یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز ئاراستەی موسڵمانان بەگشتی و کوردستانیان بەتایبەتی دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
{ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ} الحج:32.
بە بۆنەی هاتنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان؛ پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان بەگشتی و کوردستانیانی ئازیز بە تایبەتی دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین رۆژوو تاعەت و خواپەرستی هەموو لایەک قەبوڵ بێت و، ئەم جەژنەش بکاتە مایەی خێر بۆ هەموو لایەک.
لە ئیسلامدا جەژن دروشمێکی گرنگەو لوتکەی خۆشحاڵبوونە بە ئەنجامدانی خواپەرستی، دەربڕینی شادی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و لێبوردەیی و پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سەردان و جەژنانەیە.
هیوادارین جەژن هاندەر بێت بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و لێک نزیککبوونەوەی لایەنەکان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی گەل و وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکگرتن و تەبایی بکەنە هەوێنی هەنگاوەکان و هەمیشە دڵی میللەت خۆش و ئاسوودە بکەن.
هەر لێرەشەوە سوپاسی تایبەتی تەواوی مامۆستایانی بەرێزی ئایینی دەکەین، کە خزمەتێکی گەورەیان لە مانگی رەمەزان پێشکەش کرد، هەروەها سوپاس بۆ سەرجەم موسڵمانان و دام و دەزگا حکومیەکان و خێرخوازان و دەزگا خێرییەکان، کە بە رێزگرتن و کۆمەکی و یارمەتیدان خزمەتی زۆریان نواند.
دووبارە جەژن لە هەموولایەک پیرۆز بێت و کوردستان هەر ئاوەدان.
مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
9ی4ی2024