یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات   
ڕۆڵی ئیسلام له‌ ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و رۆشنبیركردنی تاك
به‌رواری دابه‌زاندن: 21/01/2019 : 10:26:06
قه‌باره‌ی فۆنت

مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی


كاریگه‌ری ئیسلام وه‌ك ئایینێكی ئاسمانی‌و مه‌نهه‌ج‌و ده‌ستوورێكی زه‌مینی نێو زیهنی مرۆڤایه‌تی به‌رچاوه‌‌و، رۆڵێكی كاراو دیارو كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ موسڵمان نشینه‌كان‌و، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی‌و تاكی موسڵمان به‌تایبه‌تی هه‌بووه‌‌و هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای كردووه‌ كاریگه‌ری ئه‌و هێزه‌ ئیمانیه‌ بۆته‌ سیمبولێكی هه‌ره‌ زیندووی واقعی زۆرێك له‌ دۆخ‌و زه‌مه‌ن‌و شوێنه‌ جیاجیاكانه‌وه‌.


ئه‌و شه‌پۆله‌ كاریگه‌ره‌ رۆژ دوای رۆژ به‌ به‌ربڵاوی‌و گه‌شه‌سه‌ندن‌و فراوانبوونی له‌ رووی چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تی‌و ئاست‌و قه‌باره‌وه‌، به‌ ئاراسته‌یه‌كی ئامانجدار‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌ها مرۆییه‌كان خۆی ده‌نوێنێ‌.


كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش وه‌ك تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ده‌ر نیه‌ له‌و كاریگه‌ریه‌ ئه‌رێنیه‌ی، كه‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام دروستی كردووه‌، چ له‌ رووی رۆشنبیركردن‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی كۆمه‌ڵگه‌، یان پێگه‌یاندن‌و په‌روه‌رده‌ كردنی تاكدا.


مه‌سه‌له‌ی ویژدان‌و شوناسی ئاینداری‌و مامه‌ڵه‌‌و چالاكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ما ئایینیه‌كانه‌وه‌ پێویستی به‌ كار بۆ كردنی پتر هه‌یه‌، تا له‌ ئه‌نجام جوڵه‌‌و هێزێكی به‌هێزتر له‌جۆری ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ هه‌میشه‌ییانه‌ دروست ببێ‌‌و، تاكێكی زیندوو له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رۆشنبیرو پێشكه‌وتوو به‌رهه‌م بێت.


له‌پاڵ ئه‌مه‌دا زۆر جار ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گیرێ‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامیه‌، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو تاوان‌و سته‌م‌و نادادی‌و نه‌بوونی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی‌و قۆرخكردنی بازاڕو توندو تیژی‌و گرفتی خێزانی‌و ته‌ڵاق‌و یاسا شكێنی‌و دیارده‌ خراپ‌و قێزه‌ونانه‌ چین بوونیان هه‌یه‌؟!! یان به‌شێك پێیان وایه‌ موسڵمانان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ئاست پێویست بن، له‌ جێبه‌جێ‌ كردنی بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌ته‌وه‌، یان ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای مامۆستایانی ئایینی ده‌گیرێت‌و، بگره‌ قسه‌ی زۆریش له‌سه‌ر شێوازو ئوسلوبی گه‌یاندنی كاری بانگه‌وازی هه‌یه‌.


بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ له‌و راپۆرته‌ ئامانجمانه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و رۆڵه‌ بكه‌ین‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر دۆخی ئێستا بخه‌ینه‌ روو، ئاخۆ رۆڵی ئایینی ئیسلام له‌رۆشنبیركردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و په‌روه‌رده‌كردنی تاك له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ ئه‌گه‌ر خراپه‌ چۆن باشی بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ریش باشه‌ چۆن باشتری بكه‌ین؟ كه‌م‌و كوڕیه‌كان له‌كوێن‌و چی بكرێ‌ بۆ چاره‌سه‌ریان؟ ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ ده‌كه‌ن تا چه‌ند كاراكته‌ری سه‌ركه‌وتوون؟  هه‌وڵده‌ده‌ین بۆچوونی چه‌ند كه‌سیایه‌تیه‌ك وه‌ربگرین، به‌و ئومێده‌ی بتوانین خزمه‌تێك پێشكه‌شی ئێوه‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز بكه‌ین:


