ئا: مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی
Sherkaway83@gmail.com
دوای ته‌مه‌نێك له خزمه‌تكردن‌و ته‌دریس‌و كاری هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و خزمه‌تكردن له ریزه‌كانی یه‌كێتی زانایان، مامۆستا مه‌لا مسته‌فا دار‌و سه‌لامی له ته‌مه‌نی (78)ساڵی دڵه گه‌وره‌كه‌ی له لێدان كه‌وت‌و گه‌ڕایه‌وه به‌ر دلۆڤانی په‌روه‌ردگاره‌وه، بۆیه به پێویستمان زانی بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی ئه‌و پیاوه خواناس‌و زانا‌و لێهاتووه، ئه‌و نوسینه وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ مامۆستا‌و ئاشنایه‌تی ئێوه‌ی خوێنه‌ر بخه‌ینه سه‌ر روپه‌ڕی گۆڤاری (په‌یامی زانایان)ه‌وه.
له‌دایك بوون‌و خوێندنی
ناوی ته‌واوی مامۆستا (مسته‌فا خدر حسن) ناوسراو به مامۆستا مه‌لا مسته‌فا داروسه‌لامی له ساڵی 1933 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینپه‌روه‌رو نیشتمانپه‌روه‌ر له گوندی داروسه‌لام له‌دایك بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و زمانی فارسی لای باپیری خوێندووه‌و، دواتر وه‌ك فه‌قێیه‌ك به مه‌به‌ستی خوێندن ده‌چێته گوندی (شێخ وه‌تمان)و ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵی خوێندنی په‌رتووكه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌بێت، دوای ئه‌وێ ده‌چێته ده‌ڤه‌ری قه‌ڵادزه‌و پاشانیش دێته‌وه بۆ باڵه‌كایه‌تی‌و درێژ به خوێندن ده‌دات.
مامۆستا به‌مه‌به‌ستی خوێندن چه‌ندین شوێن‌و شاری ئه‌م كوردستانه‌ی كردووه له‌وانه: ئاكۆیان، گرتك، وه‌رتێ، قه‌ڵاتێ، كۆیلێ، هه‌سنان، گه‌ره‌وان، ماونان، كه ئه‌وكات هه‌ر یه‌ك له‌و شوێنانه مه‌ڵبه‌ندی زانست‌و زانیاری بوون، تا دواجار ده‌چێته لای مامۆستا مه‌لا وه‌یسی گرتكی‌و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی پێ ده‌به‌خشرێت.
دوای ئه‌وه‌ش مامۆستا وه‌ك ئیمام‌و خه‌تیب له گوندی دار‌و سه‌لام خزمه‌ت ده‌كا‌و ده‌ست ده‌كات به ته‌دریس‌و وانه گوتنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ساڵی 1959 مامۆستا ژیانی خێزانی پێك ده‌هێنێت، كه خوای گه‌وره حه‌وت كوڕ‌و چوار كچی پێ به‌خشیوه.
مامۆستا‌و خزمه‌تی له ته‌دریسدا
یه‌كێ له‌و بوارانه‌ی ماموستا پێی ناسراوه بواری ته‌دریسه، كه له‌سه‌ره‌تای شاره‌زابوونی ماموستا به‌زانسته‌كانی ئایینی بێ وچان هه‌وڵی پێگه‌یاندنی ڕۆڵه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی داوه به‌زانست وبنچینه‌كانی ئایین، تا ته‌مه‌نیشی به‌ره‌و لاوازی‌و كزی رۆیشت هه‌ر خه‌ریكی ته‌دریس بوو، كه تا ساڵه‌كانی 2005 حوجره پڕ خێره‌كه‌ی له گوندی دار‌و سه‌لام هه‌ر ئاوه‌دان بوو به فه‌قێ‌و وانه گوتنه‌وه.
هه‌ندێ له‌و ماموستاو فه‌قێیانه‌ی به‌هره‌مه‌ندبوون به‌زانستی ماموستا هه‌ریه‌ك له مه‌لا مه‌حه‌مه‌دی بیرێژی و مه‌لا خالیدی مه‌له‌كی و مه‌لا عه‌ولای ئێرانی و مه‌لا موحه‌مه‌دی دیاربه‌كری و مه‌لا عه‌لی بێشه‌یی و مه‌لا سه‌عیدی سه‌ردره‌یی و مه‌لا موحه‌مه‌دی سپی بوون.
