سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆ (17/10/2011) نوێنه‌ری فه‌له‌ستین له هه‌ولێر سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانی كرد.
له باره‌گای یه‌كێتی زانایان سه‌رۆك‌و جێگری سه‌رۆك‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی پێشوازییان كرد له نوێنه‌ری فه‌له‌ستین له هه‌ولێر، له سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه، مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان تیشكێكی خسته سه‌ر مێژوو‌و ئێستای یه‌كێتی زانایان‌و كار‌و چالاكیه‌كانی، له باره‌ی فه‌له‌ستینیشه‌وه گووتی: گه‌لی كورد به گشتی‌و زانایانی ئاینی به‌تایبه‌تی سۆز‌و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆریان بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین هه‌یه‌و، هه‌میشه له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان له كاتی هێڕشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر فه‌له‌ستینیه‌كان دوعایان بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین كردووه، ئه‌وه‌شی به شتێكی ئاسایی زانی، چونكه كورد هه‌میشه خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه له‌سه‌ر فه‌له‌ستین، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ركرده‌ی مه‌زن سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی قودسی فه‌تح كرد‌و، له شه‌سته‌كانیش مه‌لا مسته‌فای بارزانی خه‌باتی چه‌كداری له دژی حكومه‌تی عێراقی راگرت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها به پشتیوانی فه‌له‌ستینیه‌كان سه‌رقاڵ بێت.
له‌لایه‌كی دیكه سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌و سه‌ردانه، ئاماده‌یی یه‌كێتی زانایانی ده‌ربڕی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی زیاتر به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی فه‌له‌ستین.
له‌لای خۆیه‌وه نه‌زمی عرسان حزوری نوێنه‌ری فه‌له‌ستین له هه‌ولێر خۆشحاڵی خۆی به‌و پێشوازییه گه‌رمه ده‌ربڕی‌و، ئه‌ویش ته‌ئكیدی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی مێژووی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد‌و فه‌له‌ستین كرده‌وه، ئه‌و برایه‌تیه‌ش له مێژووی هاوبه‌شدا قوڵ بۆته‌وه، نوێنه‌ری فه‌له‌ستین نه‌یشادره‌وه، كه ژماره‌كی زۆری كورد له شه‌ڕی فه‌له‌ستین‌و ئیسرائیل شه‌هید كراون، به‌تایبه‌تی له لوبنان، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، كه تا ئێستاش كۆمه‌ڵێك خانه‌واده‌ی كورد به هه‌مان نازناوی كوردیه‌وه له ناو فه‌له‌ستین ماون‌و درێژه به ژیان ده‌ده‌ن‌و، وه‌ك ئه‌وان تاڵی‌و سوێری ژیان ده‌چێژن.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، كه سه‌ردانی زانایانی ئاینی به‌لای ئه‌وه‌وه گرنگ بووه، چونكه فه‌له‌ستین له رووی دینه‌وه گرنگی تایبه‌تی هه‌یه به‌تایبه‌تی، كه قودسی پیرۆز كه‌وتۆته خاكی فه‌له‌ستین، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وان بێ ماندووبوون خه‌باتیان له‌پێناوی مافه‌كانیان كرده‌وه، هه‌روه‌ها گووتی: خه‌باتی ئێمه خه‌باتی بوونه نه‌ك خه‌باتی مافه‌كان، چونكه جوله‌كه بوونمان له فه‌له‌ستین به ره‌وا نازانێت.
جێی باسه هه‌ر یه‌ك له مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و مه‌لا محه‌مه‌د وه‌رتی‌و شێخ عه‌بدولباسیت بالیسانی‌و مه‌لا جه‌فعه‌ر گوانی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون. |