 


سه‌ره‌تا به‌ڕێز د. یاسین ته‌حسین به‌حه‌ركه‌یی مامۆستای زانكۆ له‌و باره‌وه‌ گوتی: بێگومان ئایین ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌كان‌و، به‌ڵكو سه‌ره‌كیترین فاكته‌ر  بۆ په‌روه‌رده‌كردن‌و پێگه‌یاندنی تاك ئایینه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ئایین هاتووه‌ بۆ خزمه‌تكردنی مرۆڤه‌كان‌و دوور خستنه‌وه‌یان له‌ هه‌موو شتێكی نامۆ و دوور له‌ره‌وشتی مرۆڤه‌كان  بێت،  هه‌روه‌ها ئاین له‌ یاسای مرۆڤایه‌تی به‌ بنچینه‌كی گرنگ داده‌نرێت بۆ دروست كردنی پێناسه‌ی كه‌سێتی، یان به‌ روونتر بڵێین بۆ شیكردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سایه‌تیه‌ك به‌ر له‌ ناسینی, جا دروست كردنی تاكیش ده‌ست پێده‌كات بۆ پێكهینانی كۆمه‌ڵگه‌, ئایین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ بازنه‌ی باوه‌ڕبوون به‌ ئاینێك ئه‌بێت یه‌كسان بكرێت به‌ ژیان، نه‌ك وه‌ك لایه‌نێكی ژیان وه‌ربگیرێت, خۆ ئه‌گه‌ر به‌و پێیه‌ بێت، ئه‌وا ئه‌و كات ئاین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌، كه‌ رۆشنبیریش بنه‌مایه‌ك ده‌بێت له‌ بنه‌ماكانی، بۆ نمونه‌ ئاین سنور بۆ هه‌موو شتێك داده‌نێت، بۆیه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی من له‌ بازنه‌یه‌ك ئه‌بێت كه‌ له‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌م كۆمه‌ڵگه‌ پێش ده‌خه‌ن یان دوای ده‌خه‌ن, ئه‌گه‌ر بێین یه‌ك ئاین له‌و ئایینانه‌ ته‌ماشا بكه‌ین كه‌ ئێستا له‌ وڵاتی هیندستان په‌یره‌و ده‌كرێن، وا باسی دیارده‌ سروشتیه‌كان ده‌كه‌ن بۆ نموونه‌ باران بارین بۆ خوایه‌ك ! هه‌ور بۆ خوایكی تر ! هاوسه‌رگیری بۆ خوایه‌كی تر ! ته‌ندروستی بۆ خوایه‌كی تر! كه‌ ئه‌وان به‌ باوه‌ری خۆیان په‌یكه‌ریان بۆ تاشیون!!


" ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ ده‌ست نا رۆشنبیری ئه‌ناڵێنێت ئایین هاتووه‌ بۆ خزمه‌تكردنی مرۆڤه‌كان‌و دوور خستنه‌وه‌یان له‌ هه‌موو شتێكی نامۆ"


بۆیه‌ ئه‌وان له‌ ده‌قه‌ ئاینیه‌كان باسی دیارده‌ی باران بارین ده‌كه‌ن، كه‌ هۆكاریكی فیزیاوی له‌ پشته‌ وا باسی ئه‌كه‌ن كه‌ مێشكی ئه‌وانه‌ی پابه‌ندی ئه‌و ئاینه‌ن ته‌ڵبه‌ند ئه‌كه‌ن جا ناتوانن رۆشنبیر بن و كاتێك باسی باران ده‌كه‌ن یان به‌ دیاری خواوه‌ندێك له‌ خواوه‌نده‌كانیان، یان وه‌ك رقی خواوه‌ندێك باسی ئه‌كه‌ن نه‌ بیر له‌ هۆكاری كه‌می‌و زۆری باران له‌ رووی فیزیای بكه‌نه‌وه‌‌و بزانن چ باشه‌‌و چ خراپه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ش‌و هه‌واێكی سروشتی دروست بكه‌نه‌وه‌.


