به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
((وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ)) آل عمران:103.
به‌بۆنه‌ی هاتنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەڵکردنی مۆمی 52 ساڵ خزمەت و لەمەیدانی ئایینی و پیشەیی، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی گەلی کورد‌و ته‌واوی زانایانی به‌ڕێزی ئایینی ده‌كه‌ین.
شانازیه‌كی گه‌وره‌یه بۆ یەکێتی زانایان كه چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی زانایانەو، لە دۆخی ئێستادا خاوەنی رۆڵ و كاریگه‌ری‌و پێگه‌ی تایبەتەو، بهردهوامیشە له‌خزمه‌تکردنی په‌یامی ئیسلام‌و رێبازی دینداری و هەستی كوردایه‌تی‌و نیشتمانپه‌روه‌ری و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و ئاشتەوایی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان.
یه‌كێتی زانایان وه‌ك رێكخراوێكی پیشه‌یی له 21/9/1970 له‌هه‌ل و مه‌رجێكی تایبه‌ت و له پێناو خزمه‌تی ئیسلام و دۆزی ره‌وای گه‌لەکەمان و خزمه‌تی زانایانی ئایینی و کۆکردنەوەیان لەدەوری یەک رێکخراودا له شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی، له‌ژێر ئاڵای كوردستان و له‌سه‌ر راسپارده‌و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی دامه‌زراوە.
جێگەی شانازی و خۆشحاڵیە ئەم یادە دەکەینەوە، لەکاتێکدا تا ئەندازەیەکی زۆر توانیومانە بە ئەرکی خۆمان هەڵبستین و ئامانجەکانمان بێنینە دی، رۆڵی یەکەکەی زانایانی بەرێزی ئایینی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەین، کە رۆڵی گرنگیان هه‌بووه له ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو به‌ره‌و پێشبردنی یه‌كێتی زانایان‌و هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پاڵپشتی ههڵوێستو هه‌نگاوه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان، بۆیە لێرەوە جەخت لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەینەوە، کە پاڵپشتی زانایان بن لەم بەرپرسیارێتیەی شانیان داوەتە بەر لە پاراستنی ئایین و عەقیدەو سنوور‌و بەها ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەی کوردی و رەوشی دینداری لەهەرێم.
لەم ساڵوەگەڕەدا جارێکی تر رایدەگەنین لە پێناو ئامانجە ئایینی و پیشەیی و نیشتمانیەکان بەردەوام دەبین و لەخزمەتی زانایانی ئایینی و کۆمەڵگەی کوردی سڵ ناکەین، داکۆکیکاری ئایینی ئیسلام و رێبازی گەورە زانایان و کاری پیشەیی و مافەکانی زانایان دەبین.
دووباره ئه‌م یاده له هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌ین و، هیوای ئایینده‌یه‌كی باش‌و پڕ له ئاشتی و برایه‌تی بۆ كورد‌و كوردستان دەخوازین، خوای گەورە پشتیوانی هەمووان بێت و بۆ کاروهەنگاوی خێر.
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
20ی9ی2022