بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ)
بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتیو كوردستان بەتایبەتی دەکەین، لە ناویشیانەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی بەرێز دەكەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشبەختیو قبوڵبوونی تاعەت و نزاو پاڕانەوەكانو، ئاودانی دڵە تینووەكانو، هاتنەدی مانا راستەقینەكانی جەژنی قوربان لە ئازادیو بڵاوبوونەوەی خۆشەویستیو برایەتی، هەروەك پێویستە لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموو هەوڵو تواناكان یەكخەین بۆ پێكەوەكاركردن لە پێناوی وەلاوەنانی گرژیو ئاڵۆزیو ناخۆشییەكانو، پاراستنی برایەتیو ئاشتیو یەكڕیزی.
جەژنی قوربان یەکێکە لە دروشمە گەورەکانی ئیسلام و تەعبیرە لە ئەنجامدانی فەریزەی حەج و دەربڕینی خۆشی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەو نیەت خێری و ئاشتبوونەوەو برایەتی، بۆیە دەبێ هەمووان بەو پەڕی گەورەییەوە لەم دروشمە گەورەی ئیسلام بڕوانین و بیکەینە وێستگەی ئاشبوونەوەی پتری نیشتمانی و هەماهەنگی و نێو ماڵی کوردو لایەنەکان.
دووبارە جەژنی قوربان لە هەموو لایەك پیرۆز بێتو، خوای گەورە تاعەتو خواپەرستی هەموو لایەكمان قبوڵ بكاتو، حەجو دوعاو پاڕانەوەی حاجیەكانیشمان قبوڵ بفەرموێت.
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
8ی7ی2022