یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا مسعود حسێن غەزالی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بووە و، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن.    *****    *****   دەقی وتاری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە دیداری د.مستەفا زەڵمی    *****    *****   مامۆستا مەلا شەریف سەعید کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران   
ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوکمی داڕشته‌كانی پیشه‌ی پارێزه‌ری روون دەکاتەوە
به‌رواری دابه‌زاندن: 24/10/2023 : 21:01:14
قه‌باره‌ی فۆنت

قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)

الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.

وبعد:

 دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پارێزه‌ری به‌ڕێز چه‌ند پرسیارێكیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا كرد سه‌باره‌ت به‌ دارشته‌و ڕێنمایی شه‌رعی سه‌باره‌ت به‌ كاری پارێزه‌ری و هه‌ندێك له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ جێگه‌ی گومان و پرسیاره‌، ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 6/صفر/1445ه = 22/8/2023  دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌ڵگه‌ شه‌رعیه‌كان و مه‌به‌سته‌ باڵاكانی شه‌ریعه‌ت و یاساكانی فیقهی ئیسلامی هه‌ندێك داڕشته‌و ڕێنمایی شه‌رعی سه‌باره‌ت به‌پیشه‌ی پارێزه‌ری به‌گشتی ڕوون كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ وه‌ڵام بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌و هه‌روه‌ها ببێته‌ ڕێنمایی گشتیش بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پارێزه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ی به‌دوای حه‌ڵاڵدا ده‌گه‌ڕێن:

كاری پارێزه‌ریی بریتییه‌ له‌ (وه‌كاله‌ت) وڕاپه‌ڕاندنی كارێكی دیاریكراو له‌ دادگاو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا، له‌ڕێگه‌ی به‌رگری كردن له‌ كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و لابردنی سته‌م وڕێگری كردن له‌ خواردنی ماڵی خه‌ڵك به‌ ناحه‌ق.

كاری پارێزه‌ری كارێكی دروسته‌و له‌ فیقهی ئیسلامیدا ده‌چێته‌ خانه‌ی بریكاری به‌ كرێ (الوكالة بالأجر) به‌ به‌ڵگه‌ی قورئانی پیرۆزو فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ر و كۆده‌نگی زانایان، وكارێكی باش و خیریشه‌ به‌ نیه‌تی هاوكاری سته‌م لێكراوان و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن به‌ڵَگه‌كانیان به‌ جوانی بخه‌نه‌ ڕوو له‌ كاتی كێشه‌و گرفته‌كانیان و، هه‌روه‌ها ئاسانكاریشه‌ بۆ موسڵمانان له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا.

خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێ: [ هَا أَنْتُمْ هَؤُلَاءِ جَادَلْتُمْ عَنْهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا فَمَنْ يُجَادِلُ اللَّهَ عَنْهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَمْ مَنْ يَكُونُ عَلَيْهِمْ وَكِيلًا] {سورة النساء الآية: 109} .

خوای گه‌وره‌ له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا دا پرسیار ده‌كات - له‌ كاتێكا كه‌ خۆی زاناتره‌ - له‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژی دوییدا كێ ده‌بێته‌ بریكار (وكیل) ی سته‌مكاران وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دنیادا بریكار (وكیل) یان بووه‌ و به‌ به‌تاڵ و سته‌م به‌رگری لێكردوون، كه‌واته‌ ئایه‌ته‌كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دروسته‌ كه‌سێك ببێت به‌ بریكار (وكیل) ی كه‌سێك به‌ڵام بۆ به‌تاڵ نا، به‌ڵكو بۆ به‌رگری له‌ ماف و شایسته‌ ڕاست ودروسته‌كانی .

كاری پارێزه‌ری ئه‌گه‌ر به‌ پێی داڕشته‌ شه‌رعیه‌كان ئه‌نجام بدرێت ده‌چێته‌ خانه‌ی یارمه‌تی دانی خه‌ڵكی له‌ سه‌رخێرو چاكه‌ چونكه‌ پارێزه‌ر یارمه‌تی خه‌ڵكی نه‌شاره‌زا له‌ یاساكان وشێوازی ده‌ربڕین له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان ده‌دات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان و به‌رپاكردنی دادوه‌ری، خودای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێ: [وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ] (سورة المائدة : 2).

پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان -صلی الله علیه وسلم-  ده‌فه‌رموێت: (إنكم تختصمون إلي، ولعل بعضكم ألحن بحجته من بعض، فمن قضيت له بحق أخيه شيئا، بقوله: فإنما أقطع له قطعة من النار، فلا يأخذها) "رواه البخاري في كتاب الشهادات، باب من أقام البينة بعد اليمين برقم: 2680 (2/180) عن أم سلمة".

كه‌واته‌ یارمه‌تی دانی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ناتوانێت به‌ جوانی مافی خۆی له‌به‌رده‌م دادگا بسه‌لمێنیت - وه‌ك ئه‌وه‌ی پارێزه‌ر ده‌یكات- جۆرێكه‌ له‌ به‌رپاكردنی عه‌داله‌ت و گێڕانه‌وه‌ی مافی هه‌ژاران، ئه‌مه‌ش له‌ ئیسلامدا كارێكی پیرۆزه‌.

