ئه‌مرۆ 23ی7ی2019 شاندێكی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رێز د. عبدالله مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و مامۆستا مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆك‌و مامۆستا مه‌لا حسن قادیانی‌و مامۆستا مه‌لا دلشاد گه‌ڵاڵی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی، به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی‌و گفتوگۆی چه‌ند پرسێك سه‌ردانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمیان كرد‌و به‌گه‌رمیه‌وه له‌لایه‌ن به‌رێز حه‌مه‌ی حه‌مه سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری به گه‌رمیه‌وه پێشوازی كران.
له دانیشتنێكدا به‌رێز د. عبدالله مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وێڕای ئاراسته كردنی پیرۆزبایی ده‌ست به‌كار بوون‌و هیوای سه‌ركه‌وتن، تیشكی خسته سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ‌و په‌یوه‌ست به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و پێویستی هه‌ماهه‌نگی نێوان یه‌كێتی زانایان‌و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان رایگه‌یاند: رۆڵی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رۆڵێكی گرنگ‌و هه‌ستیاره‌و ده‌بێ به‌ئاراسته‌ی خزمه‌تی نیشتمانی‌و بواری رۆشنبیری هه‌نگاو بنێ‌و له چوارچێوه‌ی به‌ها باڵاكانی بره‌ودان به تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌و له‌به‌رچاوگرتنی بیروڕا‌و تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رێز له بۆچوون‌و ئازادیه‌كان بگرێت، نه‌ك خوانه‌خواسته له‌رێی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ شتی نامۆ‌و نه‌گونجاو به‌ناوی ئازادی‌و كرانه‌وه‌و مۆدێرنه، ببێته ئامرازی ترازان‌و برینداركردنی هه‌ستی موسڵمانان.
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتیشی: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له پێناو بایه‌خدان به پێكه‌وه‌ژیان‌و رێزگرتنی ئایدیا‌و ئایینزاو پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگه ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر شان، به‌ڵام ناكرێ جێكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه له‌سه‌ر حیسابی ئیسلام‌و هه‌ستی موسڵمانانه‌وه بێت.
گوتیشی: گرنگه هه‌وڵی لێك نزیك كردنه‌وه‌و پێشخستنی بزاڤی رۆشنبیری له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ره دروسته‌كانه‌وه بده‌ن، نه‌ك زه‌مینه‌ی ململانێی ناته‌ندروست‌و كارێكی وا بكه‌ن كاردانه‌وه‌ی خراپی به‌دواوه بێت، چونكه جاری وابووه به‌هۆی فلمی نه‌شیاو و وروژاندنی هه‌ندێ بابه‌ت‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ نووسین‌و كتێب‌و به‌هه‌ده‌ردانی پاره له‌و بواره‌وه كه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری لێی به‌رپرس بووه، بۆته جێی مشتومڕو كاردانه‌وه‌ی خراپی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وه‌زیری رۆشنبیری وێڕای خۆشحاڵی به‌و سه‌ردانه، ته‌ئكیدی كرده‌وه كه له‌هه‌ماهه‌نگی ته‌واو ده‌بن‌و په‌یام‌و رۆڵی یه‌كێتی زانایان له‌به‌ر چاو ده‌گرێت‌و به هه‌موو توانایه‌كی له‌خزمه‌ت ره‌وشێكی شایسته‌ی بوار‌و ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌بێت.
وه‌زیری رۆشنبیری گوتیشی: پێویستمان به ئێوه‌یه‌و ده‌خوازین هاوكارمان له پێشنیار‌و گه‌یاندنی په‌یامی خۆتان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به هیمه‌تی ئێوه خزمه‌تێكی جوان ئه‌نجام بده‌ین.