دوای ئەوەی شاندێكی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان بە یاوەری لقی شارەزووری یەكێتی زانایان، لەسەر بانگهێشتی ناوچەی هەڵەبجەی یەكێتی زانایانیان كردو، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانیان لەگەڵ مامۆستایانی دەڤەرەكە ئەنجامدا، مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان: دەستخۆشی لە ناوچەی هەڵەبجەی یەكێتی زانایان دەكات، كە رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە لە نزیكخستنەوەی مامۆستایانی ئایینو، توانویانە ببنە پردێكی بەتینو كارا بۆ پێكەوە كۆكردنەوەی زانایانی ئایینی، ئەوەش بۆ هەموو شوێنێك گرنگە، بەتایبەتی بۆ شاری هەڵەبجەو ناوچەكە، چونكە هەڵەبجە مافی بەسەر هەموو تاكێكی كوردەوە هەیە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی یەكێتی زانایان دەڵێت: لەم سەردانەماندا هەستمان بە یەك گیانیو خۆشەویستی نێوان مامۆستایانی ئایینی دەڤەرەكە كرد، بە جیاوازی ئینتیماو بۆچونو رای جیاوەزیشەوە، ئەوەش كارو بەرنامەی ئێمەیە، كە بتونین هەمیشە یەكێتی زانایان چەترێكی مەزن بێت، هەموو مامۆستایانی ئایینی لە ژێر سێبەریدا هەست بە حەسانەوە بكەنو، بە ماڵی دووەمی خۆیانی بزانن. بۆیە دەستخۆشیان لێدەكەینو، هیوای كاری باشتریان بۆ دەخوازین.