هه‌ژار ڕه‌مه‌زان
له به‌رواری 11/11ی1999دا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی سلێمانی كراوه‌ته‌وه،له دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی دیكتاتۆریه‌تی عێراق حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵێكی زۆری داوه بۆ ئه‌وه‌ی كه هاوڵاتیانی كوردستانیش وه‌كو سه‌رجه‌می هاوڵاتیانی تری دونیا ببن به خاوه‌نی پاسپۆرت و بتوانن به ئازادی له‌م ڕێگه‌یه‌وه سه‌فه‌ر بكه‌ن،هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تادا ئیش و كاره‌كانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه ساده بوونه‌و ته‌نها پاسپۆرتی جۆری(S)ین داوه به‌هاوڵاتیان كه سه‌فه‌ر كردن به‌م جۆری پاسپۆته ته‌نها بۆ چه‌ند ووڵاتێكی دراوسێ عێراق بووه و بۆ ووڵاتانی تر هاوڵاتیان له ڕێگه‌ی ئه‌م پاسپۆرته‌وه نه‌یان توانیه‌وه بۆ هه‌موو ووڵاتێك سه‌فه‌ر بكه‌ن،به‌ڵام له دوای ساڵی 2005 وه جۆرێكی تری پاسپۆرت له كوردستاندا ده‌رچوه ئه‌ویش پاسپۆرتی جۆری(j)بوه،به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی سلێمانی جۆرێكی تری پاسپۆرت ده‌دات به هاوڵاتیان كه ئه‌ویش پاسپۆرتی جۆری(A)یه كه به هه‌ردووك زمانی كوردی و عه‌ره‌بی له‌سه‌ری نوسراوه هاوڵاتیانی كوردستان له رَێگهی ئه‌م پاسپۆرته‌وه ئه‌توانن بۆ هه‌موو ووڵاتێك به بێ هیچ گرفتێك سه‌فه‌ر بكه‌ن.هه‌روه‌ها ڕۆژانه زیاتر له900 هاوڵاتی پاسپۆرتیان پێ ئه‌درێت و هه‌موو هاوڵاتیانیش ئه‌توانن ببن به خاوه‌نی پاسپۆرتی جۆری(A) كه ئه‌توانرێت بۆ هه‌موو ووڵاتیك سه‌فه‌ری پێ بكرێت.
پێدانی پاسپۆرت به هاوڵاتیان زیاد ده‌كرێت
وابڕیاره له ساڵی ئاینده‌دا شێوازی پێدانی پاسپۆرت له پارێزگای سلێمانی گۆڕانكاری به‌سه‌ر دابێت و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی كه هه‌یه له ڕووی پێدانی پاسپۆرته‌وه به هاوڵاتیان زیاد ده‌كرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی سلێمانی كارنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه له ساڵی ئاینده‌دا ده‌یخاته كار و به‌م شێوه‌یه‌ش هاوڵاتیان ئه‌توانن زیاتر سودمه‌ندبن له وه‌رگرتنی پاسپۆرت.له‌م باره‌یه‌وه تایبه‌ت به ماڵپه‌ری یه‌كیه‌تی زانایانی ئاینی: عه‌مید سالح عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی سلێمانی ووتی:شێوازی پێدانی پاسپۆرت له‌لای ئێمه چه‌ند جۆرێكی هه‌یه ،پێدانی پاسپۆرت بۆ حاڵه‌تی زه‌رور و پێویست كه ئه‌وانیش بۆ ئه‌و كه‌سانه كه نه‌خۆشن و ڕاپۆرتی پزیشكیان هه‌یه یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ساڵانه سه‌فه‌ری حه‌ج ده‌كه‌ن یاخود ئه‌و خوێندكارنهی كه سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ده‌روه بۆ خوێندن یاخود بازرگانه‌كان یان وه‌فده حوكمیه‌كان یان ئه‌و كه‌سانی بانگهێشت نامه‌یان هه‌یه بۆ ده‌روه‌ی ووڵات یان ڕۆژنامه‌نووسان كه سه‌فه‌رده‌كه‌ن بۆ ده‌روه هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه ئه‌مانه ڕاسته‌وخۆ ئه‌توانن پاسپۆرت وه‌ربگرن چوونكه حاڵه‌ته‌كانیان زه‌رور و تایبه‌ته.هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه پێویستیان به پاسپۆرت نیه به‌ڵام ئه‌یانه‌وێت پاسپۆرت ده‌ربهێنن و هه‌یان بێت ئه‌مانه‌ش ئه‌توانن و ڕۆژانه ئه‌و هاوڵاتیانه ناوی خۆیان له‌لای ئێمه ده‌نووسن و دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌توانن مامه‌ڵه‌كانی خۆیان ته‌واو بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پاسپۆرت وه‌ربگرن،له دوای ته‌واو بوونی مامه‌ڵه‌كانیش هاوڵاتیان دوای چه‌ند ڕۆژێك پاسپۆرته‌كانیان پێ ئه‌درێته‌وه.به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له هه‌ردوو حالهَته زهروریهكان و هاوڵاتیانی ئاسای كه پاسپۆرت وه‌رده‌گرن ئێمه ڕۆژانه زیاتر له 900 مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان به هه‌ردوو حاڵه‌ته‌وه جێ به‌جێ ده‌كه‌ین.به‌ڵام بۆ ساڵی ئاینده به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان بتوانن زیاتر سود مه‌ندبن له وه‌رگرتنی پاسپۆت،و له سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌شه‌وه ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی خۆمان دخه‌ینه كاره‌وه.
