رۆژی پێنجشه‌ممه 5/6/2012 شاندێكی باڵای (رێكخراوی باڵوێزانی ئاشتی جیهانی)، كه پێكهاتبو له به‌ڕێزان: یه‌نگ كیم سه‌رۆكی رێكخراوی ناوبراو، جان دكسن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی رێكخراوه‌كه له ئه‌مه‌ریكا‌و، ئومێد جاف به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی رێكخراوه‌كه له كوردستان‌و، هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامان: شیرین ئامێدی‌و دیڤد میكۆو جه‌لال تۆمی، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد‌و، له‌لایه‌ن به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عبدالله مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.
ئه‌مه‌و له دانیشتنێكدا، وێڕای به‌خێرهێنان، به‌رێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان پوخته‌یه‌كی له كار‌و چاڵاكی‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی زانایانی خسته‌ڕوو، دواتر تیشكی خسته سه‌ر گیانی به یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاینه‌كانی هه‌رێم‌و، باسی له برایه‌تی له مێژینه‌و دێرینی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان كرد‌و، گوتی: كه سوپاس بۆ خوا له هه‌رێم كێشه‌یه‌ك نیه به‌ناوی كێشه‌و ململانێی ئاینی، سوپاس بۆ خوا كه فه‌زڵی ئه‌و كاره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زانایانی ئیینی هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌ڵقوڵاوی ناخی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه، كه ئایینی ئاشتی‌و ته‌باییه.
دواتر به‌رێز (یه‌نگ كیم) سه‌رۆكی رێكخراوی (رێكخراوی باڵوێزانی ئاشتی جیهانی) له وته‌یه‌كدا، دوای سوپاسكردنی بۆ پێشوازیكردنیان له مه‌كته‌بی ته‌نفیزی، سه‌رسامی‌و دڵخۆشی خۆی نیشاندا به بوونی رێكخراوێكی ئایینی له‌و شێوه‌یه له كوردستان‌و، ئاشكرایكردو گوتی: به‌داخه‌وه له ده‌ره‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ كوردستان‌و، ئایینی ئیسلام ده‌كرێت‌و، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبنین شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانه‌و، ته‌واو جیاوازه له حاڵی ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عێراق.
سه‌رۆكی رێكخراوی ناوبراو زیاتر گوتی: ئیسلام خاوه‌ن پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو، توانستێكی فراوانه‌و، رۆڵی زانایان‌و پێشه‌وایانی ئایینی نكۆڵی ناكرێت، چونكه ئێوه كار له‌ناخی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن‌و، له رێگه‌ی ناسینی خواوه خه‌ڵكی فێری چاكه‌كاری ده‌كه‌ن‌و، ئاشتی ده‌ڕوێنن، هه‌روه‌ك كه ئیسلام خۆی ئایینی ئاشتیه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان گوتی: هه‌رچه‌نده من خه‌ڵكی كۆریام، به‌ڵام له كوردستان هه‌ستم به‌بێ تاقه‌تی نه‌كردووه، هیوامان وایه بتوانین به یه‌كه‌وه رووه جوانه‌كه‌ی كوردستان ئاشنای جیهانی ده‌ره‌وه بكه‌ین، وه‌ك نمونه‌یه‌كی دره‌وشاوه بیناسێنین.
شایانی باسه: رێكخراوی (سفراْ السلام الدولی) باڵوێزانی ئاشتی جیهانی، رێكخراوێكی جیهانیه‌و، ساڵانه دوو كۆنفڕانس له سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی رێكده‌خات‌و، له ئێستاشدا رێكخراوه‌كه نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه كۆنفڕانسی ساڵی داهاتووی له كوردستان سازبكات.