به‌بۆنه‌وه‌ی ته‌واو بوونی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان‌و هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانان ده‌كات ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
موسڵمانانی به‌رێز
زانایانی قه‌در گران
هاونیشتمانیانی خۆشه‌ویست
به‌بۆنه‌وه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه پڕ به‌دڵ پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌ین‌و، هیوای به‌خته‌وه‌ری‌و سه‌رفرازی‌و قه‌بوڵ بوونی خواپه‌رستی‌و رۆژووی مانگی ره‌مه‌زانتان بۆ ده‌خوازین.
به‌خۆشحاڵیه‌وه كوردستان به‌و په‌ڕی رێزگرتن له‌مانگی پڕ خێری ره‌مه‌زان‌و له‌كه‌شێكی ئارام‌و ئاوه‌دانی ماڵه‌كانی خوای گه‌وره لاپه‌ڕه‌یه‌كی شكۆمه‌ندی سیمای ئاینداری تۆمار كرد، لێره‌وه سوپاس‌و پێزانینی زۆرمان ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم‌و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان‌و مامۆستایانی به‌ڕێزی ئایینی‌و برا پێشمه‌رگه‌كان‌و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان‌و ته‌واوی موسڵمانان ده‌كه‌ین‌و له‌خوای گه‌وره داواكارین كوردستان به دینداری‌و به‌های به‌رزی مرۆڤدۆستی هه‌ر ئاوه‌دان بێت.
جه‌ژن واتای خۆشی‌و خۆشه‌ویستی‌و ئاشتی‌و گیانی ته‌بایی‌و لێبورده‌یی، پێویسته هه‌مووان وه‌ك كه‌رنه‌ڤاڵێكی گه‌وره‌ی ئایینی سه‌یری بكه‌ین‌و له‌گه‌ڵ به‌شینه‌وه‌ی شیرینی‌و ده‌ربڕینی خۆشی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پێكه‌وه‌یی هه‌ڵده‌ینه‌وه.
هه‌روه‌ك به پێویستی ده‌زانین داواش له حزب‌و لایه‌نه سیاسیه‌كان بكه‌ین، به گیانی هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتی نیشتمانی‌و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان مامه‌ڵه بكه‌ن‌و له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره یه‌كڕیزی‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی بپارێزن‌و، دۆخی گشتی‌و سیاسی هه‌رێم له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی‌و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌رنه ده‌ره‌وه.
جارێكی تر پیرۆزبایی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زان پیرۆز ده‌كه‌ین‌و له‌خوای گه‌وره داواكارین ئه‌م جه‌ژنه ببێته مایه‌ی خێر‌و ئاشته‌وایی‌و ئارامی كوردستان‌و سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌مان، خوای گه‌وره تاعه‌ت‌و چاكه‌كانمان قه‌بوڵ بفه‌رموێ‌و هه‌رده‌م ئاسووده‌و به‌خته‌وه‌ر بن.
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
3ی6ی2019