كار ئاسانی بۆ زانایانی ئاینی ده‌كرێت
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه مامۆستایانی ئاینی به درێژای مێژوو له خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا دابوونه و كاریان خزمه‌تكردنی خه‌ڵك بووه بۆیه ئێمه هه‌میشه ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ی كه هاتوونه بۆ لامان بۆ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی پاسپۆرت هاوكاریان بووینه كاره‌كانمان بۆ رای كردون،به‌تایبه‌ت ئه‌و مامۆستا ئاینیانه‌ی كه كاری زه‌رور یاخود سه‌فه‌ریان هه‌بووه ده‌ست به‌جێ كاره‌كانمان بۆ ته‌واو كردون،هه‌روه‌ها به‌رنامه‌شمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كارئاسانی زیاتریان بۆ بكه‌ین،ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه ساڵانه سه‌فه‌ری حه‌ج ده‌كه‌ن ئێمه به زووی كاره‌كانیان بۆ ته‌واو ده‌كه‌ین له‌لای خۆمان.
چه‌ند نوسینگه‌یه‌كی پاسپۆرت له ئیداره سه‌ربه‌خۆكاندا ده‌كرێنه‌وه
وابڕیاره له سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌دا له ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا بۆ زیاتر كار ئاسانی هاوڵاتیان چه‌ند نوسینگه یه‌كی پاسپۆرت بكرێته‌وه .ساڵح عوسمان ووتیشی:ئێستا ته‌نها یه‌ك نوسینگه‌ی پاسپۆرتمان هه‌یه له گه‌رمیان به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی كاری سه‌ربه‌خۆبوونی ئیدرهكاندا له ساڵی ئاینده‌دا به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین كه ڕانیه و قه‌ڵادزی ده‌گرێته‌وه هه‌روه‌ها له هه‌ڵه‌بجه‌ش نووسینگه‌یه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ناوچه‌ی شاره‌زوور،له‌هه‌مان كاتدا به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئامێرێكی تایبه‌تی پاسپۆرت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێمه هه‌مانه له كه‌لار دا ئه‌نێین بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان و شاره‌زوور كه ئه‌وان ئه‌توانن هه‌ر له كه‌لار هه‌موو مامه‌ڵه‌كانی پاسپۆرت ته‌واو بكه‌ن و په‌یوه‌ندیان به ئێمه‌وه نامێنێت له ڕووی مامه‌ڵه‌كردنی پاسپۆرته‌وه،به‌ڵام ڕانیه و قه‌ڵادزی بۆ ته‌واو كردنی مامه‌ڵه‌كانیان ئه‌بێت بێن بۆ سلێمانی ته‌نها بۆ په‌نجه مۆره‌كه و سه‌رجه‌می كاره‌كانی تری پاسپۆرت هاوڵاتیان ئه‌توانن له ڕانیه جێ به‌جێ بكه‌ن،ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆتی سلێمانی ساڵانه به‌رنامه‌ی تایبه‌تی هه‌یه بۆ كاركردن و فراوانكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی هه‌ر بۆیه‌شه دوای كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگانه له ناوچه‌كانی تر ئه‌وا هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌ده‌ین كه كاری زیاتر بكه‌ین بۆ ناوچه‌كانی تریش و فراوانكردنی نووسینگهكانمان له سنوری پارێزگای سلێمانیدا.به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگانه‌ش ئه‌وا كار ئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌كرێت كه ده‌توانن له شاره‌كانی خۆیانه‌وه مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن و نه‌یه‌ن بۆ سلێمانی،هه‌رچه‌نده كردنه‌وه‌ی ئه‌م نوسینگانه‌ش كارێكی ئاسان نیه چوونكه له ڕووی پێداویستیه‌وه زۆری ده‌وێت به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆكی حكومه‌ته هه‌موو هاوكاریه‌كمان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م نووسینگانه بكه‌ینه‌وه ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له كاتیی خۆشی‌دا كه به‌ڕێزیان جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق بوونه چه‌ندین جار هاوكاری ئێمه‌یان كردوه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد سه‌باره‌ت به پێدانی پاسپۆرت به هاوڵاتیان و فراوانكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان له ڕووی پێداویستیه‌كانه‌وه.
