ئا: مه‌لا ئه‌میر گه‌ردی
ساڵانه‌و دوای كرانه‌وه‌ی ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن به رووی قوتابیان‌و خوێندكاران‌دا، چاوه‌كان به بینینی سه‌رو سیما‌و ژماره‌ی زۆری قوتابیان‌و، هاموشۆی رۆژانه‌یان بۆ قوتابخانه‌و په‌یمانگاو كۆلێژه‌كان ده‌گه‌شێنه‌وه‌و، دڵ پڕ ده‌بێ له ئومێد‌و خۆشه‌ویستی‌و ژیانه‌وه‌و، جارێكی دیكه ماناكانی تێكۆشین‌و هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌رزی بیری مرۆڤ دێنێته‌وه‌و، فێری كۆڵنه‌دانی ده‌كاته‌وه.
له‌كۆنه‌وه په‌روه‌رده‌و خوێندن به یه‌كه‌وه ناویان هاتووه‌و، ده‌بێ وه‌ك دوو رووی دراوێك باسیان بكرێ، هه‌ر بۆیه له زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان، به‌تایبه‌تیش جیهانی ئیسلامی، به ناوی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به خوێندن‌و فێركردن ده‌گوترێ: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و فێركردن، (وزاره التربیه والتعلیم). به‌ڵام گرنگی ئه‌م په‌روه‌رده‌یه بۆ خوێندن چیه، یان ئایا په‌روه‌رده له كوردستان له‌چ ئاستێكدایه؟ ئه‌گه‌ر روو له كزیه بۆ وای لێهاتووه‌و، چی بكرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌روه‌رده؟ ئه‌مانه‌و چه‌ند پرسیارێكی تر له‌م راپۆرته‌دا له‌گه‌ڵ كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار تاوتوێ ده‌كه‌ین.
سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی گرنگی په‌روه‌رده، به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا حیسامه‌ددین عه‌لی عه‌بدوڵڵا پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی برایم له گه‌ڕه‌كی ژیانی شاری هه‌ولێر گوتی: له ئه‌سڵدا خوێندن بۆ گرنگیدانه به‌په‌روه‌رده، بۆیه ده‌كرێ بڵێین خوێندنی بێ په‌روه‌رده كات كوشتنه‌و، هۆكاری نانه‌وه‌ی كێشه‌و گرفتی زۆره، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه هه‌یه.
له بنه‌ڕه‌تدا خوێندن بۆ گرنگیدانه به په‌روه‌رده
به‌ڕێزیان گوتی: ئه‌مه كه‌متر له 200 ساڵێكه خوێندنی ئه‌كادیمی دروست بووه‌و، به‌ر له‌م مێژووه په‌روه‌رده بوونی زیاتر بووه له ته‌علیم‌و فێركردن، كه‌چی پێشتر خه‌ڵكی ئاسوده‌و كامه‌رانتر بوون‌و، ئێستا له سایه‌ی عیلمی بێ په‌روه‌رده‌و ته‌هزیب، وێڕای پێشكه‌وتن‌و خوێندنی زانستی سه‌رده‌می‌و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، خه‌ڵك به گرفت‌و كێشه‌و نه‌هامه‌تی‌و كوشت‌و بڕیه‌وه سه‌رقاڵ‌و ماندوون.
مامۆستا حیسامه‌ددین زیاتر گوتی: ده‌كرێ مرۆڤ بێ خوێندن بژی‌و هیچ نه‌زانێ بخوێنێته‌وه، به‌ڵام ناكرێ بێ په‌روه‌رده‌بێ، چونكه عیلمی بێ ته‌ربیه‌ت شه‌یتانی نه‌فرینكراوی له خوا عاسی كرد.
دواتر به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا سه‌دره‌ددین قادر بالیسانی پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگه‌وتی ئیبن مسته‌وفی له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی شاری هه‌ولێر، كه هاوكات یاریده‌ده‌ری راگره بۆ كاروباری زانستی له په‌یمانگای زانسته ئیسلامیه‌كانی ناوه‌ندی ئێواران له هه‌ولێر، هه‌ر سه‌باره‌ت به گرنگی په‌روه‌رده، گوتی: جوانترین وه‌ڵام یه‌كه‌م ئایه‌ته له قوڕئانی پیرۆز، كه ده‌فه‌رموێ: (اقرأ باسم ربك)، واته: بخوێنه به‌ناوی په‌روه‌ردگارت، نه‌یفه‌رمووه بخوێنه به ناوی خوات، چونكه ئامانجی خوێندن ئه‌وه‌یه به‌ڕێنمایی په‌روه‌ردگار كه‌سێكی زیره‌ك‌و سه‌ركه‌وتوو بیت.
به‌ڕێزیان گوتی: پیشه‌ی پێغه‌مبه‌ران "سه‌لامی خوایان له‌سه‌ربێت" هه‌ر ئه‌مه بووه، كه وێرای فێركردن‌و گه‌یاندنی په‌یامی خوایی، په‌روه‌رده‌یه‌كی ده‌روونی‌و ئه‌خلاقی بڵاوبكه‌نه‌وه (ویعلمهم الكتاب والحكمه ویزكیهم).