له‌بواری ئیجازه پێدانیش ماموستا توانیویه‌تی ئیجازه به‌م ماموستا به‌رێزانه بدات، وه‌ك مه‌لا سه‌عیدی سه‌ردریی‌و مه‌لا عه‌لی بێشه‌یی‌و مه‌لا ئیسماعیلی ئۆمه‌راوه‌یی‌و مه‌لا حه‌كیمی ڕوستایی‌و مه‌لا نه‌جاتی جاوه‌كه‌یی‌و چه‌ندانی تر.
رۆڵی مامۆستا له كاری رێكخراوه‌یی
ماموستا له ته‌مه‌نی خۆیدا هه‌میشه حه‌زی به خزمه‌ت كردووه‌و، یه‌كێكه له‌و ماموستا به‌رێزانه‌ی كه له‌سه‌رده‌می (عبدالكریم قاسم ) به‌نوێنه‌رایه‌تی فه‌قێیانی كوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستایه‌كی تر به‌نووسراوێك له‌لایه‌ن پارێزگای ئه‌وسای هه‌ولێر پشتگیریان لێ ده‌كرێت به چه‌ند داواكاریه‌ك هه‌وڵی دیده‌نی كردنی عه‌بدالكریم قاسم ئه‌ده‌ن، گه‌رچی نه‌یانتوانی چاویان به‌خودی ئه‌و بكه‌وێت به‌ڵام توانیان چه‌ند داواكاریه‌كی قوتابی‌و فه‌قێیان بگه‌یینه حكومه‌تی ئه‌وسای عیراق، ئه‌وه‌بوو هه‌ندێ داواكاریان په‌سه‌ند كرا وه‌ك په‌سه‌ند كردنی بڕوانامه‌ی فه‌قێیان و ڕازبوونیان به‌وه‌رگرتنیان وه‌ك (معلم) له‌قوتابخانه‌كانی میری.
ماموستا ڕۆڵێكی دیار‌و به‌رچاوی هه‌بوه له‌دامه‌زراندنی رێكخراوی یه‌كێتی زانایانی ئایینی كوردستان‌و خۆی یه‌كێك بوه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م رێكخراوه‌یه خۆنه‌ویستانه به‌شداری كردوه، به‌ڵكو ده‌كرێ بڵێین كه‌سی دووه‌م بووه له‌وانه‌ی داوای دروست كردنی ئه‌م رێكخراوه‌یان كرد بێت، ماموستا له چوار كۆنگره‌ی یه‌كێتی زانایان به‌شداری كردوه، له ده‌سپێكی یه‌كه‌م كۆنگره یه‌كێك ده‌بێت له‌و ماموستایانه‌ی سه‌رپه‌رستی لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌و ناونووس كردنی زانایانی له‌ئه‌ستۆ گرتوه.
ده‌وری قازیه‌تی
به‌هۆی لێهاتووی و شاره‌زای له‌بواری ئه‌حكام‌و شه‌رع له‌سه‌رده‌می شۆره‌شی ئه‌یلول له‌لایه‌ن جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌یه‌كێك له‌قازیه‌كانی شۆره‌ش ده‌ست نیشان ده‌كرێت‌و بۆ ماوه‌یه‌كی باشیش له به‌شی عه‌دلی چۆمان وه‌ك قازی شه‌رعی خزمه‌تی كردووه، ته‌نانه‌ت مامۆستا خۆی له باره‌ی گرنگی كاری قازیه‌تی له دیمانه‌یه‌كی خۆری ئیسلام ژماره(10) كه مامۆستا جه‌عفه‌ر گوانی له‌گه‌ڵی ساز داوه ده‌ڵێ: ئێمه ئه‌و كات ده‌سته‌ڵاتی كامڵمان درا بوێ‌و، كه‌س بۆی نه‌بوو بڕیاری ئێمه ره‌ت كاته‌وه، ئه‌وه‌ش بڕیاری جه‌نابی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو، ته‌نانه‌ت له‌ناو شۆڕشیش كه‌س نه‌یده‌توانی قسه‌ی ئێمه جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌و كاتی شۆڕش خۆشی قه‌بوڵی نه‌ده‌كرد كه‌س سه‌رپێچی شه‌رع بكات، بۆیه زانایانی ئایینی‌و ئه‌و به‌شه‌ی ئێمه وه‌ك قازی كارمان تێدا ده‌كرد، رۆڵێكی دیاری هه‌بوو له خزمه‌ت كردنی كێشه‌كان‌و سوڵح‌و ئاشته‌وایی‌و لێك نزیك كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و هۆشیاركردنه‌وه‌یان له باره‌ی شه‌رعه‌وه.
