دوای ئەوەی شاندێكی زانایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستانەوە، بە سەرپەرشتیو چاودێری یەكێتی زانایانەوە، بۆ ماوەی یەك مانگو بە مەبەستی بەژداری خولی پێشكەوتووی ئەزهەری شەریف گەیشتنە قاهیرەی پایتەختی میسر، لە مەراسیمێكی تایبەت خولەكە كۆتایی پێهات.
رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 29/11/2012 بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانو هەریەكە لە بەڕێزان دكتۆر عەبدولفوزیل ئەلقوسی وەزیری پێشووی ئەوقافو جێگری سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی دەرچووانی ئەزهەرو، مامۆستا ئوسامە یاسین یاریدەدەری شێخی ئەزهەر بۆ كاروباری كارگێڕیو، ژمارەیەكی بەرچاوو لە كەسایەتیو زانایانی مەشیخەی ئەزهەر ئامادەبوون، كۆتایی بە سێیەمین خولی پێشكەوتووی زانایانی ئایینی لە ئەزهەری شەریف بە كۆتا هات.
لەو مەراسیمەدا چەند وتەیەك پێشكەش كراو، لە كۆی قسەكانیش تەئكید لەوە كرایەوە، كە هەماهەنگی ئەزهەری شەریف لەگەل زانایانی هەرێمو كاركردنی بۆ گەیاندنی پەیامی وەستیەت بەردەوام دەبێو، بە گرنگیشیان زانی بابەتی پێویستو هاوچەرخو پەیوەست بە زانایانەوە كاری لە پێناو بكرێ.
لەلایەن خۆشیەوە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان سوپاسی یەكێتی زانایانی بە ئەزهەری شەریف راگەیاندو دەستخۆشی زۆریشی ئاراستەی ئەو مامۆستاو دكتۆرە بەڕێزانە كرد، كە وانەو موحازەرەیان پێشكەش بە زانایانی هەرێم كردووەو، دواتریش هەر لە لایەن سەرۆكی یەكێتی زانایانەوە خەڵاتی رێزلێنان بەسەر سەرپەرشتیارانی خولەكە دابەش كرا.
شایانی گوتنە ئەم خولە سێیەمین خوولە یەكێتی زانایان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەزهەری شەریف دەیكاتەوە، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەزهەر لە بواری زانستی ئایینیو بڵاوكردنەوەی وەسەتیەتو فیكری دوور لە تووندڕۆییو، بڵاوكردنەوەی رۆحی پڕ لە تەساموحی ئیسلامو، ژمارەی بەشداربووانیش لەو خولە 30 كەس بوون.