وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به نوسراوێكی فه‌رمی كه كۆپیه‌كی ده‌ست ماڵپه‌ڕی "ئێن ئارتی" كه‌وتووه، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگای میدیای نمونه‌یی له‌شاری سلێمانی له‌پۆسته‌كه‌ی دورده‌خاته‌وه.
به‌پێی نوسراوه‌كه كه ئیمزای د.عیسمه‌ت محه‌مه‌د وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی له‌سه‌ره و رۆژی 26-4-2012 به ژماره (6966) ده‌ركراوه تێدا هاتووه ئاماژه به ئه‌نجامی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به كێشه‌ی قوتابخانه‌ی میدیای نمونه‌یی ئه‌هلی له‌سلێمانی كه له 8 ئازاری 2012 پێكهێنرابوو، هاوكات دوای چاوپێكه‌وتنی وه‌زیری په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ دایك و باوكی "به‌یار سه‌روه‌ر" و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای (الصافان) بڕیاردراوه به لابردنی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌و ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه.
هه‌ر له نوسراوه‌كه‌دا بڕیاردراوه پێداچونه‌وه به پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی قوتابخانه‌كه بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ پڕۆگرامه بڕیار له‌سه‌ر دراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگونجێت، هاوكات بڕیاریشدراوه پابه‌ندبن به گرێبه‌ستی مۆركراو له‌نێوان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و كۆمپانیای (الصافان).
له‌سه‌ره‌تای ئازاری 2012 له خوێندنگای میدیای نمونه‌یی له‌شاری سلێمانی خوێندكارێكی كورد به‌ناوی "به‌یار سه‌روه‌ر" مامۆستایه‌كی ئه‌مه‌ریكی له‌ناو پۆلی قوتابخانه‌كه‌دا له‌كاتی وانه‌وتنه‌وه‌دا به‌ناوی "جێرمایا سمۆڵ" كوشت و و دواتر خۆشی كوشت، به‌و هۆیه‌شه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك خوێندنگاكه داخرا.
خوێندنگه‌ی میدیای نموونه‌یی له ساڵی 2000- 2001 له شاری سلێمانی دامه‌زراوه و خوێندنگه‌یه‌كی تایبه‌ته و خوێندن تیایدا به زمانی ئینگلیزییه و زۆربه‌ی مامۆستایانی ئه‌مه‌ریكین. |