هه‌ر به پێی شاهید عه‌یانی زۆریشه‌وه به فعلی مامۆستا توانیویه‌تی چه‌ندین كێشه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر بكات، تا له ژانیش مابوو جێده‌ستی مامۆستا دیار بوو له بواری سوڵح‌و مه‌سله‌حه‌ت‌وئاشته‌وای‌و ئامۆژگاری كردنی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی گشتی‌و له سه‌ر دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی به‌تایبه‌تی..
كۆچی مامۆستا
دوای بردنه سه‌ری ته‌مه‌نێكی پڕ له خزمه‌تكردن، له بواری ئایینی‌و كوردایه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، مامۆستا مه‌لا مسته‌فا داروسه‌لامی له‌به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 22/7/2011 كۆچی دوایی كرد‌و رۆحه پاكه‌كه‌ی گه‌یشته‌وه كاروانی زانایان‌و پیاوچاكانی رێبواری ته‌ریقه‌تی خزمه‌ت به ئایینی ئیسلام‌و موسڵمانانه‌وه، به‌داخه‌وه مردنی مامۆستا‌و قازی‌و موده‌ڕیسێكی وه‌ك مامۆستا نه‌ك ته‌نها بۆ گوندێكی وه‌ك (داروسه‌لام) به‌ڵكو بۆ ته‌واوی باڵه‌كایه‌تی‌و كاروانی زانایان خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌و كه‌لێنێكی دیار‌و به‌رچاو بوو. چونكه له رووی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئیرشاد‌و ئیسڵاحه‌وه، مامۆستا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی له بواری ته‌دریس‌و ئامۆژگاری‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ئایینی پێشكه‌ش كرد‌و، له‌سه‌ر هه‌ردوو شا رێگه‌ی شه‌ریعه‌ت‌و ته‌ریقه‌ت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك نه‌فعێكی زۆری گه‌یاند.
وه‌ك قازی‌و دادوه‌رێكی دیار، رۆڵێكی كارای گێڕا له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان‌و نه‌هێشتنی گرفته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و، دروستكردنی رۆحی برایه‌تی‌و ئاشته‌وایی‌و لێبورده‌یی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا.
له هه‌مان رۆژدا له مه‌راسیمێكی شكۆدار‌و به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و ژماره‌یه‌كی زۆری زانایانی سۆران‌و رواندزو باڵه‌كایه‌تی‌و جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراو ته‌رمی مامۆستا له گۆڕستانی گوندی داروسه‌لام به‌خاك سپێردرا.
سۆزێك بۆ مامۆستا
مامۆستا.. ئه‌و به‌ره‌به‌یانیه‌ی خه‌به‌ری وه‌فاتی جه‌نابت بڵاوبویه‌وه.. باڵه‌كایه‌تی باڵی ماته‌می داپۆشی،، خه‌فه‌تێكی قوڵ له دڵی هه‌موو لایه‌ك دروست بوو حوزنێكی زۆر لای هه‌مووان بووه میوان‌و باڵه‌كایه‌تی كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێكه‌وت‌و كۆڕی زانایان ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی كوژایه‌وه.
مامۆستا.. كۆچت تۆ ئه‌و هه‌واره‌ی لێ چۆڵ كردین‌و داروسه‌لام‌و خزم‌و دۆسته‌كانت ته‌نیا هێشتنه‌وه.. مه‌لا‌و فه‌قێ‌و حوجره‌و خانقا‌و مزگه‌وتت یه‌تیم مانه‌وه‌و بۆ هه‌تا هه‌تایه ماڵئاوایت لێ كردن. دانیشتنی ده‌مه‌و عه‌سرانی نێو حه‌دیقه‌و سه‌ر تاته سێبه‌ریه‌كه‌ی به ده‌ركی مزگه‌وتی داروسه‌لامت بێ ناز هێشته‌وه..
مامۆستا ئه‌وه تۆ بووی مه‌ردانه‌و سه‌ربه‌رزانه هه‌نگاو به هه‌نگاو.. پێ به پێی حوجره‌كان .. به نانه ڕه‌قه‌و سه‌رماو برسیه‌تی‌و غه‌ریبیه‌وه.. گه‌یشتیه چله‌پۆپه‌ی كاروانه‌كه‌و.. مێزه‌ری مه‌لایه‌تیت كرده سه‌رو وه‌ك چرایه‌كی گه‌شاوه‌ی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته نووری عیلم‌و عیرفانت رووناكی دایه‌وه..
هۆ مامۆستا ده ئارام بنوو ئارام.. هێشتا حه‌وشه‌كه‌ی مزگه‌وتت شوێن پێیه‌كانتی لێ دیاره‌و بۆنی دانیشتی ئێوارانی تۆی لێ دێ.. حوجره‌و كتێبه لاپه‌ڕه زه‌ده‌كانت.. وا بوونه یادگاری‌و دڵنیابه به زیندووی له‌به‌ر چاوی ئێمه ده‌مێننه‌وه..