یان ئه‌گه‌ر له‌رووی رۆشنبیری ئابووری ته‌ماشای ئاین بكه‌ین، ئه‌توانین بڵێین رۆشنبیر ترین بازرگان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قۆرغ نه‌كرێت، به‌ڵام با چاو بخشێنین به‌ بانكه‌كانی ئه‌وروپا كه‌ زۆربه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای سوو خواردن دامه‌زراون كه‌سێك كه‌سێكی تر قۆرغ ئه‌كات، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیر له‌و بازرگانه‌ بكه‌یه‌وه‌، كه‌ سوو ئه‌دات وه‌ك كه‌سێكی ساویلكه‌ت دێته‌ به‌ر چاو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌رێیه‌وه‌ بۆ ئاینی ئیسلام، كه‌ سووی حه‌رام كردوه‌ ئه‌وا ئه‌زانین هیچ كه‌سێك نیه‌ له‌ به‌ها بێته‌ خواری ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا پاره‌ی نیه‌و پێویستی به‌ قه‌رزه‌, رۆشنبیری سێكسی له‌ برێك شوێندا كه‌ ئاینێكی دروست كراو سه‌رپه‌رشتیان ئه‌كات بۆ نموونه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دوورگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی دوور ژنێك كه‌ هاوسه‌رگیری كرد ئه‌بێت به‌ پێی ده‌قی ئاینی ئه‌وان برابێته‌ لای هه‌موو براكانی هاوسه‌ره‌كه‌ی! یان له‌ رۆژئاوا كه‌ پابه‌ندی هیچ ئاینێك نین و به‌رای ئه‌وان ئاین رێگره‌ له‌ دروست بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆشنبیر، ئه‌وان هاوسه‌رگیری بێ ماره‌ییان هه‌یه‌، كه‌ ببێته‌ هۆكاری شكستی ده‌روونی ئافره‌تانیان یان دروست كردنی مندالانێكی بێ سه‌رپه‌رشت و باوك نادیار ! كه‌ هۆكارێكن بۆ رووخانی كۆمه‌ڵگه‌.


ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ دێته‌ سه‌ر باسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر باسی رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان بكه‌ین له‌ مێژووی ئێمه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری شۆرشگێران‌و ئه‌دیبان و داهێنه‌رانمان پیاوان‌و پیشه‌وایانی ئاینی بووینه‌, یان ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌ك له‌ گه‌نجی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ وه‌رگرین ئه‌گه‌ر پابه‌ندن بن به‌ ئاینی ئیسلام ئه‌وا به‌ دڵنیای كۆمه‌ڵگایه‌كی رۆشنبیرتر دروست ئه‌كه‌ن با بڵێین گه‌نجانمان چاو و ده‌ستیان‌و زمانیان ئه‌پارێزن له‌ ئازاردانی مرۆڤێكی تر، كه‌ وه‌كو فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (د.خ) ئه‌فه‌رموویت: (المسلم من سلم المسلمون من لسانه ویده) ئێمه‌ به‌ یه‌ك جاری دوور ئه‌كه‌وینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ به‌ناو رۆشنبیری هه‌ژمار ده‌كرین، وه‌ك خراپ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیا, یان دیارده‌ی ده‌ست كاری كردنی ژیانی خه‌ڵكی تر، كه‌ زۆر جار ته‌نها به‌ وشه‌یه‌ك ده‌ست پێ ئه‌كات, ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ فه‌رمووده‌ی (النڤافه‌ من الإیمان) تێبگه‌ین ئه‌وا هه‌رگیز ژینگه‌ پیس ناكه‌ین وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ فه‌رمووده‌ی (لعن الله الراشی والمرتشی) تێبگه‌ین ئه‌وا نه‌ ره‌شوه‌ ئه‌ده‌ین نه‌ ره‌شوه‌ش وه‌ره‌گرین، كه‌ له‌ وڵاتانی تر چه‌نده‌ها یاسا هه‌ن بۆ رێگرتن له‌م دیارده‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بێیت له‌ ئایه‌تی (وعسی ان تكرهوا شیئا وهو خیر لكم ) تێبگه‌ین كه‌س  هێرش ناكاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی تر بۆ ئه‌وه‌ی شتێك به‌ده‌ست بێنی هه‌مووان باوه‌رمان به‌وه‌ ئه‌بێت كه‌ باشه‌ و باشتریشمان ئه‌بێت, ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ ئایه‌تی ( إن الله لا یغیروا ما بقوم حتی یغیروا ما بأنفسهم ) تێبگه‌ین (خودا هیچ شتێك له‌ میلله‌تێك ناگۆرێت تا ئه‌و شته‌ی له‌ناو دڵ‌و ده‌رونیان نه‌گۆرن) ئه‌وه‌ به‌س و ته‌واوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاكێكی زیندووی رۆشنبیری گه‌شه‌ بكات كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندوو پێك بێنێت‌و له‌وه‌ تێبگات هیچ شتێك مه‌حاڵ نیه‌ و ئه‌توانێت هه‌موو شتێك به‌ ده‌ست بێنێت، كه‌ ئه‌یه‌وێت به‌و مه‌رجه‌ی دڵ‌و ده‌روونی راستی ئه‌و شته‌یان بوێت.