له‌گه‌ڵ به‌غدادا كێشه‌یان هه‌یه
ساڵح عوسمان ئه‌وه‌شی باسكرد كه ئه‌وان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی چه‌ند كێشه‌یه‌كیان هه‌یه له گه‌ڵ به‌غدادا كه ئه‌م كێشانه بوونه‌ته گرفت بۆ هاوڵاتیانی كوردستان،به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه بۆ جاری دووه‌م ده‌یانه‌وێت پاسپۆرت ده‌ربكه‌نه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی كه لێیان وون بووه یاخود دراوه یان به هه‌ر هۆیه‌كی تره‌وه بێت ئه‌وا ئه‌م هاوڵاتیه ناتوانێت لێره پاسپۆرت دهربكاتهوه چوونكه له به‌غدا دادگایه‌كی تایبه‌تیان داناوه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پاسپۆرتیان لێ وون بووه ئه‌بێت سه‌ردانی ئه‌م دادگایه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پاسپۆرته‌كه‌یان پێ بدرێته‌وه،هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له كێشه‌كان ئه‌وه‌یه له به‌غداد ڕێگه گرتن له سه‌فه‌ر كردن هه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه داواكراون یاخود تاوانبارن هه‌ندێك هاوڵاتی كوردستان هه‌یه ناوی وه‌ك ناوی ئه‌م داواكراوانه وه‌هایه بۆیه ئه‌م كه‌سانه له هه‌ر شوێنێك داوا كرابێت ئه بێت سه‌ردانی ئه‌م شوێنه بكات زۆر جار هه‌یه هاوڵاتی كوردستان له بنكه‌یه‌كی پۆلیسی بصره داوا ده‌كرێت ئه‌م هاوڵاتیه ئه‌بێت بچێت بۆ بصره ئه‌مه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌یه چوونكه به هۆی ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئه‌منی له عیراقدا ئاسایی نیه هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی كوردستان شاره‌زانین ناتوانن بچن بۆ ناوچه‌كانی تری عێراق بۆیه ئێمه چه‌ند جارێك داوامان كردوه كه ئه‌م كێشانه‌مان بۆ چارسهربكرێت و داوامان له‌لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی عێراق كردوه به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوینه‌ته‌وه.هه‌روه‌ها كێشه‌یه‌كی تر كه گرفتێكی گه‌وره‌یه بۆ ژنان له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌یه كه كاتێك كه ژنان بیانه‌وێت پاسپۆرت ده‌ربهێنن ئه‌وا ده‌بێت وه‌لی ئه‌مریان له‌گه‌ڵ بێت تا ته‌مه‌نی 40 ساڵی به‌ڵام كوڕان ته‌نها تا ته‌مه‌نی 18 ساڵی ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ژنان ئه‌مه‌ش بڕیارێكی مه‌زهه‌بی شیعه‌كانی عێراقه و هیچ په‌یوه‌ندی به كوردستانه‌وه نیه بۆئه‌مه‌ش داوامان كردوه به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی به‌غدا،هه‌ر بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ش ڕێكخراوه‌كانی ژنان له هه‌رێمی كوردستاندا چوونه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان و داوایان كرد كه ئێمه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین به‌ڵام تا ئێستا هه‌ر له هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌م گرفته و گرفته‌كانی تریش كه په‌یوه‌ندیان هه‌یه به به‌غداوه چاره‌سه‌ر بكرێن،چونكه ئه‌م كێشانه وای كردوه كه مامه‌ڵه‌ی چه‌ندین هاوڵاتی په‌كی بكه‌وێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه داوامان كردوه كه دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌م جۆره كێشانه له هه‌رێمی كوردستاندا دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئێمه بۆ ته‌واو كردنی مامه‌ڵه‌كانیان نه‌چنه‌وه بۆ به‌غداد به‌ڵام تا ئێستا بۆمان نه‌كراوه.