 هه‌روه‌ها دروستی كاری بریكاری له‌ ده‌عواو كێشه‌كان به‌ پێی داڕشته‌ شه‌رعییه‌كان كۆده‌نگی زانایانی پیشین ودوایینی له‌سه‌ره‌، ئیمامی سه‌ره‌خسی - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت -ده‌فه‌رموێت: " قد جرى الرسم على التوكيل على أبواب القضاة من لدن رسول الله صلى الله عليه وسلم إلى يومنا هذا من غير نكير منكر ولا زجر زاجر". (المبسوط للسرخسي19/ 4)

به‌ڵام كاری پارێزه‌ری كۆمه‌ڵیك داڕشته‌و مه‌رجی شه‌رعی هه‌یه‌ بۆ دروستی و حه‌ڵاڵی ئه‌و  پاره‌یه‌ی كه‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ بری بریكاریی له‌ هه‌ر بابه‌ت و گرفتێكدا كه‌ پارێزه‌ر بریكار ده‌بێت تیایدا له‌وانه‌:

1. ئه‌و كه‌یسه‌ی وه‌ریده‌گرێت كه‌یسێكی حه‌ڵاڵ بێت، و پارێزه‌ر به‌رگری له‌ كارێك نه‌كات كه‌ له‌شه‌ریعه‌تدا حه‌رام بێت.

2. پارێزه‌ر دڵنیا بێت كه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ی بووه‌ به‌ بریكار تیایداو وه‌ریگرتووه‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌ و به‌رگریكردن لێی به‌رگریكردنه‌ له‌ عه‌داله‌ت و ڕاستی.

3. پارێزه‌ر له‌كاتی به‌ڕێوه‌ چوونی دادگاو ڕێكخستنی كۆنووسه‌كان پێویسته‌ وریا بێت توشی درۆكردن یان شایه‌تیدان به‌درۆ یان بۆختان كردن نه‌بێت به‌ كه‌سی به‌رامبه‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ بباته‌وه‌، با بشزانێت بریكار بۆ كراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر حه‌ققه‌ .

4. نابێت پارێزه‌ر هه‌وڵ بدات بۆ درێژه‌دان به‌ كه‌یسه‌كان به‌ مه‌به‌ستی زیاتر پاره‌ كێشانه‌وه‌ له‌ بریكاربۆ كراوه‌كه‌ی.

5. نابێت پارێزه‌رێك له‌گه‌ڵ پارێزه‌ری به‌رامبه‌ری له‌ژێره‌وه‌ ڕێك بكه‌ون و یه‌كێكیان بكشێته‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌و به‌بێ ئاگاداری بریكار بۆكراوه‌كه‌ی خۆی به‌ دۆڕان بدات.

6. پێویسته‌ پارێزه‌ر ئه‌مین بێت و پارێزگاری له‌ نهێنی بریكار بۆ كراوه‌كه‌ی وبه‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكات، به‌تایبه‌ت له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندییان به‌ شه‌ره‌ف و وسومعه‌و  كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی بنه‌ماڵه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

7. له‌و كه‌یسانه‌دا كه‌یه‌كلایه‌نه‌ن وه‌ك به‌ناو كردنی زه‌ویوزار وئۆتۆمۆبیل ..هتد پێویسته‌ پارێزه‌ر په‌نا نه‌بات بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ یاسا یان به‌رتیل دان بۆ ڕایی كردنی كاره‌كان.

8. له‌ هه‌ركه‌یسێكدا تاوانبار له‌لای پارێزه‌ر ئیقراری كرد به‌ ئه‌نجام دانی تاوانه‌كه‌ی یان پارێزه‌ر دڵنیا بوو كه‌ ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام داوه‌ بۆی نییه‌ هه‌وڵ بدات تاوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر لا ببات یان ڕێنمایی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی دادگا  وعه‌داله‌ت بشێوێنێت .

9. پارێزه‌ری كردن له‌كه‌یسه‌كانی كوشتن و حدودی شه‌رعی دروسته‌ پێش یه‌كلا كردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دادوه‌ر، هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌ی بۆ دادوه‌ر ڕوون بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌لایه‌ن بریكار بۆ كراوه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، چونكه‌ مه‌علومه‌ حه‌دده‌ شه‌رعیه‌كان به‌ شوبهه‌و گومانه‌كان لا ده‌برێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاریزه‌ر لای ڕوون بوو كه‌ بریكار بۆ كراوه‌كه‌ی تاونه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه‌ دروست نییه‌ پاریزه‌ری له‌و كه‌یسه‌دا بكات.

