بڕیاری گواستنەوەی قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگا ئیسلامییەكانی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف بۆ سەر وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا “دوای دیراسەیەكی قوڵ و گفتوگۆیەكی فراوان و هەمەلایەنەی وەزارەتەكانی ئەوقاف و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ناوخۆ و رۆشنبیری و لاوان و راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاینی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و چەندین كەس و لایەنی شارەزای بواری ئیسلامی بووە و لەبەرژەوەندی گشتی خوێندنی ئیسلامی و مامۆستا و قوتابی و خوێندكارانی قوتابخانە و پەیمانگا ئیسلامیەكانی كوردستانە و بەپێویستی دەزانین سوودەكانی ئەم بڕیارە بەم چەند خاڵە كورت بكەینەوە:
1/ قوتابی و خوێنكارانی قوتابخانە و پەیمانگە ئیسلامیەكان لەپاڵ وانە ئیسلامی و فیقهیەكاندا”وانەی زانستی و مرۆیی زیاتر دەخوێنن كە شارەزایی زیاتریان لەبوارە جیاجیاكاندا پێدەبەخشێت.
2/ هەلی درێژەدان بەخوێندنی باڵا و قبوڵكردنی زیاتریان لەكۆلیژ و پەیمانگەكانی كوردستان و هەژماركردنی بڕوانامەكانیان لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بۆ فەراهەم دەكات.
3/ مامۆستایانی پەیمانگە و قوتابخانە ئیسلامیەكان هەمان ئیمتیازاتی مادی و مەعنەوی مامۆستاكانی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵایان دەبێت .
4/ سیستەمی خوێندنی ئیسلامی باشتر یەكدەخرێت و رێكدەخرێتەوە و كۆتایی بەو فرە تەفسیر و شیكردنەوەی دەق و فەرموودانە دێت كە لەوانەكاندا هەبوو “وەهەندێ جار دەبووە هۆی شپرزەكردنی قوتابیان لەڕووی فیكریەوە.
5/ وەزارەتی ئەوقاف دوای ئەم بڕیارە زیاتر دەستكراوە دەبێت بۆ گرنگیدان بەحوجرەكان و پێگەیاندن و ئامادەكردنی وتارخوێن و پێشنوێژی شارەزا و لێهاتو بۆ مزگەوتەكانی كوردستان و باشتر دەیپەردەژێتە سەر رێكخستنەوە و باشتر بەكارهێنانی وەقفەكان و سستمی حەج و عومرە و پێكەوەژیانی ئاینی و پرۆژە جۆراوجۆرەكانی دیكەی وەزارەت .
راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف
(16/4/2015)