هه‌ندێك له هاوڵاتیان پابه‌ند نابن بهڕێنمایهكان
ساڵح عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه هه‌ندێك له هاوڵاتیان هه‌ن كه پابه‌ند نابن به ڕێنمایه‌كانی ئێمه‌وه و ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ئێمه دروست كردوه،به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له هاوڵاتیان دوای ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی پاسپۆرته‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێت و پێیان ده‌وترێت دوای 7 ڕۆژی تر وه‌رنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاسپۆرتهكانتان وه‌ربگرنه‌وه نایه‌نه‌وه،ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هاوڵاتی هه‌یه كه ماوه‌ی یه‌ك ساڵه پاسپۆرته‌كه‌ی ته‌واو بووه به‌ڵام نه‌هاتۆته‌وه ،ئێستا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی 7000 هاوڵاتی پاسپۆرته‌كانیان ته‌واو بووه به‌ڵام نایه‌ن وه‌ریبگرنه‌وه،بۆیه ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه پاسپۆرتیان ته‌واو بووه و وه‌ریان نه‌گرتۆته‌وه تاوه‌كو ئێستا ئه‌وا پێویسته سه‌ردانمان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی چوونكه ئێمه به‌رنامه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه نایه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرته‌كانیان ئه‌وا پاسپۆرته‌كانیان دهگهڕێنیهنهوه بۆ به‌غدا چوونكه ئه‌وان داوای ئه‌كه‌ن و دواتریش هاوڵاتیان ئه‌بێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرته‌كانیان سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆیه پێویسته هاوڵاتیان له كاتی ته‌واو بوونی پاسپۆرتهكهیاندا و له‌و كاته‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت بێن پاسپۆرته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه به پێچه‌وانه‌وه خۆیان به‌رپرس ده‌بن ،هه‌روه‌ها كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه ئێمه چه‌ندین جار له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه بڵاومان كردۆته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسای واتا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ڕێكه‌ی ناسنامه‌ی ساخته‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ ده‌رهێنانی پاسپۆرت ئه‌وا لێپێچنه‌وه‌ی یاسایان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌یه و ڕۆژانه‌ش ڕوو ئه‌دات ئێمه ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه به‌م شێوه‌یه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن پاسپۆرت ده‌ربكه‌ن ناجارین كه بیان ده‌ین به پۆلیس له ڕێگه‌ی به‌شی یاسای خۆمانه‌وه و دواتریش له ڕێگه‌ی پۆلیسه‌وه ده‌درێت به دادگا بۆیه پێویسته هاوڵاتیان به شێوه‌ی نایاسای هه‌وڵ نه‌ده‌ن پاسپۆرت ده‌ربهێنن.
ڕێچكه شكێن بوونه
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی له پێناوی خزمه‌تكردنی هاوڵاتیاندا چه‌ندین بڕیاریانداوه كه بۆیه‌كه‌م جار له هه‌رێمی كوردستاندا بڕیاری له‌م شێوه‌یه دراوه بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان،تاكه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بووه كه بۆیه‌كه‌م جار به شێوه‌یه‌كی دوو ده‌وام واتا له به‌یانیه‌وه بۆ نیوه‌ڕۆیان و له دوای نیوه‌ڕۆه و تاوه‌كو ئێواره ده‌وامی تێداده‌كرێت و له دوای ئه‌وانیش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كوردستان به‌م شێوه‌یه ده‌وامیان كردوه.ساڵح عوسمان له‌م باره‌یه‌وه ووتی:ده‌توانم بلێم كه ئێمه ڕێچكه شكێن بووینه كه بۆیه‌كه‌م جار به‌شێوه‌یه‌كی دوو ده‌وامی ده‌وامان كردوه له پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان و له‌دوای ئێمه‌شه‌وه له‌چه‌ند شوێنێكی تردا ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێمه خرایه كاره‌وه،ئێمه به شێوه‌یه‌كی دوو ده‌وامی كارده‌كه‌ین دهوامێكمان له سه‌عات 8ی به‌یانیه‌وه بۆ 12 نیوه‌ڕۆیه و ئه‌وه‌ی تریان له 12وه بۆ 8ی شه‌وه له هه‌ر دهوامێكیشدا نزیكه‌ی 100 كارمه‌ند كارده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ش توانیومانه زۆرترین خزمه‌ت بكه‌ین له بواره‌كه‌ی خۆماندا،هه‌روه‌ها ئێمه زۆر جار كێشه‌مان هه‌یه به هۆی ئه‌وه‌ی كه كارمه‌ندی جۆریمان كه‌مه واتا ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه شاره‌زایه‌كی ته‌واویان هه‌بێت له بواره‌كه‌ی خۆیاندا چوونكه ئه‌و بواره‌ی ئێمه ئه‌لیكترۆنیه و كاری قورسی ده‌وێت،بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رنامه‌ی خۆمان هه‌یه و ئه‌توانم بلێم له‌دوای ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئه‌چنه ناو بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانیه‌وه ئه‌م گرفتانه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێن چوونكه ئێمه تاوه‌كو ئێستا بینای تایبه‌ت به‌خۆمان نیه و وابریاره له كۆتای ساڵی نوێ‌دا بیناكه‌مان بۆ ته‌واو بكرێت به‌مه‌ش ئه‌توانین خزمه‌تێكی زیاتری هاوڵاتیان بكه‌ین.
|