سه‌باره‌ت به‌ ئاستی رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ له‌دۆخی ئێستا د.یاسن به‌حه‌ركه‌یی ده‌شڵێت: ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ ده‌ست نا رۆشنبیری ئه‌ناڵێنێت له‌ ده‌ستی ئه‌م دیاردانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ ئاین به‌ دوو وشه‌ چاره‌ ئه‌كرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ چونكه‌ ئێستا رۆژئاوا له‌ رووكارا پیشكه‌توو ده‌ره‌كه‌وێت به‌وه‌ی دۆزراوه‌ی زانستی زۆریان هه‌یه‌، ئه‌وا ئێمه‌ وا ئه‌زانیین ئه‌وان له‌به‌ر پشت له‌ ئاین كردن پیشكه‌وتوون كه‌چی نا وانیه‌ ئه‌وان پێشكه‌توو نین ته‌نها له‌ رووخسارا نه‌بێت كه‌ رووخساریشیان به‌هۆی رێزگرتن له‌ كات نه‌ك به‌ هۆی شتیكی تر، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاینی خۆشمان بكه‌ین له‌ چه‌نده‌ها شوێن ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ مرۆڤ ده‌رفه‌تی زۆری نیه‌ له‌م دونیایه‌ وه‌ زۆر پێوسته‌ رێز له‌ كات بگرێت به‌ڵام ئێمه‌ لێ ی تێناگه‌ین به‌ داخه‌وه‌ !


    ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی به‌گوێره‌ی فه‌رمانه‌كان‌و پره‌نسیپه‌ جوانه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام برۆین كاری پێبكه‌ین ئه‌وه‌ ئێمه‌ پێشكه‌وتوترین كۆمه‌ڵگا ده‌بین، ده‌بینه‌ پێشه‌نگ بۆ هه‌موو میلله‌تان بروانن، كه‌ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانی زانكۆی تنسای ئه‌مریكی كه‌ ناوی (ت. ب. إیرفنج )ه‌  كه‌ باسی له‌ تێنوی خه‌ڵكی ئه‌كات به‌رامبه‌ر به‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و ئایین چ رۆڵێك ئه‌بینێت له‌ رۆشنبیر كردنی خه‌ڵكی‌و چۆن كه‌سی پابه‌ند به‌ ئایینی ئیسلام ده‌بێته‌ كه‌سێكی داهێنه‌رو به‌هره‌مه‌ند، وه‌ ده‌بێته‌ جێگای سه‌رنجی هه‌موو كه‌سێك، كاتێك له‌ به‌رامبه‌ر  كۆمه‌ڵێك له‌ موسڵمانان وه‌ستابوو له‌ شاری گلاسكۆی بریتانی وتی: ( ئێوه‌_ ئه‌ی موسڵمانان_ ناتوانن ڕكابه‌ری ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان بكه‌ن له‌ ئاستی زانستی‌و ته‌كنیكی‌و ئابوری‌و رامیاری و سه‌ربازی! به‌ڵام ده‌توانن وا له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر چۆكیان بۆتان بوه‌ستن‌و خزمه‌تتان بكه‌ن به‌ هۆی به‌رنامه‌كانی ئیسلامتان ! هه‌ستنه‌وه‌ له‌ خه‌وتان ئه‌ی موسڵمانان و بزانن ئێوه‌ سه‌ر به‌ چ ئایینێكی گه‌وره‌ن‌و گشت خه‌ڵكی تێنوی ئه‌و ئایینه‌ن چونكه‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ بۆ گشت مرۆڤایه‌تی تاوه‌كو بوون به‌ مرۆڤیان پێ بناسێنیت).