مامۆستایه‌ك: به‌داخه‌وه په‌روه‌رده زۆر لاوازه، خێزان‌و مامۆستاش له په‌روه‌رده‌كردنی قوتابی به‌رپرسیارن
له وه‌ڵامی پرسیاری: ئایا ئاستی په‌روه‌رده به گشتی له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
مامۆستا مه‌هدی حوسێن شیلانی مامۆستای ئاماده‌یی سۆرانی نمونه‌یی له سۆران، بۆ (په‌یامی زانایان) گوتی: پێموایه له ئاستێكی مامناوه‌ندیدا بێت‌و، به گوێره‌ی مامۆستا‌و قوتابخانه‌و ده‌ڤه‌ریشه‌وه ده‌گۆرێت‌و، هه‌ندێك مامۆستا گرنگی ته‌واو به په‌روه‌رده‌ی قوتابیه‌كانی ده‌دات‌و، هی واش هه‌یه له‌گه‌ڵ رێزم ده‌یه‌وێ كات تێبپه‌ڕێنی.
به‌ڕێزیان ئه‌ركی خێزانی له‌و رووه‌وه به‌گرنگ‌و پێویست پێناسه‌كرد‌و، گوتی: به داخه‌وه زۆرێك له خانه‌واده‌و خێزانی قوتابیان كه‌مترین به‌رپرسیاریه‌تی نانوێنن‌و، واده‌زانن هه‌موو ئه‌ركه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ناوه‌نده‌كانی خوێندن‌و، ته‌نها گرنگی به جل‌و به‌رگ‌و خواردنی منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن، كه به‌راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌مه سته‌مه له پاشه رۆژی قوتابی‌و هه‌روه‌ها وڵاتیشمان.
باوكێك: مامۆستای په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی قوتابخانه‌كه‌ی لای ئێمه ئافره‌تێكی سفوره
له به‌رامبه‌ردا باوكێك، كه نه‌یویست وێنه‌و ناوی بڵاوبكرێته‌وه، گله‌یی له كزی‌و نه‌بوونی په‌روه‌رده كرد له ناوه‌نده‌كانی خوێندن‌و، گوتی: به‌داخه‌وه گرنگیدان به په‌روه‌رده زۆر لاوازه، به تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی، كه ده‌بێ بایه‌خێكی زۆری پێبدرێت، چونكه ئاینی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری هاوڵاتیانی كوردستانه‌و، هه‌رنا ده‌بێ مامۆستای پسپۆڕ‌و شاره‌زاو تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، كه‌چی مامۆستای وانه‌ی ئایین له‌قوتابخانه‌ی منداڵه‌كه‌ی من، ئافره‌تێكی سفوره، له‌گه‌ڵ رێزم بۆی به‌ڵام كه وانه‌ی دین ده‌ڵێته‌وه، ده‌بێ له ئه‌رك‌و په‌روه‌ده‌ی دینی نمونه‌ی قوتابیه‌كانی بێت.
قوتابیه‌ك: مامۆستا هه‌ر باسی خوێندن ده‌كا باسی په‌روه‌رده ناكات
هاوكات قوتابی سه‌نگه‌ر جه‌لیل كه قوتابی قۆناغی ئاماده‌ییه، گله‌یی خۆیی به‌م شێوه‌یه ئاراسته كرد‌و، گوتی: مامۆستاكان ته‌نها ده‌ڵێن بخوێنن‌و به‌س، بۆ جارێكیش ئامۆژگاریمان ناكه‌ن‌و، ئه‌وكتێبه كراوه‌ته كوردی گوایه باسی ئایین ده‌كات، ئه‌مه بۆ پۆڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كان ده‌شێت، نه‌وه‌ك بۆ قۆناغی ئاماده‌یی، به‌ڕاستی ئێستا ئاین كه پێموایه بناغه‌ی په‌روه‌رده‌یه، له قوتابخانه‌كان نه‌مایه، یان شتێكی وایان دانه‌ناوه سودی لێ وه‌رگرین.
قوتابیه‌كی تر كه ناوی بڕیار بو‌و قوتابی په‌یمانگایه، به‌م شێوه‌یه هاته ئاخاوتن‌و، گوتی: ئه‌وه‌ی راستی بێ ئاستی په‌روه‌رده له ناوه‌نده‌كانی خوێندن زۆر نزمه‌و، پێموایه كه
به راستی خێزان ئێستا ده‌بێ رۆڵێكی گرنگتر له جاران ببینێ، هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌تدا مامۆستا وخێزان ته‌واوكه‌ری یه‌كترین.
مامۆستایه‌كی په‌یمانگا: پڕۆگرامێكی ته‌ندروست‌و په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی‌و راگه‌یاندن كۆڵه‌گه‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌ركه‌وتوون
له‌كۆتاییدا، به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا سه‌دره‌ددین بالیسانی ئه‌وه‌ی خسته روو، كه پێویسته بۆ كاراكردنی رۆڵی په‌روه‌رده هه‌نگاوی فیعلی بهاوێژرێ، به‌ڕێزیان گوتی: گرنگترین رێگه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده له ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌لای منه‌وه ئه‌مانه‌ن:
1_ دانانی پڕۆگرامێكی شایسته‌و سه‌ركه‌وتوو به هه‌ماهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌و، زانایانی كارامه.
2_ گرنگیدان به مامۆستا‌و وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی.
3_گرنگیدان به ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، كه رۆڵی سه‌ره‌كی‌و كاریگه‌ریان هه‌یه له ئاراسته‌كردنی په‌روه‌رده‌ی باش یان خراپ بۆ نه‌وه‌ی نوێ.
|