ده ئارام بنوو ئارام مامۆستا.. دڵنیابه به كۆچی تۆوه رۆحه پاكه‌كانی مه‌لا ئیبنو ئاده‌م‌و شێخی باڵه‌ك‌و شێخ مه‌لا حه‌سه‌ن‌و مه‌لا محمد‌و مه‌لا وه‌یسی گرتكی‌و مه‌لا كاكه‌أحمد‌و شێخانی باڵه‌كایه‌تی‌و ته‌سبیح به‌ده‌ستانی نێو كۆڕی زیكر‌و ئه‌وراد.. ئاشنا‌و خۆشحاڵ ده‌بن.. له پێشوازی تۆدا شادومانن.. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆحی پاكت ئاشنای نووری حه‌قیقه‌ت‌و ته‌ریقه‌تی نۆش كردووه..
ده ئارام بنوو هۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی باڵه‌كایه‌تی.. ده ئارام بنوو هۆ شه‌رعزانانه گه‌وره‌كه‌ی باڵه‌كایه‌تی.. به ئومێدی ره‌حمه‌تی خوا رۆحه شیرنه‌كه‌ت به‌هه‌شتیه‌و له‌گه‌ڵ كاروانی پیاوچاكان ده‌گه‌یته ئامێزی میهره‌بانی‌و لێبورده‌یی خواییه‌وه..
مه‌راسیمی رێزلێنان
وه‌ك رێزگرتن له كه‌سایه‌تی مامۆستا‌و خزمه‌ت‌و لێهاتووی‌و زانایی‌و خواناسی‌و مامۆستا، ڕۆژی 25/7/2011 له مزگه‌وتی گوندی داروسه‌لام مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌ت به مامۆستا سازكرا.
به سه‌رپه‌رشتی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایان‌و له ژێر چاودێری‌و به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی‌و به‌رپرس‌و كارگێڕ‌و ئه‌ندامانی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایان‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له زانایانی ده‌ڤه‌ری سۆران‌و رواندزو باڵه‌كایه‌تی‌و كه‌سایه‌تی‌و به‌رپرسانی حزبی‌و حكومی‌و جه‌ماوه‌رێكی زۆری ده‌ڤه‌ره‌كه، ئه‌و مه‌راسیمه به‌ڕێوه چوو.
مه‌راسیمه‌كه به چه‌ند ئایه‌تێك ده‌ستی پێكردو، دواتر په‌خشانێك به‌ناوی ( سۆزێك بۆ مامۆستا) له‌لایه‌ن مامۆستا دلشاد گه‌ڵاڵی خوێندرایه‌وه، پاشان پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رێز (مه‌سعوود بارزانی) له لایه‌ن مامۆستا وه‌یسی سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سۆران خوێندرایه‌وه. دواتریش ژیاننامه‌ی مامۆستا له‌لایه‌ن مامۆستا فه‌رمان چۆمانی خوێندرایه‌وه.
دواتر مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و تێیدا تیشكی خسته سه‌ر رۆڵی مامۆستای ره‌حمه‌تی له خزمه‌تكردنی له بواره‌كانی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئیسڵاحه‌وه، كه ده‌ورێكی باڵای بینیوه له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان‌و پێگه‌یاندنی مامۆستای ئایینی‌و ته‌دریس كرد.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتی: ئێمه زانایایه‌كی گه‌وره‌مان له‌ده‌ست دا‌و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ش له‌ناومان دروست بوو، مامۆستا توانی ته‌نها به زانست‌و ته‌قوا‌و ته‌دریس‌و كه‌سایه‌تی به‌رزی خۆی ئه‌و پێگه گه‌وره‌یه دروست بكات، كه وه‌ك خۆشه‌ویستێكی تێكڕای خه‌ڵك سه‌یر ده‌كرا، هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه وه‌ك یه‌كێتی زانایان‌و وه‌ك زانایانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تیش پێمان باشه كاك مه‌لا خاكی كوڕی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی له شوێنی ئه‌و دابنێینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باوكی بگرێته‌وه.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه مامۆستا مه‌لا خاكی وێڕای ده‌ست خۆشی‌و سوپاسی بۆ ته‌واوی لایه‌ن‌و دام‌و ده‌زگاو زانا‌و كه‌سایه‌تی‌و ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌شداری پرسه‌یان كردووه، سوپاسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كرد‌و به‌ڵێنی دا به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه له شوێنی باوكی خزمه‌ت بكا‌و رێبازی ئه‌و بگرێته‌وه.
|