ئه‌گه‌ر ئایینی پیرۆزی ئیسلام به‌ته‌واوی بناسین‌و كاری پێبكه‌ین ئه‌وه‌ بێگومان سه‌ركی ترین رۆڵی ده‌بێت له‌ به‌ره‌و پێش چوونی كۆمه‌ڵگامان و تاكێكی زۆر به‌هره‌مه‌ند په‌روه‌ده‌ ده‌بێت.


"ئاین رۆڵی گرنگ‌و كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌و په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن‌و رێكخستن‌و كۆنترۆڵكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاو پێدانی ئارامی ده‌رونی‌و گیانی هاوكاری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بونیادی مرۆیی‌و خۆڕاگری له‌ ته‌نگژه‌و كاره‌ساته‌كاندا"


 


هه‌روه‌ها به‌ڕێز د. محمد شوانی پسپۆری كۆمه‌ڵناسی‌و مامۆستای زانكۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و ته‌وه‌ره‌ بۆچوونی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ خسته‌ ڕوو: ئاین بریتیه‌ له‌ سیسته‌مێكی تایبه‌ت، له‌سه‌ر پایه‌و بنه‌مای باوه‌ڕبوون به‌ خواو ژیانێكی ترو هه‌ق‌و حیساب له‌سه‌ر كارو كرده‌وه‌كانی ئه‌م ژیانه‌ی ئێستا راوه‌ستاوه‌، له‌ پاڵ ئه‌م باوه‌ڕه‌ بنچینه‌ییه‌دا، ئاینه‌كان سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌كانیان هه‌وڵی رێكخستنی كۆمه‌ڵگاكانیان داوه‌و به‌رنامه‌ی ژیانیان داڕشتوه‌، له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئاین رۆڵی گرنگ‌و كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌و په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن‌و رێكخستن‌و كۆنترۆڵكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاو پێدانی ئارامی ده‌رونی‌و خۆڕاگری له‌ ته‌نگژه‌و كاره‌ساته‌كاندا.


له‌ مێژوودا هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگای بێ باوه‌ڕ به‌ ئاستی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ بنه‌ما ئاینیه‌كان ئاستی تاوان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی تێدا به‌رزتر بووه‌ته‌وه‌، خاڵی جه‌وهه‌ری بۆ پێشكه‌وتن و وه‌رچه‌رخانی ژیانی كۆمه‌ڵگا پێكه‌وه‌ گرێدانی داواكاریه‌ ئاینیه‌كان‌و هۆكاره‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌.


ئاین به‌شێكه‌ له‌كلتووری مه‌عنه‌وی مرۆڤایه‌تی‌و ره‌گه‌زێكی بنچینه‌یی‌و سه‌ره‌كی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێك دێنێت، به‌پێی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ كردنی مرۆڤ‌و په‌ره‌ سه‌ندنی ئامێرو كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ست، به‌شێكی ئاینیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانه‌شدا لێكدانه‌وه‌و شرۆڤه‌ی فه‌لسه‌فی قوڵترو فراوانتری تێكه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ په‌یدا بوونی مرۆڤدا هزری ئاینی، واته‌ بیركردنه‌وه‌ له‌مردن‌و گۆڕانكاریه‌كانی سروشت‌و لاوازی مرۆڤ به‌رامبه‌ر دیارده‌ ترسناكه‌كانی ده‌وروبه‌رو نه‌بوونی توانای كۆنترۆڵ كردن‌و گه‌لێك رووداوی ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤ هه‌ر له‌گه‌ڵ هۆشیار بوونه‌وه‌ی مرۆڤدا بیریان به‌لای هێزێكی نادیاری باڵاده‌ستی به‌توانادا بردووه‌ كه‌ده‌بێ ئه‌و هێزه‌ به‌ توانایه‌ مرۆڤ‌و سروشت‌و گه‌ردوون‌و بوونه‌وه‌ری هێنابێته‌ بوون‌و توانای پێدانی ژیان‌و مانو نه‌مانی هه‌بێ.


