بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەو پێیەی بەشێکی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی خوێندن دەکەونە ناو مانگی پیرۆزی رەمەزان، ئەمەش وا دەکات رۆژووگرتن بۆ قوتابیان ئاسان نەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی باڵای فەتوای کوردستان روونی دەکاتەوە، کە هەر کاتێك قوتابیان پێویستییان بە خوێندن و پێداچوونەوەو تاقیکردنەوە هەبێت، ئەمانەش لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بوون، بەرۆژووبوونیش وای لە قوتابیان دەکرد لە خۆئامادەکردن بۆ خوێندن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە سست ببن، ئا لەم حاڵەتەدا بۆیان دروستە ئەو چەند رۆژە بەرۆژوو نەبن و خۆیان بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکەن، دواتریش کە عوزرەکەیان تەواو دەبێت واجبە رۆژووەکانیان قەزا بکەنەوە.
مەرجی سەرەکی ئەم رێگەپێدانەش لەوە دایە کە قوتابیەکان لەو زیانپێگەیشتنه دڵنیا بن، بەوەی لە وانەکان دەکەون یان زیانیان پێدەگات، چونکە رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێکی موکەلەف (عاقل و بالغ) بێت و تەندرووست و نیشتەجێ بێت، هەموو واجبە شەرعییەکانیش بە تواناوە بەستراونەتەوە، جا ئەگەر ئەو کەسە نەیتوانی بەرۆژوو بێت یان زیانێکی توانابەدەری پێدەگەیشت، لە رووی شەرعەوە بۆی دروستە رۆژووەکەی بشکێنێت، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا).