردار. ٥- ماڵ ئاوای لە ڕەمەزان ماڵ ئاوایەکی بێ پەشیمانییە، چونکە ئەوەی ڕەمەزان بەخشی بەئێمە شتێکە کە هەرگیز پەشیمانی بەدواوەنیە ، هەوڵ بدرێت باش حاڵی بین لەم وداعە لەم ماڵ ئاوایێە. ماڵ ئاوا مانگی ڕەمەزان ماڵ ئاوا مانگی بەخشێن و چاکەو لەخۆ بوردن مانگی بەخشین و دەس و دڵ واڵایی. |