بۆیه‌ به‌پێویستیان زانیوه‌ بۆ ره‌زامه‌ندی ئه‌و و دابینكردنی پێویستیه‌ مادی‌و رووحیه‌كانیان‌و پاراستنیان له‌به‌ڵاو نه‌هامه‌تی‌و مه‌ترسیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌، رێوره‌سم‌و بۆنه‌و كاتی تایبه‌تیان داناوه‌ بۆ سوپاسگوزاری‌و پاڕانه‌وه‌و پیشاندانی رێزو پێزانین‌و ملكه‌چی خۆیان بۆ ئه‌و هێزه‌ درووستكه‌ره‌، ئیتر ئه‌م دینه‌ به‌رنامه‌ی ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای دیاریكردووه‌، ئاین هه‌میشه‌ هانده‌ر بووه‌ بۆ خێرو چاكه‌و هاوكاری، داوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بونیادنانی كردووه‌، ده‌بینین له‌سه‌ره‌تاكانی ژیانی كۆمه‌ڵگا به‌راییه‌كاندا دین ساده‌و ساكارو به‌پێی تواناكانی كۆمه‌ڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌رك‌و رێوشوێنی دانابوو، به‌درێژایی مێژوو جگه‌ له‌هه‌ندێك دۆخی نائاسایی كه‌ هه‌ندێك له‌كۆمه‌ڵگاكان به‌ناوی دینه‌وه‌و به‌ئه‌قڵی خۆیان بۆ ره‌زامه‌ندی خوا هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر یه‌كتری‌و یه‌كیان كوشتووه‌ ئیتر دین هه‌میشه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ برایه‌تی‌و خۆشه‌ویستی‌و كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌نجامدانی كاری چاكه‌و خێرخوازی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌خراپه‌ تا ئیستاش دین له‌ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤه‌كاندا نه‌ك هه‌ر ئاماده‌یی هه‌یه‌ به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت له‌ره‌فتارو كارلێكی تاكه‌كان، یان تاپه‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵگاكانیش.


" خاڵی جه‌وهه‌ری بۆ پێشكه‌وتن‌و وه‌رچه‌رخانی ژیانی كۆمه‌ڵگا پێكه‌وه‌ گرێدانی داواكاریه‌ ئاینیه‌كان‌و هۆكاره‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌"


ئاین یه‌كێكه‌ له‌ میكانیزمه‌كانی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ پاڵ یاساو داب و نه‌ریته‌كاندا ئاین رێكخه‌ری ره‌فتاری تاكه‌كانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ راستی له‌ خواو رۆژی زیندوبوونه‌وه‌و هه‌ق‌و حیساب ده‌ترسن هه‌رگیز خراپه‌و گه‌نده‌ڵی ناكه‌ن، باوه‌ڕ ده‌بێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی كه‌سایه‌تی‌و ره‌فتاریان.


بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی راستگۆیی‌و خۆشه‌ویستی نیشتمان‌و ژینگه‌و خزمه‌تكردنی وڵات  لایان بووه‌ به‌ ئه‌ركێكی ئاینی‌و ئاكاری كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتو و خۆشگوزه‌رانن.


هه‌روه‌ها به‌ڕێز د. ئه‌حمه‌د وه‌رتی ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێ‌: ئایینی ئیسلام خۆی بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ مرۆڤ هۆشیار بكاته‌وه‌و په‌روه‌رده‌ی بكات به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست، كه‌ ئه‌ركی خۆی له‌م دنیایه‌دا بزانێت‌و بۆ دوا رۆژی بكۆشێت.


هه‌موو یاساو رێسایه‌كانی ئایین له‌ گه‌ڵ فیتره‌تی مرۆڤ و پێداویستیه‌ واقیعیه‌كانی هاوته‌ریبن‌و، له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانه‌كانی كۆمه‌ڵگاو په‌ره‌سه‌ندنه‌كان گونجاویان هه‌یه‌, ئه‌مه‌ش ته‌رازووی راستێتی ئایینه‌و، ئایین ده‌كارێ مرۆڤ به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكات‌و رێگه‌ی راستی نیشان بدات.


