راگه‌یاندنی لقی سۆران
شه‌وه‌ی 18-11-2012 له قه‌زای رواندوز به‌ئاماده‌بوونی به‌رێز مه‌لا عه‌بدولڵا مه‌لاسه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان و، مه‌لاخالد مه‌له‌كی به‌رپرسی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایان و، مه‌لا وه‌یسی مه‌لا سه‌عید به‌رێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سۆران و، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی مامۆستایانی ئاینی و جه‌ماوه‌رێكی زۆری ناوچه‌كه، له رێوره‌سمێكدا ته‌رمی خوالێخۆشبوو مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ده‌مین رواندزی سپارده‌ی خاك كرا.
له رێوره‌سمه‌كه‌دا وێرای ده‌ربه‌رینی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی و زانایانی ئاینی كوردستان به‌خانه‌وه‌اده‌ی خوالێخۆشبوو، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان مێژووی مامۆستای خوالێخۆشبووی له‌مه‌ڕ خزمه‌تكردن و پێگه‌یاندنی مامۆستای ئاینی وته‌دریس‌و بلاوكردنه‌وه‌ی زانست و زانیاری و ئاوادانكردنه‌وه‌ی حوجره‌كانی كوردستانی له وته‌یه‌كدا خسته‌روو رایگه‌یاند: مامۆستا یه‌كێك بووه له‌و مامۆستا ناودارانه‌ی كه هه‌میشه خزمه‌ت‌و ماندوبوونه‌كانی له‌به‌ر چاون، ئه‌و ته‌مه‌نی خۆی بۆ خزمه‌تكردنی بواری ئاینی و مزگه‌وت و فه‌قێكانی كورستان و فه‌توا ته‌رخانكرد بوو، بۆیه هه‌موومان خۆمان به قه‌رزاری ته‌مه‌نی مامۆستا ده‌زانین.