به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری گه‌شتیاری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گه‌شت و گوزاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ماکردن له رێستۆرانته‌کان قه‌ده‌غه کراوه ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سنوور لایدابوو به‌ڵام ئه‌وان سه‌ردانیان کردووه و داوایان کردووه مۆڵه‌تی "نایت کڵاپیان" بدرێتێ، واته شوێنی سه‌ماکردن.
به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری گه‌شتیاری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گه‌شت و گوزاری سلێمانی "مسته‌فا حه‌مه‌ڕه‌حیم" له لێدوانێکدا به ئاژانسی په‌یامنێری راگه‌یاند: "ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ماکردنمان لێ قه‌ده‌غه کردوون له راستیدا رێستۆرانتن و مۆڵه‌تی سه‌ماکردنیان نییه به‌پێی یاسای گه‌شت و گوزاریش هه‌موو ریستۆرانتێکی گه‌شتیاری بۆی هه‌یه مۆسیقا و گۆرانیی تێدا بێت به‌ڵام له سنوور لایدابوو و یه‌ک تا دو سه‌ماکه‌ریشیان هه‌بوو، ئێمه‌ش ویستمان ئه‌مه قه‌ده‌غه بکه‌ین به‌ڵام هاتن(خاوه‌ن رێستورانته‌کان) و گوتیان وه‌ک ئه‌وه‌مان لێ قه‌ده‌غه ده‌که‌ن بۆچی مۆڵه‌تی شوێنی سه‌ما کردنمان ناده‌نێ."
حه‌مه‌ڕه‌حیم گوتی: "ئێمه له کوردستان هیچ یاسا و رێنماییه‌کمان نه‌بوو بۆ پێدانی مۆڵه‌تی له‌و شێوه‌یه و نه‌شمانویست ده‌رگای ئه‌وه واڵا بکه‌ین چونکه مۆڵه‌تی یانه‌ی شه‌وانه زۆر له‌وه فراوانتره که ته‌نها سه‌ماکردن بێت ره‌نگه هه‌نگاو بنێت بۆ شتی دیکه‌ش."
به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری گه‌شتیاریی سلێمانی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ش کرد: "ئێمه چاوپۆشیمان له سه‌ماکردن کرد بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ڵام ئه‌وان بێگاری دۆخه‌که‌یان کرد و ژماره‌یان زیاتر بوو له سنوور و رێنماییه‌کان ده‌رچوون، ئێمه‌ش ناچاربووین سه‌ماکردنیان لێ قه‌ده‌غه بکه‌ین به‌تایبه‌تیش له‌ناو شاردا."
سلێمانی ١٢ئازار/مارس (PNA)-
|