كاتێ باس له‌ هۆشیاری و په‌روه‌رده‌ی ئایینی ده‌كه‌ین, پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ چه‌نده‌ ئایین – كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست ئایینی ئیسلامه‌- كاریگه‌ره‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌كان و چۆن وه‌ڵامگۆی داخوازی و پێداویستیه‌كانیانه‌ له‌ بواری رێنمایی و هیدایه‌تدانیان له‌ رێگه‌ی په‌یامی خودای گه‌وره‌و به‌رنامه‌ی ئایینه‌كه‌وه‌ كه‌ سێ بوار ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وانیش: په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌ گه‌ڵ خۆیدا, و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ ئه‌وانی تره‌وه‌(ده‌ورو به‌رو كۆمه‌ڵگا), په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌ گه‌ڵا خودا, ئه‌گه‌ر باس له‌ ئامانجی ئایینیش بكه‌ین ده‌بێ بڵێین: ئایین له‌ گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ ده‌دوێت‌و ده‌یه‌وێت فیتره‌ت به‌ فیتره‌ت چاك بكات‌و هێزی مرۆڤایه‌تی بگێڕێته‌وه‌ بۆ رێڕه‌وی سروشتی‌و هاوسه‌نگی خۆی كاتێ‌ لێی لائه‌دات‌و سنوور ده‌به‌زێنێت, وه‌ ئایین ژیانی مرۆڤ له‌ هه‌ردوو جیهانا رێكده‌خات له‌ هه‌ردوو رووی ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه‌, جا هه‌ر تاكێك كه‌ په‌روه‌رده‌ی ئایینی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست‌و ساغڵه‌م وه‌رگرت, ئه‌وا به‌ حوكمی باوه‌ڕو ره‌وشت به‌رزییه‌كه‌ی ده‌توانێت ببێته‌ هاوڵاتیه‌كی باش‌و مرۆڤێكی به‌سوود له‌ كۆمه‌ڵگادا.


" ئایین ده‌توانێ‌ مرۆڤه‌كان كۆنتڕۆڵ بكا‌و گیانی به‌رپرسیارێتی زیندوو رابگرێت"


رۆشنبیری-ش وه‌ك زاراوه‌ چه‌ند مانایه‌كی هه‌یه‌ و له‌ ره‌وتی مێژوویی خۆیدا مانا گه‌لێكی جیاوازی له‌ خۆگرتووه‌, له‌ وانه‌: په‌روه‌رده‌كردن, فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب, مه‌عریفه‌, ئاداب و ره‌وش و رێباز, په‌روه‌رده‌و فێركردن, قوتابخانه‌, كلتورو ئایدۆلۆژیا.. بازێ‌ له‌ زانایانی كۆمه‌ڵناس له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ رۆشنبیری (الثقافة) بریتییه‌ له‌ فیكری هه‌مه‌لایه‌نی كۆمه‌ڵگا كه‌ له‌ دیارده‌و هه‌ڵسو كه‌وت و ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌و شوێنه‌واریشی له‌ كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری‌و سیاسی‌و سه‌ربازی و ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانا ده‌رده‌كه‌وێت, جا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مانای ئایین كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێداو مانای رۆشنبیریش به‌ واتا فه‌رهه‌نگیه‌كه‌ی وه‌رگرین, ئه‌وا ده‌توانین بڵێین هه‌ردووكیان په‌یوه‌ندی پته‌ویان به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و رۆڵ و كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا, خۆ گه‌ر مه‌به‌ست هۆشیاركردنه‌وه‌و مه‌عریفه‌و په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندن بێت, دیسان ئایین بۆ خۆی به‌و رۆڵه‌ هه‌ڵده‌ستێت‌و مرۆڤ هۆشیار ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ر خوو خده‌و ره‌وشت‌و ئاكارێكی خراپ‌و ناپه‌سند‌وهانی ئه‌دات له‌ سه‌ر پابه‌ند بوون به‌ ره‌وشت‌و ئاكاره‌ جوانه‌كان‌و خۆناسین‌و دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی خۆی له‌ ژیاندا.


