بەداخەوە ئەمڕۆ گوێبیستی هەواڵێکی دیکەی دڵتەزێنی دەستی رەشی تیرۆر بووینەوە، کە ھەردوو مزگەوتی نوورو لینود لە ناوچەی شاری كریستچەرچی نیوزلەندا لەکاتی نوێژو لە ناو مزگەوتدا کردە ئامانج و لە ئەنجام قوربانی زۆری لێ کەوتەوە.
ئەو کردە تیرۆرستیە کارێکی دژە بە بەهاو بنەماکانی شەریعەت و هەموو پێوەرە ئینسانی و ئەخلاقیەکان، کە ئاماژەیە بۆ مەترسی تیرۆرو هێڕشی بەردەوامی تیرۆرستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی و ئارامی. بۆیە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر بە ئەرکێکی گرنگ دەزانین و پاڵپشتی هەر هەنگاوێکین بۆ ریشەکێش کردن و نەهێشتنی ئەو دیاردە کوشندەیە.
گەورەیی تاوانی ناخ هەژێنی لەو شێوەیە، وا دەخوازێ هەموو لایەنە پەیوەندارەکان و دیموکراسیخوازەکان وڵاتان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ سەرکۆنەی ئەو تراژیدیایە، هەماهەنگ و یەک دەست بن بۆ نەهێشتنی تیرۆرو وشک کردنی سەرچاوەی پاڵپشتی گروپ و رێکخراوە توندڕەوەکان.
ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆستیە دەکەین و هاوخەمی و پرسەباری خۆشمان بۆ موسڵمانانی نیوزلەنداو کەس و کاری بەرکەوتوانی هێڕشەکە دەردەبڕین، لە خوای گەورە داواکارین قوربانیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و تیرۆرستانیش بە سزای خۆیان بگەیەنێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
۱۵ی۳ی۲٠۱۹
هەولێر- کوردستان