لە پەیامێکدا سەبارەت بە یادی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی (محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت)و کاریگەری لەسەر موسڵمانان و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتە، بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان رایگەیاند: بەهاتنەوەی مانگی مەولود پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمان بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی دەکەم، لەراستیدا گەلی کورد هەمیشە وابووە رێزی لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکانی گرتووەو لە چوارچێوەی دینداری و هەستی ئیمانیەوە بایەخی بە یادە گرنگەکان داوە، چونکە گەلی کوردو کوردستانیان وێڕای هەست کردن بە تایبەتمەندی ئەو بۆنەیە، لەهەمان کات بەو پەڕی دڵسۆزی و پێشوازی و گەرمو گوڕیەوە ئەو یادەوەریە بە گەورەو گرنگ دەزانن.
سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: باشتر وایە یادە بکەینە وێستگەی بەخۆداچوونەوەو هەوڵی شارەزایی پتر لە ژیان و سیرەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بدەین، بۆ ئەوەی نەوەی تازەو رۆڵەکانمان ئاشنای دینداری و رەوشت و هەڵسوکەوتی جوان و بەرز بن لەلایەک و، ساڵانە پەیام و هەڵوێست و هەنگاوی جددیتر بەرەو رێی چاکەکاری و سوننەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بگرینە بەر لەلایەکی ترەوە.
د. عبدالله مەلا سەعید ئەوەشی گوت: گرنگە مامۆستایانی بەرێزی ئایینی لەو مانگەو لە مەراسیم و دەرفەتەکان تیشک بخەنە سەر پەیامە جوان و گرنگەکانی ئیسلام و، کۆمەڵگەی کوردی زیاتر ئاشنای گەورەیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بکەن، لەهەمان کات خوازیارم مەراسیمەکان بە شێوەیەکی شایستەو دوور لە شتی لاوەکی و بێ بەها بەرێوە بچن، بەڵکو دەبێ سوود لەو کۆبوونەوەو مەراسیمانە وەربگیرێت تا بتوانین چەمکەکانی ئیسلام و بەهای بەرزی ئەخلاق و لێبوردەیی و هاوکاری و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەو ویژدانپاکی و ئینسانیەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) گرنگی پێ بدەین، کە خۆشبەختانە زانایانی بەرێزی ئایینی هەمیشە هەوڵیان داوە جوانیەکانی ئیسلام بە موسڵمانان بگەیەنن.
سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: بەشێکی گرفتە هەنوکەیی و کۆمەڵایەتیەکان دەگەرێتەوە بۆ غیابی پەیرەوکردنی ئامۆژگاریەکانی سەروەرمان، کەواتە پیادەکردن و بەعەمەلی کردنی رەوشتەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) زامنی بەختەوەری و سەرفرای مرۆڤ و کۆمەڵگەیە، لەهەمان کات بایەخدان بە کلتوری پێکەوەژیان و یەکریزی نەتەوەیی و پاراستنی سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندی و هەبوونی هەستی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری و خۆشەویستی نیشتمان بەشێکی گرنگی ژیانی پێغەمبەر بووە.
هەروەها گوتیشی: پێویستە دەزگا ئیعلامیەکان و لایەنە پەیوەندارەکان بایەخی پێویست و تەواو بەو بۆنەیە بدەن و رێز لە هەستی بەرزی موسڵمان و دەربڕینی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بگرن، چونکە گەلی کورد لەروانگەی هەستی بەرزی دینداری خزمەتی گەورەی پێشکەش کردووەو فەرهەنگی جوانیشی لەناو کوردەواری نەخشاندووە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان ئەوەشی گوت: ئێمە وەکو یەکێتی زانایان هەر هەنگاوێک بە گرنگ دەزانین لە چوارچێوەی ئاوێتەکردنی گیانی ئیسلامپەروەری و نەتەوەدۆستی خزمەتێک بکات و دۆخی کۆمەڵگەو بواری رۆشنبیری و هۆشیاری تاک بەرەو ئاستێکی چاکترو گەشتر ببات.