"پێویسته‌ گرنگی به‌ رۆڵی ئایین بدرێ‌‌و وانه‌ی ئایینیش له‌ قوتابخانه‌‌و په‌یمانگاو زانكۆكان جێی بایه‌خی پتر بێت"


دكتۆر وه‌رتی زیاتر وتیشی: به‌ڕاستی ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین و جوانترین په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام ده‌یكات‌و مرۆڤه‌كان وا ده‌رس ده‌دات و رایان دێنێت كه‌ هه‌موویان به‌رپرسن و شوان‌و چاودێرن‌و نابێ كه‌س خیانه‌ت له‌ ئه‌مانه‌ت‌و سپارده‌و ئه‌ركی خۆی دا بكات‌و هه‌ركه‌سه‌و به‌ رێك‌و پێكی‌و دڵسۆزیه‌وه‌ كاره‌كانی خۆیان راپه‌ڕێنن‌و خزمه‌ت به‌ كارو ئه‌رك‌و پیشه‌و خاك‌و وڵات و دین‌و ژینیان بكه‌ن, هه‌ر كه‌سێكیش ئا ئه‌م په‌روه‌رده‌و ره‌وشت‌و فه‌رهه‌نگه‌ وه‌ربگرێت بێگومان ده‌توانێ باشترین هاوڵاتی‌و خزمه‌تكارو دلٍسۆزی وڵات و گه‌ل و نیشتیمانی خۆی بێت, به‌ تایبه‌ت ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌ ئایین هه‌یه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كانمان و هۆشیاركردنه‌ویان له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگاكانمان به‌ده‌ست زۆرێك له‌ ره‌وشت و دیارده‌ و ره‌فتاره‌ ناپه‌سنده‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن وه‌كو گه‌نده‌ڵی, بێ متمانه‌یی, گزی, نائه‌مینی, درۆ و فرت و فێڵ و هتد..ئه‌مه‌ش هه‌موومانی گرتۆته‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ركرده‌و به‌رپرسانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ تاكه‌كانی تری نێو كۆمه‌ڵگا,جا ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستوور و یاساو ده‌سه‌ڵات و پۆلیس كۆنتڕۆڵ ناكرێ‌ و چاره‌ی نییه‌, ئایین ده‌توانێ‌ مرۆڤه‌كان- گه‌ر پابه‌ند بوون به‌ رێنماییه‌كانیه‌وه‌- كۆنتڕۆڵ بكات و بیانكاته‌ هاوڵاتی و تاكێكی به‌ سوود له‌ كۆمه‌ڵگاداو خۆیان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركی سه‌ر شانیان بكه‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیانبه‌خش نه‌بن بۆ كه‌س .


ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: پێویسته‌ گرنگی بدرێت به‌ رۆڵی ئایین له‌ كۆمه‌ڵگه‌مان به‌ زیادكردن و به‌هێزكردنی وانه‌ی ئایین له‌ قوتابخانه‌‌وپه‌یمانگاو زانكۆكان‌و مزگه‌وت‌و زانایان و بانگخوازان كه‌ بتوانن به‌ ئه‌ركی هۆشیاری و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی تاك و كۆمه‌ڵ هه‌ڵبسن‌و په‌یامی ئازادیبه‌خش‌و خێرو خۆشی ئایینی ئیسلام بڵاو بكه‌نه‌وه‌, به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌وانه‌شی به‌و كاره‌ گرنگه‌ هه‌ڵده‌ستن خاوه‌ن سیفه‌ت‌و خه‌سڵه‌ته‌كانی مامۆستاو په‌روه‌رده‌كاری راسته‌قینه‌ بن له‌: زانست و زانیاری پێویست, ئه‌مانه‌ت‌و ده‌ستپاكی, هێز و تواناداری, سوور بوون و به‌رده‌وامی, دادپه‌روه‌ری, عه‌زم‌و جه‌زم, چاكی‌و راستگۆیی‌و حیكمه‌ت‌و دانایی.. واته‌ ئه‌بێ‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ئه‌ركی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بڵاو كردنه‌وه‌ی په‌یامی ئایینی‌و په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵده‌ستن به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خۆیان نموونه‌و سه‌رمه‌شق بن بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانیان كردار بن‌و كرداره‌كانیشیان شوێن دابنێن له‌ كۆمه‌ڵگادا.