10. له‌و بابه‌تانه‌شدا كه‌ حه‌ق وبه‌تاڵ به‌ شێوه‌ی ڕیژه‌یین یان نادیارن پارێزه‌ر باشتر وایه‌ خۆی بپارێزیت وخۆی نه‌خاته‌ ناو شوبهه‌و گومانه‌وه‌ نه‌وه‌ك ببێته‌ به‌شێك له‌ به‌تاڵ و ونادادی یان ئه‌گه‌رده‌كرا هه‌وڵَی صولح بدات له‌ كه‌یسه‌كه‌دا، چونكه‌ وه‌ك پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان ده‌فه‌رموێت: (فمن اتقى الشبهات فقد استبرلأ لدينه وعرضه) متفق عليه من حديث نعمان بن بشير.

بۆیه‌ پێویسته‌ پارێزه‌ر بزانێت كاره‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ پیرۆزترو گه‌وره‌تره‌ كه‌ بریكاری كه‌سێك بێت بۆ په‌یدا كردنی پاره‌، به‌ڵكو ئه‌و پیشه‌یه‌كی ئینسانی پیرۆز ئه‌نجام ده‌دات و هه‌موو هه‌وڵیكی بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ڕاستی سه‌ر بكه‌وێت ودادپه‌روه‌ری به‌رپا بێت.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ دیسان پێویسته‌ له‌ سه‌ر كه‌سی پارێزه‌ر به‌دوادا چوونی وورد وپێویست بكات له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه‌ ده‌هێنرێته‌ لای و ده‌بێته‌ بریكار تیایدا، پاشان دڵنیایی له‌ دروستی وشه‌رعی بوونی بابه‌ته‌كه‌ وه‌ربگرێت، و دڵنیا بێت كه‌ به‌ به‌رگریكردن له‌و بابه‌ته‌ مافی هیچ كه‌سێك پێشێل ناكرێت و بریكاری بوونی له‌ وبابه‌ته‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌ دیهێنانی دادگه‌ری وبه‌رگریه‌ له‌حه‌ق وڕاستی.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارێزه‌ری كردن له‌و بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆی داماڵین وزه‌وت كردن وسته‌م كردن له‌ خاوه‌ن ماف ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ حه‌رامه‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌قی قورئانی پیرۆزه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: [وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ] (سورة المائدة : 2).

هه‌روه‌ها له‌ ڕوی ماف و ده‌ستكه‌وتیشه‌وه‌ پێویسته‌ پارێزه‌ران بزانن كه‌ته‌نها ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ حه‌ڵاڵه‌ بۆیان كه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كه‌یسه‌ دیایكراوه‌كه‌ی خۆیان له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون، بۆیه‌ به‌پێی شه‌رع حه‌رام ونادروسته‌ پارێزه‌ر پاره‌ له‌ لایه‌نی دۆڕاو  له‌ كه‌یسه‌كه‌دا وه‌ربگرێت با دادگاش دیاری بكات و دایبنێ كه‌ ده‌بێت لایه‌نی دۆڕاو پاره‌یه‌ك بداته‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی خۆی و پاره‌ش بداته‌ پارێزه‌ری به‌رامبه‌روه‌ك (أتعاب المحاماة)، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هیچ كارێك وه‌رنه‌گیراوه‌ له‌ هیچ بابێكی شه‌رعی جێگه‌ی نابێته‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ڕێكاره‌ ئیداریه‌كان وه‌ریشی گرت پێویسته‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆی وه‌ك له‌ فه‌توای ژماره‌ (7) 2023 رونمان كردۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ خاوه‌ن كه‌یسه‌كان بزانن كه‌ پارێزه‌ران شایسته‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌بن كه‌ڕێككه‌ وتوون له‌سه‌ری با پارێزه‌ره‌كه‌ كه‌یسه‌كه‌ش نه‌باته‌وه‌ یان كه‌یسه‌كه‌ تاكۆتایی نه‌ڕوات، یان كرێی ماندوبوونیان  بۆ دیار ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ی كرێی هاووێنه‌دا، به‌پێی رێككه‌وتن و عورفی ئه‌و جۆره‌ كاره‌.

له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ بابه‌تی صوڵح و پێكهێنان به‌شێك بێت له‌ كاری له‌پێشینه‌ی پارێزه‌ران به‌تایبه‌ت كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ باری كه‌سی و خێزانه‌وه‌ هه‌بوو .

ده‌ست خۆشیشمان هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و پارێزه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ پابه‌ند بن به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌و ئه‌و داڕشته‌ شه‌رعیانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن .

هه‌روه‌ها داوا له‌ سه‌ندیكای پارێزه‌ران ده‌كه‌ین كه‌ كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ڕێكاره‌ شه‌رعیانه‌ له‌هه‌موو بابه‌ته‌دا .

هه‌روه‌ها داوا له‌ دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ڕاستی ودادوه‌ری بهێننه‌ دی له‌ كه‌یسه‌كانداو هیچ ده‌ستێوه‌ردانێك قبوڵ نه‌كه‌ن له‌ كاره‌كانیاندا.

 

(والله تعالی أعلم)

وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وأصحابه أجمعین.

 

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا

6/صفر/1445ه= 22/8/2023 = 31/خه‌رمانان/2723ک